ئامارى ته‌ندروستى هه‌رێم و به‌غدا یه‌كده‌خرێت

هەواڵ / کوردستانی :: 24/07/2019‌ :: 153‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، بورهان یه‌حیا


هه‌ردوو وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى هه‌رێم و به‌غدا، ده‌ستیانكردووه‌ به‌ جێبه‌جێكردنى پڕۆژه‌ى یه‌كخستنه‌وه‌ى ئامارى وه‌زاره‌ته‌كانیان به‌شێوه‌یه‌كى تایبه‌ت، له‌ ئێستاشدا قۆناغى یه‌كه‌مى ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ كه‌ بریتیه‌ له‌ كردنه‌وه‌ى خولى راهێنانى كارمه‌ندان، ده‌ستى پێكردووه‌.

پڕۆژه‌ى یه‌كخستنى ئامارى ته‌ندروستى هه‌ردوو وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى هه‌رێم و عێراق به‌شێوه‌یه‌كه‌ كه‌ ئامارى ته‌ندروستى سه‌رجه‌م عێراق یه‌كده‌خرێت له‌ڕێگه‌ى سیستمێكى ته‌ندروستیه‌وه‌.

حه‌مزه‌ محه‌مه‌د عه‌لى، به‌رپرسى راگه‌یاندنى به‌ڕێوەبه‌راتى گشتى ته‌ندروستى پارێزگاى دهۆك به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: "له‌ ئێستادا قۆناغى یه‌كه‌مى پڕۆژه‌كه‌ ده‌ستى پێكردووه‌، كه‌ بریتیه‌ له‌ كردنه‌وه‌ى خولێك بۆ 140 كارمه‌ندى به‌شى ئامارى بنكه‌ و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ ته‌ندروستییه‌كانى پارێزگاى دهۆك، له‌ سه‌رجه‌م شار و شارۆچكه‌ و قه‌زاكانه‌وه‌ به‌شدارییان تێدا كردووه‌، فێرى ورده‌كارى به‌كارهێنانى ئه‌و سیستمه‌ ده‌كرێن كه‌ بۆ یه‌كخستنى ئاماره‌كان به‌كاردێت".

وتیشى: "ئامانجى پڕۆژه‌كه‌ بریتییه‌ له‌ كۆكردنه‌وه‌ى ئامارى سه‌رجه‌م پارێزگاكانى هه‌رێمى كوردستان و خواروو و ناوه‌ڕاستى عێراق، پاشان ره‌وانه‌كردنى بۆ وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى عێراق، تا له‌كاتى جێبه‌جێكردنى پڕۆژه‌كاندا سوودى لێوه‌ربگیرێت، له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌و ئامارانه‌ پڕۆژە ته‌ندروستییه‌كان جێبه‌جێبكرێن".

به‌رپرسى راگه‌یاندنى به‌ڕێوبه‌راتى گشتى ته‌ندروستى دهۆك ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: "به‌گوێره‌ى پڕۆژه‌كه‌ سه‌ره‌تا ئاماره‌ تۆماركراوه‌كان له‌سه‌ر كاغه‌ز رێكده‌خرێنه‌وه‌، دواتر ده‌خرێنه‌ ناو سیستمێكى ئۆنلاینه‌وه‌".

داڕشتنه‌وه‌: ئا.ح
بڵاوکردنەوە: ئارام غەفور



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure