ئەسیوبیا: له‌ خۆپیشاندانێكدا نزیكه‌ی 18 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا

هەواڵ / جیهان :: 23/07/2019‌ :: 171‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

له‌ خۆپیشاندانەکانی باشوری ئه‌سیوبیا به‌هۆی پێكدادانی نێوان سه‌ربازان و خۆپیشانده‌ران، نزیكه‌ی 18 هاووڵاتی كوژران كه‌ خۆپیشانده‌ره‌كان له‌ هۆزه‌كانی سیداما بوون و داوای ناوچه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ به‌خۆیان ده‌كه‌ن.


له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی (وریتا راسا) كه‌ نزیكه‌ی 30 كیلۆمه‌تر دووره‌ له‌ حواسای پایته‌ختی ئه‌و وڵاته‌، رایگه‌یاند: ته‌نیا دوێنێ دووشه‌ممه‌ 12 كه‌س به‌ گولـله‌ی سوپا كوژراون.

هاوكات چالاكوانانی هۆزه‌كانی سیداما ده‌ڵێن: "زیاتر له‌ 60 كه‌س كوژراون".

سه‌رۆكی شاره‌وانی حواسا شوكاری باس له‌وه‌ده‌كات كه‌ رۆژی هه‌ینی لانیكه‌م 150 خۆپیشانده‌ریش ده‌ستبه‌سه‌ركراون.

وڵاتی ئه‌سیوبیا له‌ نۆ ناوچه‌ی نیمچه‌ سه‌ربه‌خۆ پێكدێت كه‌ به‌پێی نه‌ته‌وه‌و هۆز دابه‌شبوون و ده‌ستوری وڵاتیش رێگه‌ی داوه‌ كه‌ هه‌ر هۆز و نه‌ته‌وه‌یه‌ك ده‌یه‌وێت كیانی سه‌ربه‌خۆی هه‌بێت، راپرسی ئه‌نجامبدات.

به‌و هۆیەوە، هۆزه‌كانی ناوچه‌ی سیداما ماوه‌یه‌كی دوور و درێژه‌ ده‌یانه‌وێت جیاببنه‌وه‌، بۆیه‌ بزوتنه‌وه‌ی سیداما ره‌زامه‌ندی ده‌ربڕیوه‌ به‌ داواكه‌یان و هه‌فته‌ی رابوردوو حكومه‌ت بڕیاریدا له‌ كۆتایی ئه‌مساڵدا ئه‌و راپرسییه‌ بكرێت.

به‌ڵام چالاكوانانی ئه‌و هۆزه‌ ناڕازین به‌ دواخستنی راپرسییه‌كه‌ و ده‌ستیان به‌ خۆپیشاندان و ئاگركردنه‌وه‌و به‌ردبارانكردنی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان كردووه‌.

ئا: ئیحسانی مه‌لا فوئاد

بڵاوکردنەوە: ئارام غەفور



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure