لە بودجەی ساڵی 2020 کێشە بۆ هەرێمی کوردستان دروست دەبێت

هەواڵ / ئابوری :: 22/07/2019‌ :: 188‌ جار بینراوە

تاگ :: بودجه‌

دواڕۆژ، راپۆرتی سەنگین خۆشناو

لەسەرەتای مانگی ئایاری ئەمساڵەوە، حکومەتی عێراق کار بۆ بودجەی ساڵی 2020 دەکات، بەڵام ئەمجارە جیاواز لە ساڵانی رابوردوو لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیش بەشدار دەبێت لە ئامادەکردنی. پەرلەمانتارێکیش دەڵێت: "ئەگەر حکومەت 250 هەزار بەرمیل نەوتەکە رادەست نەکات، جارێکیتر کێشە بۆ بودجەی هەرێم دروست دەبێت".


دکتۆر ئەحمەد سەفار، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بەدواڕۆژی راگەیاند: جاری یەکەمە سێ کەس لە ئەندامانی لیژنەکەمان بەشداری کۆبوونەوەکانی تایبەت بە داڕشتنەوەی بودجەی ساڵی 2020 دەکات.

وتیشی: "ئەمجارە گۆڕانکاری زۆر لە بودجە دەکرێت بەوپێیەی ساڵانی رابوردوو بودجە تەنیا بۆ خەرجکردن بووە نەک وەبەرهێنان و دەرفەتی کار و خزمەتگوزاری، ئەمە جگە لەوەی نرخی بەرمیلێک نەوت بە 56 دۆلار خەمڵێندراوە، ئێستا هەر بەرمیلێک 16 دۆلار گرانتر بووە بۆیە ئەوەش گۆڕانکاری تێدا دەکرێت، لیژنەیەکیش بۆ ئەوە پێکهێندراوە".

ئەحمەد سەفار ئەوەی خستەڕوو: خۆی تا مانگی 10 کارەکانی بودجەی 2020 تەواو دەبێت و دەگاتە پەرلەمان دڵنیاشم کێشەی نابێت و پەسەند دەکرێت.

لەبارەی رێککەوتنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەدا: بەهۆی پابەندنەبوونی هەرێمی کوردستان بەڕادەستکردنی بڕی پێویستی نەوت، ئێستا سەرجەم کوتلەکانی پەرلەمان ناڕەزایەتیان هەیە لەسەر پشکی هەرێم، بۆیە چاوەڕێی هاتنی وەفدی هەرێمین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.

لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەمەبەستی پیشاندانی نیازپاکی، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدایان کرد، بەڵام بۆ چارەسەری ریشەیی پێویستیان بە دانیشتنی زیاترە.

جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "شاندی حکومەت نیازپاکی خۆی پیشانداوە و بەمنزیکانە کۆبوونەوەی دیکەمان دەبێت بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە هەڵپسێردراوەکانی نێوانمان".

سەبارەت بە بەشە بودجەی هەرێم و رادەستکردنی نەوت بۆ بەغدا، جوتیار عادل رایگەیاند: جارێکی دیکە شاندی هەرێم دەچێتەوە بەغدا و بەجدی قسە لەسەر بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان و نەوت دەکرێت، بەڵێنەکان تەنیا لەسەر کاغەز نابێت بەڵکو بە دڵنیایی هەرێمی کوردستان پابەندی رێککەوتنەکان دەبێت.

سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەران، وتەبێژەکەی حکومەتی هەرێم دەشڵێت: "هەرچەندە بڕەکە دیار نییە و ئێمە لیژنەیەکمان پێکهێناوە بۆ بەدواداچوون بۆ ئەو پارانەی کە بەغدا قەرزداری فەرمانبەرانی حکومەتە کە دەبێ بگەڕێندرێتەوە بۆیە لە سەردانیکردنمان بۆ بەغدا ئەو کێشانەش چارەسەردەکرێن".

پەرلەمانتارێکی پەرلەمانی کوردستانیش باس لەوەدەکات، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، پێویستە حکومەت ئەو 250 هەزار بەرمیل نەوتە رادەستی بەغدا بکات کە لەسەری رێککەوتووە، ئەگەر نا جارێکیتر کێشە بۆ بودجەی هەرێم دروست دەبێتەوە.

شێرکۆ جەودەت، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکگرتوو بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "لە خولی پێشووی پەرلەمانیش ئێمە زۆر هەوڵماندا بزانین هەرێمی کوردستان چەند نەوت بەرهەم دەهێنێت و داهاتەکەی چەندە و چی لێدێت بەڵام حکومەت بە ناڕونی کاری کردووە، بەبیانوی شەڕی داعش پڕۆژە یاسای بودجەی نەهێنایە پەرلەمان".

دەشڵێت: "ئەگەر حکومەتی نوێ دەیەوێت کێشەکانی لەگەڵ بەغدا چارەسەربکات ئەوا دەبێ بڕی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە رادەستی بەغدا بکات و پابەند بێت،  بۆئەوەی لە بودجەی ساڵی داهاتوو خەڵک دووبارە تووشی قەیران و نەهامەتی نەبنەوە، ئێمەش لەگەڵ پەرلەمانتارانی بەغدا لەسەر هێڵین تا ئەو کێشانە چارەسەربکرێن".

شێرکۆ جەودەت ئاماژەی بەوەشدا: ئێمە بۆ ساڵی داهاتوو لە ئێستاوە داوامان لە حکومەت کردووە کە بەپێی یاسا دەبێت پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2020 هەرێمی کوردستانیش تا مانگی 10 بگاتە پەرلەمان.

پ: ن.ر



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure