ئەمڕۆ 16 ساڵە عوده‌ى و قوسه‌ى سه‌دام حسێن کوژراون

هەواڵ / عێراق :: 22/07/2019‌ :: 2171‌ جار بینراوە
عوده‌ى و قوسه‌ى

تاگ :: عێراق

دواڕۆژ

له‌ 22ى ته‌مموزى 2003، نزیكه‌ى 200 سه‌ربازى ئه‌مریكى هێرشیان كرده‌سه‌ر ئه‌و ماڵه‌ى له‌ موسڵ عوده‌ى و قوسه‌ى كوڕانى سه‌دام حسێن خۆیان حه‌شاردابوو، شه‌ڕێكى چوار كاتژمێرى به‌ كۆتاییهێنانى ژیان و ده‌سه‌ڵاتى نه‌وه‌ و كوڕه‌كانى سه‌دام كۆتاییهات.


سێ مانگ پێش ئه‌و رووداوه‌ شه‌ڕى هێزه‌كانى ئه‌مریكا له‌ عێراق بۆ كۆتاییهێنان به‌ رژێمه‌كه‌ى سه‌دام حسێن سه‌ركه‌وتنى به‌ده‌ستهێنا و هێز و ده‌سه‌ڵاتى به‌عس له‌ ته‌واوى شاره‌كانى وڵاتدا راماڵدرا.

شه‌ڕه‌كه‌ له‌ 20ى ئازارى 2003 به‌ سه‌رۆكایه‌تى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان و به‌شدارى بریتانیا و ژماره‌یه‌ك له‌ وڵاتانى تر ده‌ستیپێكرد، ئه‌گه‌رچى ده‌سه‌ڵاتى به‌عس كۆتاییهات، به‌ڵام هێشتا چاره‌نووسى سه‌دام و كوڕه‌كانى و به‌رپرسانى رژێمه‌كه‌ى به‌هۆى خۆحه‌شاردانیانه‌وه‌ نادیاربوو، هه‌ربۆیه‌ ئه‌مریكا بۆ ده‌ستگیركردنیان بڕه‌ پاره‌یه‌كى زۆری ته‌رخانكرد بۆ هه‌ر كه‌سێك كه‌ زانیاریان له‌سه‌ر بداته‌ ئه‌و هێزانه‌.

له‌دواى كه‌وتنى به‌غدا، عوده‌ى و قوسه‌ى له‌گه‌ڵ مسته‌فاى كوڕى قوسه‌ى و چه‌ند كه‌سێك به‌ره‌و سووریا هه‌ڵاتن، به‌ڵام حكومه‌تى دیمه‌شق ئاگاداری كردبوونه‌وه‌ كه‌ خاكه‌كه‌ى به‌جێبهێڵن، بۆیه‌ ناچار عوده‌ى و قوسه‌ى ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ عێراق و له‌ موسڵ روو له‌ ماڵى نه‌واف ئه‌لزیدان ده‌كه‌ن.

نه‌واف ئه‌لزێدان یه‌كێك بوو له‌ كه‌سه‌ باوه‌ڕپێكراوه‌كانى سه‌دام، بۆیه‌ ماڵى خۆى بۆ عوده‌ى و قوسه‌ى و مسته‌فاى كوڕى قوسه‌ى كرده‌ په‌نا و حه‌شارگه‌، به‌ڵام دواجار هه‌ر خۆى شوێنه‌كه‌یانى بۆ ئه‌مریكییه‌كانى ئاشكراكرد.

شێخ تاهیر جبورى، دراوسێی نه‌واف ده‌ڵێت: له‌ به‌یانى رۆژى 21ى ته‌مموز نه‌واف ئه‌لزێدان سه‌ردانى ده‌یڤید پترایۆس به‌رپرسى هێزه‌كانى ئه‌مریكای كردبوو له‌ موسڵ تا شوێنى عوده‌ى و قوسه‌ى ئاشكرا بكات، بۆ رۆژى دواتر و له‌ 22ى ته‌مموز هێزێكى سه‌ربازى ئه‌مریكى سه‌ر به‌ تیمی 101 گه‌یشتنه‌ نزیك ماڵه‌كه‌ و پاش خۆبه‌ده‌سته‌وه‌نه‌دانى كوڕه‌كانى سه‌دام، شه‌ڕ به‌ چه‌كى جۆراوجۆر له‌نێوانیاندا ده‌ستیپێكرد.

دواى رووبه‌رووبونه‌وه‌یه‌كى چه‌ند كاتژمێریی، هه‌ردوو كوڕه‌كه‌ى سه‌دام حسێن (عوده‌ى و قوسه‌ى) له‌گه‌ڵ مسته‌فاى كوڕى قوسه‌ى كوژران.

شێخ تاهیر ده‌ڵێت: "دواجار بیستمان كه‌ نه‌واف 30 ملیۆن دولارى وه‌رگرت وه‌ك پاداشت بۆ ئاشكراكردنى شوێنى عوده‌ى و قوسه‌ى. 

له‌ هه‌مان ساڵ و له‌ به‌ره‌به‌یانێكى كانونى یه‌كه‌مدا سه‌دام حسێن له‌نێو حه‌شارگه‌یه‌كى بچوكدا ده‌ستگیركرا و ده‌سه‌ڵاتى خوێنڕێژانه‌ى سه‌دام و كوڕه‌كانى بۆ هه‌تایه‌ له‌ عێراق كۆتایى پێهات.

ئا: شیروان شه‌ریف

بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure