"بۆ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان هه‌مان ئامێرى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ى پێشوو به‌كارده‌هێنرێت"

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: 23/07/2019‌ :: 378‌ جار بینراوە
رزگار حاجى حه‌مه‌

دواڕۆژ، سامان قوبادى

په‌رله‌مانى عێراق 1ى نیسانى 2020ى بۆ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان دیاریكرد، كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراقیش ئاماده‌یه‌ له‌و واده‌یه‌دا هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ئه‌نجام بدات. رزگار حاجى حه‌مه‌ جێگرى سه‌رۆكى كۆمسیۆنه‌كه‌ له‌ چاوپێكه‌وتنێكى دواڕۆژدا ده‌ڵێت"به‌هه‌مان ئه‌و ئامێرانه‌ ده‌نگ ده‌درێت و ئه‌نجامه‌كان جیا ده‌كرێنه‌وه‌ كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراقدا كارى پێكرا". 

دواڕۆژ: په‌رله‌مانى عێراق 1ى نیسانى 2020ى بۆ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان دیاريكرد، كۆمسیۆن ده‌توانێت له‌و واده‌یه‌دا ئه‌نجامى بدات؟
رزگار حاجى حه‌مه‌:
بووه‌ به‌ یاسا و ئێمه‌ش پێوه‌ى پابه‌ندین، بۆیه‌ له‌و به‌رواره‌ى دانراوه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ده‌كرێت و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك دواناخرێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر كێشه‌ى سیاسییش دروست ببێت.

دواڕۆژ: ده‌وترێت هه‌مان ئه‌و ئامێرانه‌ به‌كارده‌هێنرێت كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنى پێشوو كاریان پێكراوه‌، به‌و هۆیه‌وه‌ ساخته‌كارییه‌كى به‌رچاوكرا، ده‌نگده‌ر چۆن دڵنیابێت ساخته‌كاریى ناكرێته‌وه‌؟
ڕزگار حاجى حه‌مه‌:
هه‌مان ئه‌و ئامێرى ده‌نگدان و ژماردنه‌ى له‌ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق به‌كارمان هێنا كارى پێده‌كرێته‌وه‌، هه‌روه‌ها بۆ هه‌موو وێستگه‌كان كابینه‌مان زیادكردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى كێشه‌ و گرفته‌كانى هه‌ر وێستگه‌یه‌ك له‌ رێگه‌ى كامێراوه‌ ببینین و خروقات و ساخته‌كاریى تۆماربكرێت، بۆیه‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ش به‌شێوه‌ى ئه‌لیكترۆنى ده‌كرێت، له‌ هه‌ڵبژاردنى رابوردوویش ئامێرى ده‌نگدان زۆرترین كێشه‌ و گرفتى ئاشكراكرد، رێگریى كردووه‌ له‌ ساخته‌كار بۆیه‌ دووباره‌ به‌كاریان ده‌هێنینه‌وه‌، دڵنیاییش ده‌ده‌ینه‌ هاووڵاتیان كه‌ ئامێره‌كه‌ رێگر ده‌بێت له‌ ساخته‌كاریى، چونكه‌ ئه‌وانه‌ى بایۆمه‌ترییان كردووه‌ هیچ هێزێك نییه‌ له‌ جیاتى ئه‌وان ده‌نگ بدات یان ساخته‌كاریى بكات.

دواڕۆژ: چی كراوه‌ بۆ وردبینى و پاككردنه‌وه‌ى تۆمارى ده‌نگده‌ران؟
رزگار حاجى حه‌مه‌:
لیستى ناوى ده‌نگده‌رانمان ئاماده‌كردووه‌، ناوى دووباره‌ و مردوو لابراوه‌، ژماره‌یه‌ك زۆر  ناو سڕاوه‌ته‌وه‌، ئه‌و ناوانه‌ى مردوون و له‌ رێگه‌ى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستییه‌وه‌ بۆمان نێردراوه‌ لابراون.

دواڕۆژ: ژماره‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ى مافى ده‌نگدانیان ده‌بێت له‌ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان چه‌نده‌؟ چه‌ند كه‌س بایۆمه‌تریى كردووه‌؟
رزگار حاجى حه‌مه‌:
له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا تێكرا 24 ملیۆن كه‌س مافى ده‌نگدانیان ده‌بێت، نزیكه‌ى 14 ملیۆن هاووڵاتى بایۆمه‌تریى كردووه‌، به‌رده‌وامیش ده‌بین له‌ تۆماركردنى ده‌نگده‌ران و بایۆمه‌ترى، داوا له‌ هاووڵاتییان ده‌كه‌ین سه‌ردانى ناوه‌نده‌كانى تۆماركردنى ده‌نگده‌ران بكه‌ن بۆ ئه‌نجامدانى بایۆمه‌ترى و دڵنیابوونه‌وه‌ له‌ ناوه‌كانیان.

دواڕۆژ: هه‌ر كه‌سێك بایۆمه‌تریى نه‌كات ئایا مافى ده‌نگدانى ده‌بێت؟
رزگار حاجى حه‌مه‌:
یاسا هه‌مواركراوه‌كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات، له‌ هه‌ر پارێزگایه‌ك ئه‌گه‌ر كارتى بایۆمه‌تریى گه‌یشته‌ 75% به‌كارتى بایۆمه‌تریى ده‌نگ ده‌درێت، ئه‌گه‌ر نه‌گه‌یشته‌ ئه‌و رێژه‌یه‌ به‌ كارته‌كه‌ى پێشتر ده‌توانێت ده‌نگ بدات، بۆیه‌ ئه‌و 10 ملیۆن كه‌سه‌ى تر كه‌ بایۆمه‌ترییان نه‌كردووه‌ و كارته‌ نوێكه‌یان نییه‌ به‌ كارته‌كه‌ى پێشتر، كه‌ وێنه‌ى له‌سه‌ر نییه‌، مافى ده‌نگدانیان ده‌بێت.

دواڕۆژ: ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوك بۆ 14 كورسى كه‌م كراوه‌ته‌وه‌، ئه‌م غه‌دره‌ له‌ كه‌ركوك بۆچى؟
رزگار حاجى حه‌مه‌:
وا نییه‌ و هیچ ده‌ستێكى له‌ پشه‌وه‌ نییه‌، به‌پێى داتاكانى وه‌زاره‌تى پلاندانانى عێراق و یاسا هه‌موار كراوه‌كه‌ هه‌ر پارێزگایه‌ك ژماره‌ى دانیشتوانى یه‌ك ملیۆن بێت 10 كورسى بۆ دانراوه‌، ئه‌گه‌ر له‌ ملیۆنێك زیاتر بێت بۆ هه‌ر 200 هه‌زار كه‌س كورسییه‌كى به‌رده‌كه‌وێت، ژماره‌ى دانیشتوانى كه‌ركوك یه‌ك ملیۆن و 600 هه‌زار كه‌سه‌، 13 كورسى له‌گه‌ڵ یه‌ك كورسى كۆتاى به‌رده‌كه‌وێت، بۆیه‌ غه‌درى لێنه‌كراوه‌.

دواڕۆژ: كه‌ى ده‌ست به‌ وه‌رگرتنى ناوى لیست و كاندیده‌كان ده‌كرێت؟
رزگار حاجى حه‌مه‌:
پاش ئه‌وه‌ى یاساكه‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تى كۆماره‌وه‌ ده‌نێردرێت بۆ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، به‌ فه‌رمى واده‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ راده‌گه‌یه‌نرێت، پاشان ده‌ست به‌جێبه‌جێكردنى ئه‌و خشته‌یه‌ ده‌كرێت كه‌ ئاماده‌مان كردووه‌، یه‌كه‌م هه‌نگاو پێویسته‌ حیزبه‌كان نووسراو ئاراسته‌ى كۆمسیۆن بكه‌ن بۆ به‌شداریى له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان.

دواڕۆژ: ئایا هاووڵاتی عێراقى دانیشتووى ده‌ره‌وه‌ى وڵات ده‌توانێت ده‌نگ بدات؟
رزگار حاجى حه‌مه‌:
نه‌خێر، ته‌نیا ناوخۆ ده‌نگ ده‌دات، چونكه‌ ئاماده‌كاریى بۆ نه‌كراوه‌.

دواڕۆژ: ئایا بنكه‌ى ده‌نگدان له‌ناو كه‌مپى ئاواره‌كاندا ده‌كرێته‌وه‌؟
رزگار حاجى حه‌مه‌:
هه‌موو رێكارێك گیراوه‌ته‌به‌ر بۆ تۆماركردنى ناویان و به‌شداریكردنیان له‌ ده‌نگدان، هه‌موو ئه‌وانه‌ى له‌و كه‌مپانه‌ هه‌ڵگرى كارتى ده‌نگدانن ده‌توانن ده‌نگ بده‌ن.

دواڕۆژ: تێچووى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ چه‌نده‌ و كێ دابینى ده‌كات؟
رزگار حاجى حه‌مه‌:
ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران دابینى ده‌كات، میزانیه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ئاماده‌كراوه‌ و لاى كۆمسیۆنه‌، به‌هۆى كه‌م و زیاده‌وه‌ له‌ تێچووه‌كه‌ى ناتوانرێت دیاری بكرێت چه‌ندى تێده‌چێت، ئه‌و بڕه‌ى داوامان كردووه‌ 260 ملیار دیناره‌، به‌ڵام ئه‌م بڕه‌ له‌ گۆڕاندایه‌.

دا: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure