تکایە پلانی ستراتیژی و درێژخایەن بۆ کێشە و ڕووداوەکانی هاتوچۆ بخەنەڕوو

هەواڵ / چاوی تۆ :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 57‌ جار بینراوە

دوو ئه‌فسه‌رى هاتوچۆ

دروستکردنی چەند نامیلکە و بانگێشتکردنی راگەیاندنەکان و سازکردنی کۆنگرەی رۆژنامەنووسی بۆ بە چاپگەیاندنی (رێنمایی هاتوچۆ-تەندروستی) کە لەلایەن کۆمپانیایەکی ناوخۆییەوە جێبەجێ کراوە، پێویستی نەدەکرد بەو شێوەیە بکرێتە بابەتی راگەیاندن. 

ئێمە لە گرنگیی پڕۆژەی هۆشیاریی هاتوچۆ کەمناکەینەوە و بەکارێکی گرنگی دەزانین و بەپێویستی دەزانین بە ئەندازەی قەبارەی خۆی گرنگیی و بایەخی پێبدرێت، ئێمە پێشتر وەکو بەشی راگەیاندنی هاتوچۆ چەندین کاری لەو جۆرە و باشترمان ئەنجامداوە، خۆسەرقاڵکردن بەو جۆرە پڕۆژانە بایەخی ئەوتۆی نییە، کاری گرنگ و جددی کە دەبێت لەمکاتەدا بکرێت بەهۆی کەمبوونەوەی کاریگەریی قەیرانی دارایی هەوڵبدەین ئەو داهاتەی کە پێشتر کۆکراوەتەوە (داهاتی هاتوچۆ) ئەو داهاتە بگێڕدرێتەوە و بۆ خزمەتکردنی شاری سلێمانی خەرج بکرێت و کۆنگرەی رۆژنامەنووسی لەسەر بابەتێکی وا ئەنجام بدرێت.

 لە چوار ساڵی رابوردوودا، واتە مانگی 3 ی ساڵی 2016 تاوەکو ئێستا، ئەو پارانەی لەهاووڵاتیان وەرگیراوە لە حەقی بەکارهێنانی رێگە، بریتی بووە لە بڕی (30.608.714.750) دینار و ئەو داهاتە کە کۆکراوەتەوە لە حەقی پیسکردنی ژینگە بریتی بووە لە بڕی (20.349.791.000) دینار، واتە بەکۆی گشتی بڕی (50.958.505.750) دینار لە هاووڵاتیان وەرگیراوە لە حەقی رێگاوبان و ژینگە. دۆخی رێگە و ژینگەی سلێمانى-یش ئەوەیە کە هەموومان دەیبینین و رۆژانە بەهۆی خراپی رێگاوبانەکان بەردەوام هاووڵاتیانی ئێمە بریندار دەبن و گیانلەدەست دەدەن.

 کاری زۆرمان کرد لە ئەنجامدان و سازکردنی ۆرکشۆپ و سیمینار و پانێڵ لەسەر کێشە و گرفتەکان و لەسەر رووداوەکانی هاتوچۆ، خەڵکانی شارەزا و خەمخۆر و چالاکوان و بەرپرسانمان بانگێشتی کاری لەو جۆرە کرد و راسپاردەکانمان خستە بەردەم لایەنی پەیوەندیدار، به‌ڵام تەنها یەک خاڵیش جێبەجێ نەکرا.

پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژیی کارکردنە بۆ چاککردنی سیستمی گواستنەوەی گشتی کە لەئێستادا شاری سلێمانی لە دۆخێکی زۆر خراپدایە، خزمەتگوزاریی بواری ئەندازەی هاتوچۆ لە ئاستێکی باشدا نییە و کاری گرنگ لەئێستادا زیندووکردنەوە و کارپێکردن و دروستکردنی ئه‌و ئەندەرپاس و بەرزە پردانەیە کە لە رابوردوودا دیزاینی بۆ کراوە بەڵام پڕۆژەکە پشتگوێ خراوە.

بۆیە کاتی ئەوە هاتووە بڵێین: بەسە..تکایە بەسە. ئەگەر کاری ستراتیژی و گرنگتان بۆ شاری سلێمانی پێ ئەنجامنادرێت تکایە خەڵک سەرقاڵ مەکەن بە پڕۆژەی لاوەکیەوە.

* تێنینی/ ئەم نووسینەمان گوازرشت لە بۆچوونمان دەکات وەکو دوو ئەفسەری هاتوچۆ، پەیوەندیی بە پێگە و پلەمانەوە نییە لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ.

مقدمی هاتوچۆ/ بەختیار محه‌مه‌د عه‌بدوڵـڵا 
رائیدی هاتوچۆ/ کاروان محه‌مه‌د سدیق  



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure