لە هەرێم بە ١٠ پیاو دەستدرێژی دەکەنە سەر ژنێک

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 22/07/2019‌ :: 41749‌ جار بینراوە

تاگ :: ڕاپۆرت

دواڕۆژ، راپۆرتى هانا چۆمانى

لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانى هه‌رێمى كوردستان، پزیشکێک نەخۆشێكی کچ رەوانەی لای ئێشکگرەکەی کردووە، به‌مه‌به‌ستى وه‌رگرتنى چاره‌سه‌ر، به‌ڵام كچه‌كه‌ بەگریانه‌وه‌ هاتووه‌تە دەرەوە لە ژوورەکەی و و ئاشكرایكردووه‌: گێچەڵی سێکسی پێکردووە و داوای ژماره‌ تەلەفۆنی لێکردووه‌.

له‌ یه‌كێك له‌ كه‌مپه‌كانى په‌نابه‌رانیش له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ ماوه‌ى رابوردوودا رێكخراوێك خزمه‌تگوزارى بردووه‌ بۆ ئاواره‌كان. به‌شێك له‌و هاوكارییه‌ى كه‌ بردوویه‌تى بریتیبووه‌ له‌ (لایتى شه‌حن)، به‌ڵام مه‌رجى داناوه‌ كه‌ ته‌نیا ده‌یبه‌خشێته‌ ئه‌و ژنانه‌ى كه‌ هاوسه‌ره‌كانیان له‌ده‌ستداوه‌ و ئه‌و كچانه‌ى كه‌ هاوسه‌رگیرییان نه‌كردووه‌، ئه‌و كه‌سانه‌شى كه‌ لایته‌كه‌یان دابه‌شكردووه‌ به‌جیا به‌ ژن و كچه‌كانیان راگه‌یاندووه‌: "پێویسته‌ له‌ كاتژمێر 9:00ى شه‌ودا لایته‌كه‌ بكه‌نه‌وه‌ و تاقى بكه‌نه‌وه‌ تاوه‌كو له‌ باشى جۆریه‌تیه‌كه‌ و كاركردنى دڵنیا ببنه‌وه‌". له‌دواى به‌دواداچونكردن بۆ بابه‌ته‌كه‌ ده‌ركه‌وتووه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ى ئه‌و كاره‌یان كردووه‌ "مه‌به‌ستیان بووه‌ بزانن ماڵی ئه‌و ژنانه‌ كامانه‌ن كه‌ هاوسه‌ره‌كانیان له‌ده‌ستداوه‌ و ئه‌و كچانه‌ش كامانه‌ن كه‌ هاوسه‌رگیرییان نه‌كردووه‌". پاش لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كیش ده‌ركه‌وتووه‌ "زۆرینه‌ى ئه‌و كچ و ژنانه‌ى كه‌ گێچه‌ڵى سێكیسان پێ كراوه‌ ئه‌و كه‌سانه‌بوون كه‌ ئه‌و لایته‌یان وه‌رگرتووه‌".

له‌ یه‌كێك له‌ شاره‌كانى هه‌رێمى كوردستانیش 10 پیاو ده‌ستدرێژى به‌ كۆمه‌ڵده‌كه‌نه‌ سه‌ر ژنێك و به‌جێیده‌هێڵن، له‌ ئێستادا ئه‌و ژنه‌ له‌ دۆخێكى ده‌رونى خراپدایه‌.

ئه‌م سێ چیرۆكه‌ى سه‌ره‌وه‌ نمونه‌ى چیرۆکی سه‌دان كچ و ژنى هه‌رێمى كوردستانن كه‌ رۆژانه‌ له‌ شوێنى كار، له‌ ناو هۆكاره‌كانى گواستنه‌وه‌ى گشتى، له‌ زانكۆ و له‌ بازاڕ....هتد، گێچه‌ڵى سێكیان پێ ده‌كرێت.

به‌پێى راپرسییه‌ك كه‌ له‌لایه‌ن رێكخراوى (مه‌سه‌له‌)وه‌ ئه‌نجامدراوه‌، له‌باره‌ى (ئه‌نجامدانى گێچه‌ڵى سێكسى) به‌ كچان و ژنان، 300 ژن له‌ پێگه‌ و شوێنى جیاواز به‌شدارییان تێداكردووه‌، ده‌ركه‌وتووه‌ "79% كچان و ژنانى هه‌رێمى كوردستان له‌ ده‌ره‌وه‌ى ماڵه‌كانى خۆیان رۆژانه‌ گێچه‌ڵى سێكسیان پێ ده‌كرێت.

له‌ ئه‌نجامى ئه‌و راپرسییه‌ ئه‌وه‌ش ده‌ركه‌وتووه‌ "به‌شێك له‌ كچانەی له‌ ناوه‌نده‌كانى خوێندن رووبه‌ڕووى گێچه‌ڵى سێكسى ده‌بنه‌وه‌، چونكه‌ 7%ى ئه‌و كچانه‌ى كه‌ به‌شدارییان له‌ راپرسییه‌كه‌دا كردووه‌، له‌لایه‌ن هاوپۆل و هاوڕێ كوڕه‌كانیانه‌وه‌ گێچه‌ڵیان پێكراوه‌، 4%ى له‌لایه‌ن خزم و كه‌سوكاریان گێچه‌ڵیان پێكراوه‌، 4.5% یان له‌لایه‌ن رێكخراوه‌كانى قوتابیان و خوێندكارانه‌وە گێچه‌ڵیان پێكراوه‌، 3% یان له‌لایه‌ن مامۆستاكانیانه‌وه‌ گێچه‌ڵیان پێكراوه‌".

له‌ ده‌ره‌نجامى ئه‌و ئاماره‌ى كه‌ له‌ راپرسییه‌كه‌دا ده‌ست رێكخراوى مه‌سه‌له‌ كه‌وتووه‌ ئه‌و رێكخراوه‌ له‌ ئێستادا سه‌رقاڵى داڕشتنى پڕۆژه‌یه‌كه‌ بۆ راهێنانى كچان و ژنانى هه‌رێمى كوردستان به‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئه‌و گێچه‌ڵانه‌.

هاوژین محەمەد، رێکخەری پڕۆژی ژنان لە رێکخراوی (مەسەلە) بە دواڕۆژی راگەیاند: "له‌ ئێستادا سه‌رقاڵى داڕشتنى پڕۆژه‌یه‌كین، بۆ راهێنانى كچان و ژنان بۆ ئه‌وه‌ى له‌كاتى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى گێچه‌ڵى سێكسى نه‌ترسن و داموده‌زگا تایبه‌تمه‌نده‌كانى لێ ئاگاداربكه‌نه‌وه‌، به‌ تایبه‌تیش په‌یوه‌ندی به‌ ژماره‌ 119ه‌وه‌ بكه‌ن كه‌ هێڵى گه‌رمى به‌رەنگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژییه‌".

وتیشى: "کۆمەڵێک بەڵگە و داتا لای ئێمە هەیە کە زۆربەی گێچەڵ و دەستدرێژی لەلایەن شۆفیرانی تاکسی، پاسەکانی هاتووچۆی خوێندکارانی کچ دەکرێت، جگە لەوەی لەهەندێک شوێن سود لە کار و پۆست و پلە وەردەگیرێت".

رێکخەری پڕۆژی ژنان لە رێکخراوی (مەسەلە) ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: "بۆ ئەمساڵ لەگەڵ حکومەت پڕۆژەکە دەخەینە بواری جێبەجێکردنەوه‌، کچان رادەهێنین لەوەی قبوڵی نەکەن گێچەڵیان پێبکرێت. هەروەها بتوانن بێ ترس و بێ شەرم لەسەر حەقی خۆیان سکاڵا بکەن پەیوەندی بە ژمارە 119 بکەن".

باسنه‌كردنى ئه‌و گێچه‌ڵانه‌ى كه‌ به‌ كچان و ژنان ده‌كرێت له‌ ترسى ئابڕووچون و قسه‌ى كۆمه‌ڵگا، یه‌كێكه‌ له‌و بابه‌تانه‌ى كه‌ ترسى له‌لاى رێكخراوه‌ مرۆییه‌كان دروستكردووه‌.

بەهار عەلی، بەڕێوەبەری رێکخراوی (ئێمە) بۆ گەشەپیدانی مرۆیی له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: "بۆ گێچەڵی سێکسی رێگای جیاجیا بەکاردەهێنرێت، له‌ شوێنى جیاجیاشدا ئه‌نجامده‌درێت، بۆ نمونه‌، له‌ناو شوێنه‌ گشتیه‌كانى شار، شوێنی کار و ناو کامپەکانی په‌نابه‌ران".

جۆره‌كانى گێچه‌ڵى سێكسى زۆرن، به‌ڵام له‌ هه‌موویان ترسناكتر ئه‌و گێچه‌ڵانه‌یه‌ كه‌ له‌به‌رامبه‌ریدا پله‌ و پۆست و پاره‌ ده‌درێت به‌ قوربانیه‌كه‌، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتژى دژى ژنانیش نایشارنه‌وه‌ كه‌ حاڵه‌تى له‌وشێوه‌یه‌ بوونی هه‌یه‌.

ئاری رەفیق، جێگری بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، ئەوە ناشارێتەوە کە لە هەرێمی کوردستان گێچەڵی سێکسی و دەستدرێژی هەیە، تەنانەت له‌ پاسی کچانی خوێندکار و قوتابیانیشدا حاڵه‌ت هه‌بووه‌ شۆفیرەکان گێچه‌ڵیان به‌رامبه‌ر کچه‌كان كردووه‌، دواتر هاتوون سکاڵایان کردووە.  هاوکات، لە شوێنی کار ئه‌و شتانه‌ رویانداوه‌، حاڵه‌ت هه‌بووه‌ به‌رامبه‌ر دامەزراندن داواى سێکس له‌ خانمه‌کە كراوه‌، به‌رامبه‌ر ئه‌و گێچه‌ڵه‌ى پێى كراوه‌ پله‌ى پێدراوه‌ یان هاوكارى كراوه‌".

ده‌شڵێت: "نابێت ئێمە تەنیا قسە و تانە و دەستلێدان بکەینه‌ گێچەڵ، بەڵکو سێکس بەرامبەر پارەش جۆرێکی ترە لە گێچەڵی سێکسی. بو نمونه‌ ئێمه‌ كه‌یسێكمان لایه‌،  10 پیاو سێکسیان لەگەڵ ژنێک كردووه‌، ژنەکە هێندە هیلاک بووە کاتێ باسی بابەتەکەشی لەگەڵ دەکرێت، راستەوخۆ توشی لەرز و ترس دەبێت. هه‌رچه‌نده‌ ئەوەی کردویەتی تەنیا لەبەرامبەر پێدانی بڕێک پارە بووە، بەڵام هەر گێچەڵی سێکسییە".

شیلان رەسوڵ، یه‌كێكه‌ له‌ قوربانییه‌كانى گێچه‌ڵپێكرن، چیرۆكى خۆى دەگێڕێته‌وه‌ و ده‌ڵێت: "رۆیشتم بۆ دەرمانخانەیەک دوای کڕینی دەرمانەکان پارەکەمدا، کاتێك باقیەکەم وەرگرتەوە، پزیشكه‌كه‌ ژمارەکەی خۆی لەگەڵ وەسڵەکە خستە ناو دەستم و پێی وتم: "زۆر سێکسیت حەزدەکەم ببین بە هاوڕێی یەکترى".

ئه‌و قوربانییه‌ زیاتر باس له‌ چیرۆكه‌كه‌ى ده‌كات و ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات: منیش له‌ وه‌ڵامى ئه‌و كاره‌ى، پێم وت: "بەقسەی کێ بەبێ رەزامەندی من ژمارەکەت دەدەیتە من و باسی جەسته‌م دەکەیت. لێم قبوڵنەکرد و ژمارەکەم دایەوە بەنێوچەوانیدا و دەرمانەکانیشم دایەوە پارەکەم وەرگرتەوە".

رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و رێکخراوەکانی ژنان، خەریکی پڕۆژەیەکن بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتەکانی ناخۆ و گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێم بۆ ساڵی داهاتوو بۆ ئەوەی رێگری لە زیادبوونی گێچەڵی سێکسی بکەن.

ناوەڕۆکی پڕۆژەکە بەجۆرێکە، دەبێت سەرجەم شۆفێرانی تاکسی و پاسەکان و مینی پاسەکان یان ئەوانەی لەبەردەم زانکۆ و پەیمانگا و مەکتەبەکان دەوەستن لۆگۆی تایبەتیان هەبێت. هەروەها فۆڕمێکی تایبەت پڕبکەنەوە و وە خۆیان بناسێنن بەفەرمی. ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى، ستیکەری ژمارەی توندوتیژی دژی ژنان و پۆلیس لەپشتەوە هەموو کوشنەکانیان بده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى له‌ ئه‌گه‌رى روودانى هه‌ر حاڵه‌تێك په‌یوه‌ندى به‌و ژمارانه‌وه‌ بكه‌ن.

بەپێی پڕۆژەکە ئەو رێنماییانە لە تاکسی و پاسەکانی رێگای دەرەوە شارەکان و ناو سەنتەری شارەکانیش جێبەجێدەکرێن، بۆ رێگری کردن لە دیاریدەی گێچەڵی سێکسی.

هێڵى 119 هێڵێكى گه‌رمه‌ تایبه‌ت به‌و كه‌سانه‌ى كه‌ توندوتیژیان به‌رامبه‌ر ده‌كرێت له‌ ئێستادا له‌ كاردایه‌، هاووڵاتیانى هه‌رێمى كوردستان به‌كارى ده‌هێنن.

نه‌قیب رێباز زێوەر، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان  لە هەولێر، دەڵێت: "خۆشبەختانە رۆژبه‌ڕۆژ ژماره‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ په‌یوه‌ندیى به‌ هێڵى گه‌رمى 119 ده‌كه‌ن له‌ زیادبووندایه‌".

بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان سەبارەت بە کۆی ئه‌و پەیوەندییانه‌ى كه‌ به‌و هێڵه‌وه‌ كراوه‌ ده‌شڵێت: "لە ماوەی هه‌شت مانگی رابوردوودا 3 هەزار و 549 ژن و کچ پەیوەندییان کردووە، بەهۆکاری جۆراوجۆر کە گرنگترینیان: هەڕەشە و دەستدرێژی و گێچەڵی سێکسی بوون".

داڕشتنه‌وه‌: ئا.ح

پ: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure