لێدوانی هەدەپە لەبارەی دەستگیركردنی مەزڵوم داغ

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 1857‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاكۆ حەمەد رابی 

بەپرسێكی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) رایدەگەیەنێت "مەزڵوم داغ كە ئێستا لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی هەولێر دەستگیركراوە، پەیوەندیی بە هەدەپەوە نییە و هیچ پەیوەندییەكی تەلەفۆنی و چاوپێكەوتنیشی لەگەڵ نوێنەرانی هەدەپە لە هەولێر نەبووە". 

لەبارەی هەڵوێست و بۆچوونی هەدەپە لەسەر دەسگیركردنی مەزڵوم داغ، وەك تۆمەتباری سەرەكیی رووداوەكەی رێستورانتی هەقە بازە لە هەولێر، عابد ئیكە نوێنەری پارتی دیموكراتی گەلان لە هەرێمی كوردستان بەدواڕۆژی وت: "ئەو كەسەی كە ئێستا لە هەولێر دەستگیركراوە هیچ پەیوەندییەكی بە هەدەپەوە نەبووە و هیچ كاتێكیش پەیوەندیی تەلەفۆنی و سەردان و چاوپێكەوتنی لەگەڵ نوێنەرانی هەدەپە لە هەرێمی كوردستان ئەنجامنەداوە و لەو رووەوە ئاسایشی هەرێمی كوردستان دەتوانن بە وردی لێكۆڵینەوەی خۆیان بكەن". 

عابد ئیكە دەڵێت: "هەدەپە حیزبێكی مەدەنی سیاسییە و بەهیچ شێوەیەك باوەڕی بە توندوتیژی و كردەی تیرۆر و تەسفییەكردنی نەیارەكانی نییە". 

لەبارەی ئەوەیش كە ئەو هاووڵاتییە برای پەرلەمانتارێكی هەدەپەیە بەناوی (دێرسیم داغ) لە شاری ئامەد، نوێنەرەكەی هەدەپە وتی: "ئەوە شتێكی ئاساییە كە بیروڕای كەسەكان جیاوازبێت، مەرج نییە كە خوشكی هەدەپەیە ئەویش بەهەمانشێوە هەمان حیزب بێت، لە كوردستانیش برایەك یەكێتییە و یەكێك پارتییەو ئەوەی تر گۆڕان یاخود لایەنێكی دیكەیە". 

پ: ل. م
بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure