دوو رێگەی سەرەکی قیرتاو دەکرێن

هەواڵ / ئابوری :: 24/07/2019‌ :: 2537‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، محەمەد مستەفا

کارکردن لە پڕۆژەکانی بەجووتسایدکردنی رێگەی سەرەکی چوارقوڕنە ـ دوکان و جووتسایدی رانیە ـ قەڵادزێ بەرەو قۆناغی کۆتایی دەچێت و لە ئێستاشدا کاری قیرکردنی ئەو دوو رێگە سەرەکییە دەستیپێکردووە.


بەختیار ئەحمەد، بەڕێوەبەری رێگەوبانی راپەڕین بە دواڕۆژی راگەیاند: پڕۆژەی بەجووتسایدکردنی رێگەی دەربەند ـ ژاراوە کە رێگەی سەرەکی هاتوچۆی نێوان قەزاکانی ڕانیە و پشدەرە، لە ئێستادا 80%ی کارەکانی تەواو بووە، ماوەی دوو رۆژیشە کاری قیرتاوکردنی پڕۆژەکە دەستیپێکردووە.

وتیشی: "بودجەی پڕۆژەکە بڕی 12 ملیار دینارە، هاوکات تا کۆتایی ئەمساڵی 2019، سەرجەم کارەکانی ئەو پڕۆژەیە بە کۆتا دێت و رێگەکە بە تەواوی بە رووی شۆفێران و هاووڵاتیانی ئیدارەی راپەڕیندا دەکرێتەوە".

باسی لەوەشکرد: کارکردن لە پڕۆژەی جوتسایدی رێگەی چوارقوڕنە ـ دوکان بەردەوامە و لە ئێساشدا کاری قیرتاوکردن لە قۆناغی یەکەم دەستیپێکردووە بە درێژایی 18 کیلۆمەتر و هاوکات چوار پردیش لە چوارچێوەی رێگەکەدا دروست دەکرێن.

بەختیار ئەحمەد جەختیشیکردەوە: پڕۆژەی جووتسایدی رێگەی چوارقوڕنە ـ دوکان بە سێ قۆناغ جێبەجێ دەکرێت و تائێستا 60%ی کارەکانی قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە تەواوبووە و کارکردن لە دوو قۆناغی تری پڕۆژەکەش بەردەوامە.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد

بڵاوکردنەوە: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure