پۆستێكی باڵا به‌ رێباز حه‌ملان ده‌درێت

هەواڵ / کوردستان :: 21/07/2019‌ :: 16104‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

له‌ كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمدا، پۆستێكی باڵا به‌ رێباز حه‌ملان وه‌زیری پێشووی دارایی و ئابووری ده‌درێت و دواڕۆژ پۆسته‌كه‌ ئاشكراده‌كات.


سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "له‌ كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم، رێباز حه‌ملان وه‌زیری پێشووی دارایی و ئابووری ده‌بێته‌ یاریدەدەری سه‌رۆكی حكومه‌ت بۆ کاروباری دارایی".

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ كه‌ نه‌یویست ناوی ئاشكرا بكرێت، بۆ دواڕۆژ ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد "لەم هه‌فته‌یه‌دا یاخود له‌سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی داهاتوو، ده‌ستبه‌كارده‌بێت".

رێباز حه‌ملان له‌ كابینه‌ی هه‌شته‌می حكومه‌تی هه‌رێم له‌سه‌ر پشكی گۆڕان، پۆستی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری وه‌رگرت، به‌ڵام دوای تێكچوونی پەیوەندییەكانی گۆڕان ‌و پارتی لە (12ی تشرینی یه‌كه‌می 2015) وەزیرەكانی گۆڕان لە كارەكانیان دوورخرانەوە.

رۆژی (18ی ئه‌یلوولی 2017) رێباز حەملان  وازی له‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هێنا و له‌ (13ی كانوونی یەکەمی 2017) وەک کەسایەتییەکی سەربەخۆ وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری هەرێمی به‌ڕێوه‌برد.

رێباز محەمەد عەبدوڵڵا (رێباز حه‌ملان) ساڵی 1981 لە سلێمانی لەدایکبووەو بەکالۆریۆسی لە یاسا هەیە و ماوەی چەند ساڵێک پارێزەرایەتی کردووە، هه‌روه‌ها پێش وازهێنانی له‌ گۆڕان، بەرپرسی کارگێڕی کۆمپانیای وشە, رێکخەری دارایی و کارگێڕی بزوتنەوەی گۆڕان بووە.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 

بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure