كار بۆ دامه‌زراندنى ئه‌نجومه‌نى باڵاى راگه‌یاندن ده‌كرێت

هەواڵ / که‌لتور :: 21/07/2019‌ :: 304‌ جار بینراوە

تاگ :: میدیا

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

لیژنه‌ى رۆشنبیرى و كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى په‌رله‌مانى كوردستان چوار پڕۆژه‌یاسا بۆ دامه‌زراندنى ئه‌نجومه‌نى باڵاى راگه‌یاندن و یاساى ریكلام و چه‌ند بوارێكى دیكه‌ى رۆشنبیرى ئاماده‌كات.


لوقمان وه‌ردى، سه‌رۆكى لیژنه‌ى رۆشنبیرى و كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان (ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 21ى ته‌مموزى 2019) به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: به‌داخه‌وه‌ له‌ خوله‌كانى رابوردوو كار بۆ بوارى رۆشنبیرى به‌شێوه‌یه‌كى باش و كاریگه‌ر نه‌كراوه‌، بۆیه‌ كۆمه‌ڵێك بوارى هونه‌رى و رۆشنبیرى به‌بێ یاسا كارده‌كه‌ن كه‌ ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ نه‌تواندرێت نه‌ سنوور بۆ زیاده‌ڕه‌وییه‌كان و نه‌ چاره‌سه‌ریش بۆ كێشه‌كانى میدیا له‌ هه‌رێم، بدۆزرێته‌وه‌.

وتیشى: "كۆمه‌ڵێك پڕۆژه‌یاساى زۆر گرنگ ئاماده‌كراوه‌ و له‌دواى كۆتایى وه‌رزى هاوینه‌ى په‌رله‌مان ده‌نگیان له‌سه‌ر ده‌درێت، له‌وانه‌: پڕۆژه‌ى یاساى میدیاى ئه‌لیكترۆنى، ئه‌نجومه‌نى باڵاى راگه‌یاندن، یاساى ریكلام و مافى كۆپى رایت".

هاوكات موحسین دۆسكی، بڕیاردەری لیژنەی رۆشنبیری و كۆمەڵگای مەدەنی له‌ پەرلەمانی كوردستان به‌ دواڕۆژى رایگەیاند: لیژنەكەیان سەرقاڵی پڕۆژەیاسایەكن بۆ ئەوەی میدیا لە هەرێم بە یاسا رێكبخرێت، بۆ ئه‌مه‌ش ده‌یانه‌وێت له‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ بڕیار له‌باره‌ى دامه‌زراندنى تۆڕێكى میدیایى حكومى بدرێت.

له‌باره‌ى ئامانجى ئه‌و پڕۆژه‌یاسایه‌، بڕیارده‌رى لیژنه‌ى رۆشنبیرى وتى: "بۆ ئه‌وه‌یه‌ میدكاران به‌بێ جیاوازى، هه‌واڵ و زانیارییه‌كان له‌ میدیاى ره‌سمى حكومى وه‌ربگرن، به‌بێ شێواندنى راستییه‌كان".

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف

بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure