سەردانی رۆژنامەنووسانی عەرەب بۆ ئیسرائیل لەعێراق کاردانەوەی لێکەوتەوە

هەواڵ / عێراق :: 22/07/2019‌ :: 136‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، به‌غدا

سه‌ردانى شاندى رۆژنامه‌نووسانى عه‌ره‌ب بۆ ئیسرائیل، وه‌ك وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئەو وڵاتە باسى لێوه‌كردووه‌ كه‌ گوايه‌ ئه‌ندامانى ئه‌و شانده‌ رۆژنامه‌نووسانى عێراقيشى تيادايه‌، له‌ناوخۆى عێراقدا هه‌رايه‌كى ميديايى و سياسى به‌دواى خۆيدا هێنا، له‌سه‌ر ئاستى رەسمى و شه‌قامى عێراقى ئه‌و سه‌ردانه‌ ره‌تده‌كرێته‌وه‌.


به‌پێى به‌ياننامه‌يه‌كى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئيسرائيل كه‌ ميديا عه‌ره‌بى و جيهانييه‌كان بڵاويانكرده‌وه‌: شاندێكى رۆژنامه‌نووسانى عه‌ره‌بى و جيهانى له‌ ته‌لئه‌بيبى پايته‌ختى ئیسرائیلن، ئه‌و شانده‌ رۆژنامه‌نووسانى سعودى و ئيماراتى و ميسرى و عێراقيشى تيادايه‌، سه‌ردانى قودس و حه‌يفا و چه‌ندين شوێنى پيرۆز و كنێست ده‌كه‌ن و له‌گه‌ڵ به‌رپرسان و نوخبه‌ى سياسى و رۆشنبيريدا كۆده‌بنه‌وه‌.

له‌و باره‌یەوه‌ كازم ته‌كليف، سه‌رۆكى ليژنه‌ى به‌دواداچوون له‌ سه‌نديكاى رۆژنامه‌نووسانى عێراق، به‌دواڕۆژى راگه‌ياند: سه‌رله‌به‌رى ئه‌و هه‌واڵه‌ ره‌تده‌كه‌ينه‌وه‌، سه‌نديكا سه‌ركۆنه‌ى ئه‌و سه‌ردان و په‌يوه‌ندييانه‌ ده‌كات، هيچ په‌يوه‌ندى به‌ سه‌نديكاوه‌ نييه‌، له‌و باره‌یەشه‌وه‌ سه‌نديكا به‌ياننامه‌يه‌كى توندى ده‌كردووه‌، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى ناوى عێراق له‌و نێوه‌نده‌دا هێنراوه‌، هه‌ندێك خه‌ڵكى قين له‌دڵ ويستوويانه‌ به‌مه‌به‌ست ناوى عێراق بهێنن.

ئايدن كۆهين، رۆژنامه‌نووس و چاودێرى سياسى ئيسرائيلى له‌ تويتێكدا له‌ تويته‌ر ده‌ڵێت: "ليستى ناوى ئه‌و رۆژنامه‌نووسانه‌ و شوێنى كاركردنيانم لايه‌، به‌ڵام بۆ پاراستنى سه‌لامه‌تى و پاراستنى گيانيان ناوى كه‌س ناهێنين، رۆژنامه‌نووسێكى ديارى سعوديه‌شيان تيادايه‌".

هاوكات عه‌بدولحه‌ميد حه‌كيم به‌ڕێوه‌به‌رى سه‌نته‌رى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست بۆ توێژینه‌وه‌ى سياسى و ستراتيژى و ياسايى ده‌ڵێت: "سه‌ردانيكردنى سعودييه‌كان بۆ ته‌لئه‌بيب، بۆ من ده‌ستكه‌وتێكه‌ به‌ده‌ستم هێنابێت، له‌وه‌ته‌ى سه‌ردانى ئيسرائيلم كردووه‌، بۆ شكاندنى ئه‌و ميراته‌ هه‌ڵه‌يه‌ى له‌ بوغزاندنى يه‌هودييه‌كان له‌ كۆمه‌ڵگەدا هەیە تێدەکۆشم".

هه‌روه‌ك سه‌نديكاى رۆژنامه‌نووسانى فه‌ڵه‌ستينى سه‌ركۆنه‌ى ئه‌و سه‌ردانه‌ى رۆژنامه‌نووسانى عه‌ره‌بى كرد، به‌تاوان هه‌ژماری كرد كه‌ له‌گه‌ڵ ئاڕاسته‌ى گشتى رۆژنامه‌نووسانى عه‌ره‌بدا ناگونجێت.

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure