"پاره‌ بۆ خزمه‌تگوزارییه‌كانى سه‌دان پڕۆژه‌ى نیشته‌جێبوون ته‌رخانكرا"

هەواڵ / کوردستان :: 22/07/2019‌ :: 285‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

به‌رپرسێكى وه‌زاره‌تى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و نیشتەجێکردن رایده‌گه‌یه‌نێت: حكومه‌تى هه‌رێم بڕیاریداوه‌ به‌ خه‌رجكردنى پاره‌ بۆ ته‌واوكردنى خزمه‌تگوزارییه‌كانى 696 یه‌كه‌ى نیشته‌جێبوون له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌ك و ئه‌وه‌ش روونده‌كاته‌وه‌ كه‌ دواى ته‌واوكردنیان به‌ قیستى درێژخایه‌ن و به‌بێ زیاده‌خستنه‌سه‌ر دابه‌شده‌كرێن.


ئاگرین عەبدوڵڵا، بریكاری وەزارەتی ئاودانكردنەوەو نیشتەجێکردنی هەرێم (ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 22ى ته‌مموزى 2019) به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: حكومه‌تى هه‌رێم بڕیاریداوە به‌ ته‌رخانكردنى پاره‌ بۆ ته‌واوكردنى خزمه‌تگوزارییه‌كانى (ئاو، كاره‌با، خوێندنگاو بنكه‌ى ته‌ندروستى) بۆ 696 یه‌كه‌ى نیشته‌جێبوون كه‌ به‌هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه‌ كاركردنیان وه‌ستابوو.

رونیشیكرده‌وه‌: له‌ قه‌ڵادزێ و هه‌ڵه‌بجه‌ و سۆران 300 یه‌كه‌ى نیشته‌جێبوون و لە سه‌نته‌رى قەزای بنەسڵاوەی هه‌ولێریش 396 یەكەی نیشتەجێوون له‌ماوه‌یه‌كى نزیكدا خزمه‌تگوزارییه‌كانیان بۆ ته‌واوده‌كرێت و دواتر دابه‌شده‌كرێن.

به‌پێى ئه‌و مه‌رجانه‌ى وه‌زاره‌تى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ دایڕشتووه‌، یه‌كه‌كان به‌ قیستی 25 ساڵ و بەبێ وەرگرتنی پارەی زەوی و زیادە خستنەسەر دەدرێته‌ هاووڵاتیان، به‌ڵام نابێت ئه‌و كه‌سه‌ى یه‌كه‌كانیان پێده‌درێت هیچ موڵكێك دیكه‌ى به‌ناوبێت، هه‌روه‌ها نابێت هیچ مووچه‌یه‌كیان له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ هه‌بووبێت و ناشبێت پێشتر به‌ وه‌رگرتنى زه‌وى، خانوو یان هه‌ر شێوازێكى دیكه‌ له‌ حكومه‌ت سوودمه‌ند بووبێت.

له‌باره‌ى ته‌واوكردنى 300 یه‌كه‌ى نیشته‌جێبوونى قه‌زاى رواندوز و 108 یه‌كه‌ى قه‌زاى كۆیه‌، ئه‌و به‌رپرسه‌ى وه‌زاره‌تى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ وتى: "به‌هۆى قه‌یرانه‌وه‌ پڕۆژه‌كان له‌هه‌ردوو قه‌زاكه‌ راگیراون، داوایانكردووه‌ پاره‌ى كاش ته‌رخانبكرێت بۆ هه‌ردوو پڕۆژه‌كه‌، به‌ڵام تائێستا له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ وه‌ڵامیان نه‌دراوه‌ته‌وه‌".

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف

بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە