له‌باره‌ی هاورده‌كردنه‌وه‌ له‌خاڵه‌ سنورییه‌كان چه‌ند بڕیارێك ده‌ركرا

هەواڵ / ئابوری :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 143‌ جار بینراوە

دواڕۆژ،زریان محه‌مه‌د
له‌ ده‌روازه‌و خاڵه‌ سنورییه‌كانی پارێزگای سلێمانی مه‌رجه‌كانی سه‌لامه‌تی و پشكنین توندتر ده‌كرێنه‌وه‌ و رێگری ته‌واو له‌هاتنه‌ناوه‌وه‌ی هه‌موو جۆره‌كانی كاڵا و خواردنی  زیان به‌خش به‌تایبه‌ت مادده‌ پلاستیكیه‌كان ده‌كرێت.

 
وه‌سفی خه‌لیل، ڕاوێژكار له‌ ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی به‌ دواڕۆژی وت:"له‌دیوانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی و به‌ ئاماده‌بونی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوان به‌سه‌ر په‌رشتی قائیمقامی سلێمانی به‌ڕێوه‌چوو , ئامانج له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ توندكردنی رێوشوێنه‌كانی پشكنین و مه‌رجه‌كانی سه‌لامه‌تی و ئه‌و رێكاره‌ یاساییانه‌یه‌ كه‌ له‌ ده‌روازه‌و خاڵه‌ سنورییه‌كان له‌كاتی هاتنه‌ناوه‌وه‌ی كاڵاو شتومه‌ك ده‌گیرێته‌به‌ ".

ڕاشیگه‌یاند" هاتنه‌ناوه‌وه‌ی هه‌ندێك مه‌وادی زیان به‌خش وه‌ك پلاستیك و نایلۆن زیان به‌ ژینگه‌و ته‌ندروستی هاووڵاتیان ده‌گه‌یه‌نێت و پێویسته‌ به‌ر له‌ هاتنه‌ناوه‌وه‌ی ئه‌و مه‌وادانه‌ له‌ خاڵه‌ سنورییه‌كانی رێگری لێبكرێت".

ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕیار دراكه‌ ده‌بێت رێكار و رێشوێنه‌كانی پشكنین توندتر بكرێنه‌وه‌ و رێگری له‌ هه‌موو ئه‌و مه‌واد و كاڵایانه‌ بكرێت كه‌ ده‌بێته‌ هۆی زیان گه‌یاندن به‌ ته‌ندروستی هاووڵاتیان". 

 به‌ وته‌ى ئه‌و ڕاوێژكاره‌ بڕیاره‌كان بریتی بوون له‌:
1-له‌ ده‌روازه‌وخاڵه‌ سنورییه‌كان رێگری ته‌واو له‌ هاتنه‌ناوه‌وه‌ی هه‌موو جۆره‌ كاڵاو شتومه‌كێكی زیان به‌خش بكرێت به‌ تایبه‌ت پلاستیك و نایلۆنی زیان به‌خش.

2-ئه‌و مادده‌ پلاستیك و نایلۆنانه‌ كه‌ له‌ خاڵه‌ سنورییه‌كانه‌وه‌ هاورده‌ ده‌كرێت پێویسته‌ مه‌رجه‌كانی كوالێتی كۆنتڕۆڵی تێدا بێت.

3-رێكار و مه‌رجه‌كانی پشكنین له‌ خاڵه‌ سنورییه‌كان توندتر بكرێنه‌وه‌ به‌ ئامانجی پاراستنی ته‌ندروستی هاووڵاتیان.

4-له‌ چوارچێوه‌ی یاساو رێنماییه‌كان له‌ خاڵه‌ سنورییه‌كان هاوكاری و كارئاسانی پێویست پێشكه‌ش به‌ بازرگان و سه‌رمایه‌داران بكرێت.

5-لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌ هه‌ماهه‌نگی و په‌یوه‌ندی به‌رده‌وامدا ده‌بن بۆ ئه‌وه‌ی گرفت و كه‌موكورتییه‌كان ده‌ستبه‌جێ چاره‌سه‌ر بكرێن .

6-ئه‌و كارگانه‌ی كه‌ له‌ناوخۆی پارێزگای سلێمانی سه‌تڵی پلاستیك دروست ده‌كه‌ن پابه‌ند ده‌كرێن به‌ مه‌رجه‌كانی كواڵیتی و ته‌ندروستی و  هه‌ر كارگه‌یه‌ك مۆڵه‌تی نه‌بێت یان مه‌وادی زیان به‌خش به‌رهه‌م بهێنێت رووبه‌ڕووی سزای توند ده‌بێته‌وه‌.
7-پێویسته‌ كارگه‌كانی ئاوی خواردنه‌وه‌ ئه‌و ده‌بانه‌ی كه‌ به‌كاریده‌هێنن له‌مه‌وادی سه‌ره‌تایی دروست بكرێن و مه‌وادی ریسایكلین نه‌بن له‌كانی گواستنه‌وه‌شدا داپۆشراوبێت و له‌ به‌ر تیشكی خۆر نه‌گوازرێنه‌وه‌ .
 پێداچونه‌وه‌:هـ.ق



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure