په‌تای کەمیی دەرمان به‌رۆكی نەخۆشخانەکان ده‌گرێت

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 23/07/2019‌ :: 252‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سەنگین خۆشناو

چەند مانگێکە لە نەخۆشخانە حکومییەکان زۆربەی ئەو دەرمانانەی پزیشک دەینووسێت لە دەرمانخانەی نەخۆشخانە حکومییەکان نییە، ئەمەش وایکردووە هاووڵاتیان لە دەرمانخانەکانی کەرتی تایبەت بیکڕن.


بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی، هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە زیاتر لە 300 ملیار دینارە بۆ دابینکردنی بەشە دەرمانی پێویست، تائێستا تەنیا 71 ملیار تەرخاندەکات و 150 بۆ 170 ملیاریش حکومەتی عێراق دابینيده‌كات.

سەرەکیترین دەرمان کە دوای نەشتەرگەریی بۆ نەخۆش بەکاردێت، چارەسەرە ئەنتیبایۆتیکى-یەکانە و لە نەخۆشخانە حکومییەکان دەستناکەوێت و دەبێت لە دەرەوە بیکڕن، نرخی هەر دەرزییەک لە 5 هەزار دیناره‌وه‌ دەستپێدەکات تا 15 هەزار دینار.

ساڵانە حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی 71 ملیار دینار بۆ کڕینی دەرمان تەرخان دەکات، جگە لەو بڕەی بەغدا دەینێرێت کە بە تەواوی ناینێرێت و تەنیا لەسەدا 40% بەشە دەرمان دەنێرێت.

ئه‌م كێشه‌یه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ بەگوێره‌ى داتاکانی وەزارەتی تەندروستی، 494 کۆمپانیای بیانی دەرمان هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکەن و سێ کارگەی بەرهەمهێنانی دەرمانیش هەن.

دکتۆر خاڵس قادر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی سەبارەت بە کێشەی کەمی دەرمان لە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان، بە دواڕۆژی راگەیاند: هێشتا کێشەی کەمی دەرمان چارەسەرنەبووە، چونکە کێشەی ئێمە ئەوەیە لە بەغداوە دەرمانی کەممان بۆ دێت، هەروەها ئەو پارەیەی لەبەردەستمانە بۆ کڕینی دەرمان کەمە و بەشناکات. زیاتر ئەو دەرمانانە دەکڕین کە زۆر پێویستن و کاریان لەسەر دەوه‌ستێت، به‌تایبەتییش هی نەخۆشییە درێژخایەنەکان، بۆیە بەشێک لە دەرمانەکانی تر جارجار کەمدەبێتەوە. بەردەوامیشین لە هەوڵی ئەوەی کە پارەمان زیاتر بدرێتێ بۆ ئەوەی بتوانین ئەو بۆشاییه‌ی لە بەغدا و لە ناردنی دەرمان دروستدەبێت پڕبکەینەوە.
                                
خاڵس قادر، ئاماژەی بەوەشکرد: حکومەتی عێراق بەردەوامە لەناردنی دەرمان بۆ هەرێمی کوردستان "بەڵام بەپێی پێویست نییە، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە هەوڵمانداوە بەغدا زیاتر هاوکارمان بێت، بە نووسراوی فەرمی داوامان لە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش کردووە کە بۆ ساڵی داهاتوو بودجەی کڕینی دەرمان زیادبکات".

بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی تەندروستی، زیاتر ئەو نەخۆشانە سەردانی نەخۆشخانە حکومییەکان دەکەن کە کەمدەرامەت و هەژارن، جگە لەو ژمارە زۆرەی ئاوارەکانی رۆژئاوای کوردستان.

نەبیل جەودەت، کە چوار ساڵە دووچاری نەخۆشیی دەروونی بووە، بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "دەفتەرم بۆ کراوە بۆ وەرگرتنی حەبەکانم کە ئەگەر رۆژێک نەیخۆم شێت دەبم، بەڵام زۆربەی جار دەچم بۆ وەرگرتنی دەرمان دەڵێن نییە! ئه‌ى بۆچی لە دەرەوە هەیە؟ هەر پارچەیەک حەبی دیپاکین کە دەستناکەوێت و بە زەحمەت دەستمدەکەوێت بە 20 هەزار دینار دەیکڕم، خۆم کرێنشینم و مانگی 300 هەزار دینار کرێم لەسەرە".

لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی کوردستان (لیژنە)یەکیان پێکهێناوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمی دەرمان لە نەخۆشخانەکان.

زانا مەلاخالید، ئەندامی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی کوردستان بە دواڕۆژی وت: "ئێمە ئاگادارکراینەوە کە نەخۆشخانەکان دەرمانیان کەمە بۆیە لیژنەیەکمان پێکهێنا و سەردانی نەخۆشخانەکانمان کرد".

بەڕێوەبەرایەتی کوالێتی کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان، هەموو ئەو دەرمانانە دەپشکنێت کە بۆ نەخۆشخانەکان یان بۆ کەرتی تایبەت هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن.

زانا مەلاخالید دەڵێت: "هۆکاری سەرەکیی کەمیی دەرمان، پشکنینی دەزگای کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمانە کە پشکنینی دەرمان زۆر دوا دەخەن، بەپێی یاسا نابێ پشکنینی دەرمان لە 30 رۆژ تێپەڕێت، بەڵام جاری وا هەیە ساڵێکی پێدەچێت کە ئەوەش ساڵێک لە تەمەنی دەرمانەکە کەمدەکاتەوە".

لە کابینەی هەشتەم بە بڕیاری نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ئەوکاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاردرا هاوردەکردنی دەرمان رێکبخرێتەوە و رێگە بە هەموو کەسێک نەدرێت دەرمان هاوردەبکات. هاوکات بۆ چارەسەرکردنی کەمیی دەرمان بڕیاری دامەزراندنی دەزگایەکی نیشتیمانی هاوردەکردنی دەرمان درا کە کەرتی گشتی و تایبەت بەیەکەوە کاری تێدا بکەن.

هەرچەندە دامه‌زراندنى دەزگای نیشتیمانی هاوردەکردنی دەرمان تەنیا بڕیارێک بوو و کاری لەسەر نەکرا، بەڵام لیژنەی تەندروستی له‌ پەرلەمانی کوردستان ناڕازیین لە بەڕێوەبردنی دەزگاکە لەلایەن کەرتی تایبەته‌وه‌ و ئه‌ندامه‌كه‌ى ئه‌و لیژنه‌یه‌ ده‌ڵێت: "دەبێت تەنیا حکومەت سەرپەرشتی بکات".

پ: ل. م



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure