توركیا هه‌ڕه‌شه‌ لە ئه‌مریكا ده‌كات

هەواڵ / جیهان :: 22/07/2019‌ :: 362‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا رایده‌گه‌یه‌نێت: حكومه‌ته‌كه‌یان ئاماده‌یه‌ وه‌ڵامی هه‌ر سزایه‌كی ئه‌مریكا بداته‌وه‌ له‌سه‌ر كڕینی سیستمی به‌رگری رووسی (S-400).


مه‌ولود چاوشئۆغڵۆ، وه‌زیری كاروباری ده‌ره‌وه‌ی توركیا له‌ چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی (TGRT)ى توركى رایگه‌یاند: دۆناڵد ترامپ نایه‌وێت سزا له‌سه‌ر توركیا دابنێت.

توركیا له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌دا ده‌ستیكردووه‌ به‌ وه‌رگرتنی پارچه‌كانی سیستمی به‌رگری رووسی (S-400)، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مریكا ئاگاداریكردووه‌ له‌ نه‌كڕینى، چونكه‌ رێكناكه‌وێت له‌گه‌ڵ (ناتۆ) و مه‌ترسی له‌سه‌ر پڕۆگرامی فڕۆكه‌ی شه‌ڕكه‌ری ئه‌مریكی له‌ جۆری (F-35) دروستده‌كات.

به‌ڵام چاوشئۆغڵۆ ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا هه‌ر هه‌نگاوێكی زیاتر بگرێته‌به‌ر و سزا له‌سه‌ر توركیا دابنێت، ئه‌وا بێگومان وه‌ڵامیان ده‌بێت بۆی".

بڕیاره‌ سبه‌ى ئه‌نجومه‌نى پیرانى ئه‌مریكا بۆ تاوتوێكردنى سه‌پاندنى سزا به‌سه‌ر توركیادا كۆببێته‌وه‌، به‌پێى رۆژنامه‌ى (واشنتۆن پۆست) واده‌ى كۆبونه‌وه‌كه‌ دوپاتكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ بڕیاره‌ له‌ كاتژمێر 7ى ئێواره‌ى رۆژى سێشه‌ممه‌ به‌ڕێوه‌بچێت و ته‌نیا تایبه‌ت ده‌بێت به‌ "سزادانى توركیا".

پێشتر ئاژانسی بلۆمبێرگ-ی ئەمریكی لەراپۆرتێكدا باسی ئەوەی كردبوو كە بەپێی دەستوری ئەمریكا واشنتۆن دەتوانێت لانیكەم 12 جۆر سزا بەسەر توركیادا بسەپێنێت، ئەگەر ئەنقەرە بەردەوام بێت لە هێنانی سیستمی بەرگریی مووشەكی S-400.

دوو هه‌فته‌ له‌مه‌وبه‌ر وه‌زاره‌تی به‌رگریی توركیا رایگەیاند: قۆناغی یه‌كه‌می گواستنه‌وه‌ی پێداویستییه‌كانی سیستمی به‌رگریی مووشه‌كیی و ئاسمانیی S-400 بۆ بنكه‌ی ئاسمانیی مورته‌د لە ئه‌نقه‌ره‌، ده‌ستیپێكردووه‌.

و: كێوان
داڕشتنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف

بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure