زنجیرەیەكی تەلەڤزیۆنی كێشە دەخاتە نێوان حكومەتی روحانی و ئیتڵاعاتەوە

هەواڵ / جیهان :: 21/07/2019‌ :: 918‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئازوو محەمەد

پەخشكردنی زنجیرە درامایەكی ئەمنی-كۆمەڵایەتی لە كەناڵی سێی تەلەڤزیۆنی ئێران بووەتە هۆی كێشە و ئاڵۆزی نێوان كابینەی سەرۆك كۆماری ئێران و وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئەو وڵاتە.

 بەشی فارسی بی بی سی لە راپۆرتێكدا نووسیویەتی: زنجیرە درامای گاندوو ئەو درامایەیە كە لە سێ وڵاتی ئێران، توركیا و چین بەرهەمهێنراوە و دەوترێت دژ بە كابینەی حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران و لە بەرژەوەندییەكانی ئیتتڵاعات و سوپای پاسداران بەرهەمهێنراوە.

نووسەری ئەو زنجیرەیە  لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئیسنای ئێرانی رایگەیاندووە: ئەو زنجیرەیەی لە ماوەی سێ ساڵدا نووسیوە و بەرهەمی خەیاڵی خۆی بووە و پەیوەندی بە هیچ لایەنێكەوە نییە.

بەڵام لەو زنجیرەیەدا كۆمەڵێك تۆمەت و رەخنە رووبەڕووی رۆحانی و كابینەكەی هەیە و لە ئێستادا بووەتە هۆی تەشەنەسەندنی  گرژی و ئاڵۆزی نێوان ئەو دوو لایەنە.

لە درێژەی ئەو راپۆرتەدا هاتووە: حسامەدین ئاشنا، راوێژكاری كەلتوری حەسەن رۆحانی لە كاردانەوە بەرامبەر بە بەرهەمهێنان و پەخشی ئەو زنجیرەیە لە چەندین تویتدا و لە كاتی پەخشی ئەو درامایەدا نووسیویەتی: "حكومەت نە رێی پێدەدرێت  و نە بودجەی هەیە دراما بەرهەم بێنێت، تەلەڤزیۆنیش بودجەی ئەو جۆرە درامایانەی نییە، وادیارە شوێنێكی دیكە هەیە كە دەتوانێت هەم بۆ لاوازكردنی حكومەت پارە خەرج بكات و هەم مۆڵەت پێدراوە و هەم دەشتوانێت تەلەڤزیۆن ناچار بكات،  دراما پەخش بكات.

پ: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure