دایکی ئەو گەنجەی لەلایەن براکەیەوە کوژرا زانیاری نوێ بۆ دواڕۆژ ئاشکرا دەکات

هەواڵ / کوردستان :: 23/07/2019‌ :: 6957‌ جار بینراوە

تاگ :: كوردستانى

دواڕۆژ، عیماد جەباری

دایکی ئەو گەنجەی چەند رۆژێک بەر لەئێستا لەلایەن براکەیەوە لەکەرکوک کوژرا، چۆنێتی رووداوەکە بۆ دواڕۆژ دەخاتەڕوو و دەڵێت: "بەبێ هیچ هۆکارێک کوڕەکەم لەلایەن براکەیەوە کوژراوە".


پێشتر دواڕۆژ لەراپۆرتێکدا وردەکاری رووداوی کوشتنەکەی محەمەدی لەلایەن براکەیەوە بڵاوکردەوە.

بەیان عەزیز دایکی (محەمەد) گەنجە کوژراوەکە بۆ دواڕۆژ ئاشکرای کرد، رۆژێک بەر لەرووداوەکە محەمەد بەهۆی کێشەیەکەوە لەکچێکی برازای داوە، براژنەکەشی لەڕێگەی تەلەفۆنەوە بابەتەکەی گەیاندوەتە (ک)ی هاوسەری کە لەگەڵ محەمەدا زڕ بران (باوکیان جیایە).

وتیشی: "بۆ بەیانییەکەی لەلایەن بوکەکەمەوە بەناوی (ن) تەلەفۆنم بۆ کرا گوایە دەیەوێت لەسەر ئەو بابەتە قسەم لەگەڵ بکات، لەبەردەم ماڵی باوکی لەنێو ئۆتۆمبێلەکەمدا لەگەڵی دانیشتبووم قسەمان دەکرد کاتێک لەلایەن (ک) کوڕە گەورەکەمەوە تەلەفۆنی بۆ کرا کە بچێتەوە ماڵ و کەلوپەلەکانی کۆبکاتەوە، دواتر تێگەیشتم کە بانگکردنی من بۆ قسەکردن لەسەر ئەو بابەتە پلان بووە بۆ دورخستنەوەی من لەماڵەوە تاوەکو محەمەد بکوژن.

دایکی محەمەد باسی لەوەشکرد: کاتێک بەرەو ماڵ چوەتەوە لەلایەن ماڵە دراوسێکانیانەوە ئاگادارکراوەتەوە محەمەد لەلایەن (ک) کوژراوە.

محەمەد لەنەخۆشخانە داوای لەدایکی کردووە ئامێری هەناسەدانەکە لەسەر دەمی لابەرێت و پێی وتوە (ک) تەقەی لێکردووە و دەمرێت، داواشیکردووە دایکی سکاڵای لەسەر تۆمار نەکات، چونکە منداڵەکانی وردن، بەیان وای وت.

محەمەد لەدوای دوو نەشتەرگەری و پێدانی 60 بوتڵ خوێن گیان لەدەستدەدات، ئەو هەموو ئاواتی ئەوە بووە ببێتە کارمەندی دژەتیرۆر، بەوتەی دایکی مامەڵەی دامەزراندنەکەی تەواو کردبوو لەچاوەڕوانی بانگهێشتکردن بووە، چونکە پلانی هەبووە لەدوای دامەزراندن کچە خۆشەویستەکەی مارە بکات کە ماوەی حەوت ساڵ پەیوەندی سۆزداریان هەبووە.

دایکی محەمەد دواتر لەزاری کەسوکارییەوە زانیوێتی کە محەمەد لەنێو خەودا بووە کاتێک برا گەورەکەی چووەتە سەری و هەڵیساندووە، زۆر پاڕاوەتەوە تاوەکو تەقەی لێنەکات بەڵێنیشیداوە کە جارێکیتر هیچ پەیوەندییەکی بەخێزانەکەیەوە نەبێت، بەڵام ئەو بەفیشەکێک جگەری بڕیوە.

بەیان حەوت منداڵی هەیە کە سێ منداڵیان پاشماوەی ئەنفالن و لەهاوسەرگیری دووەمیشی چوار منداڵی دیکەی هەیە.

محەمەد منداڵی هاوسەری دووەم بووە، باوکی جیایە لەگەڵ برا گەورەکەیدا کە تۆمەتبارە بەکوشتنی.

پێداچونەوە: ئەڤین

بڵاوکردنەوە: ئارام غەفور



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure