هێزێکی ئەمریکی ناوچەیەكی هەستیاری عێراقی چۆڵكرد

هەواڵ / عێراق :: 22/07/2019‌ :: 222‌ جار بینراوە

دواڕۆژ


بەرپرسێكی باڵای ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار رایگەیاند: "ئەو هێزە ئەمریكییەی پێشتر لەناوچەیەكی شاری رومادی جێگیر بوون، بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو كشاونەتەوە".


کەریم هیلال کەربولی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار ئاشکرای کردووە: ئەو هێزە ئەمریکییەی لە ناوچەی رەتبە جێگیر کرابوون، لە ناكاو لەگەڵ ئەو فەوجە تەکنیکییەی سەر بە فەرماندەیی پۆلیسی ئەنبار بوون، پاشەکشەیان کرد.
 
ناوبراو وتیشی: "تاوەکو ئێستا بەڕەسمی هۆکاری ئەو پاشەکشەکردنە رانەگەیەندراوە".
  
وتیشی: "دوای پاشەکشەکردنی هێزە ئەمریکییەکان، رێکخراوی داعش بڵاوکراوەیان لە رەتبە دابەش کردووە بەسەر دانیشتوانی ئەو ناوچەیە و هەڕەشەی ئەوەیان لێکراوە کە پێویستە یارمەتییان بدەن تاوەکو لەو ناوچەیە شانە نوستووەکانیان بڵاوە پێبکەن".

كەربولی داوای لە سەرۆک وەزیرانی عێراق كرد بەزووترین کات ئەو بۆشاییە ئەمنییە پڕ بکاتەوە، بە پێچەوانەوە ناوچەکە دووچاری مەترسییەکی گەورە دەبێت و ئۆباڵەکەشی دەکەوێتە سەر لێپرسراوانی ئەمنی و وەزارەتی بەرگری عێراق.
 
ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو: کە هۆکاری پاشەکشەکردنی فەوجە تەکنیکییە عێراقییەكە دەگەڕێتەوە بۆ پاشەکشێی هێزە ئەمریکییەکان، چونکە ئەو فەوجە بێ پاڵپشتی فڕۆکەکانی ئەمریکا و زانیارییە هەواڵگرییەکان، ناتوانێت بەتەنیا ئەرکی پاراستنی ئەو ناوچە بیابانییە بگرێتە ئەستۆ.
 
وە: ئاکۆ زەنگەنە
پێداچوونەوە: ئارام غەفور



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure