ده‌رزییه‌كى "مه‌ترسیدار" له‌ هه‌ولێر ده‌فرۆشرێت

هەواڵ / کوردستان :: 21/07/2019‌ :: 1298‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

له‌ هه‌ولێر ده‌رزییه‌كى ساخته‌ كه‌ ناوه‌كه‌ى به‌ توركى نووسراوه‌ و نرخى هه‌رزانه‌، ده‌فرۆشرێت. كوالێتى كۆنترۆڵ له‌ به‌كارهێنانى ده‌رزییه‌كه‌ بێئاگایه‌، به‌ڵام بڕیاره‌ به‌دواداچوون بۆ فرۆشتنى بكات.


به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى له‌ چه‌ند ده‌رمانخایه‌كى هه‌ولێر به‌ دواڕۆژ دراوه‌، ماوه‌ى زیاتر له‌ مانگێكه‌ دەرزییەك به‌ناوی (ئایلیایە) كە دەرمانێكی ساخته‌یه‌ و به‌ توركى ناوه‌كه‌ى نووسراوه‌، له‌ چه‌ند ده‌رمانخایه‌ك ده‌فرۆشرێت و ته‌نانه‌ت باركۆد و ستیكه‌رى كوالیتى كۆنترۆڵیشى لێدراوه‌.

نرخى ئه‌و ده‌رمانه‌ به‌راورد به‌ ده‌رمانه‌ ئۆرجیناڵه‌كه‌ هه‌رزانتره‌، چونكه‌‌ له‌ توركیا به‌ زیاتر له‌ 820 دۆلاره‌، به‌ڵام له‌ هه‌ولێر به‌ كه‌متر له‌ 250 دۆلار ده‌فرۆشرێت، ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌وه‌ى كه‌ له‌سه‌رى نه‌نووسراوه‌ له‌ كوێ دروستكراوه‌. ئه‌مه‌ش ماناى وایه‌ ده‌رمانه‌كه‌ ساخته‌یه‌.

د. محه‌مه‌د شه‌مێرانى، پسپۆڕى نه‌خۆشییه‌كانى چاو به‌ دواڕۆژى وت: "ده‌رزیى ئیلیانه‌ ئه‌گه‌ر ساخته‌كاریى له‌گه‌ڵ نه‌كرێت، ده‌رزییه‌كى زۆرباشە و بۆ چارەسەری تۆڕی چاو بەكاردێت، به‌تایبه‌ت بۆ به‌ساڵاچوان و ئه‌وانه‌ى نه‌خۆشیى شه‌كره‌یان هه‌یه‌، به‌ڵام به‌پێى ئه‌و نرخه‌ى ئێستا ده‌فرۆشرێت، هه‌روه‌ها نه‌نووسینى ناو و پێكهاته‌ى ده‌رزییه‌كه‌ به‌ زمانى ئینگلیزى، ماناى وایه‌ ده‌رزییه‌كه‌ ساخته‌یه‌ و ئه‌گه‌ر به‌كاربهێنرێت له‌وانه‌یه‌ چاوى هاووڵاتیان كوێربكات، هاوشێوه‌ى ئه‌و رووداوه‌ى كه‌ شه‌ش ساڵ پێش ئێستا له‌ هه‌ولێر روویدا و چه‌ند هاووڵاتییه‌ك نابینا بوون".

ساڵى 2013 له‌ نه‌خۆشخانه‌ی رزگارى لەهه‌ولێر، به‌هۆى به‌كارهێنانى ده‌رزى ئاڤاستین-ه‌وه‌ 28 هاووڵاتى چاویان نابینا بوو، دواتر چاوى ژماره‌یه‌كیان ده‌رهێنران و نه‌شته‌رگه‌رى بۆ ژماره‌یه‌كى دیكه‌یان كرا.

له‌باره‌ى به‌كارهێنانى ئه‌و ده‌رزییه‌وه‌، د. هێژا ئه‌نوه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رى چاودێریى بازاڕ له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى كوالیتى كۆنترۆڵى ده‌رمان بۆ‌ دواڕۆژ وتى: "ئاگادارى به‌كارهێنانى ئه‌و ده‌رمانه‌ نین و هیچ كه‌سێكیش ئاگادارى نه‌كردووینه‌ته‌وه‌، به‌ڵام به‌دواداچوون بۆ فرۆشتنى ده‌رزییه‌كه‌ ده‌كه‌ین".

بۆ زانیاریى زیاتر له‌سه‌ر ئه‌م حاڵه‌ته‌ مه‌ترسیداره‌، دواڕۆژ په‌یوه‌ندى به‌ سه‌ندیكاى ده‌رمانسازانى كوردستان-ه‌وه‌ كرد، به‌ڵام وه‌ڵامى په‌یوه‌ندییه‌كانیان نه‌دایه‌وه‌.

پ: ل. م



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure