كه‌ى مووچه‌ى ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌ دابه‌شده‌كرێت كه‌ تائێستا وەریان نەگرتووە؟

هەواڵ / کوردستان :: 20/07/2019‌ :: 32481‌ جار بینراوە

تاگ :: موچە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 


سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت: تاوه‌كو ئێستا هیچ بڕیارێك بۆ ناردنی پاره‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌ به‌غداوه‌ نه‌دراوه‌، ده‌شڵێت: "هه‌ركاتێك پاره‌كه‌ ره‌وانه‌بكرێت ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی مووچه‌ی ئه‌و وه‌زاره‌ت و ده‌ستانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ تاوه‌كو ئێستا مووچه‌ی مانگی نيسانیان وه‌رنه‌گرتووه‌". 


به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی دارایی ئه‌مشه‌وی شه‌ممه‌ 20ی ته‌مموز، به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: تاوه‌كو ئێستا هیچ بڕیارێك له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقییه‌وه‌ بۆ ناردنی پاره‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم نه‌دراوه‌. 

وتیشی: "هه‌ركاتێك پاره‌كه‌ ره‌وانه‌ بكرێت راسته‌وخۆ وه‌زاره‌تی دارایی ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی مووچه‌ی ئه‌و وه‌زاره‌ت و شوێنانه‌ ده‌كات كه‌ تاوه‌كو ئێستا مووچه‌یان وەرنه‌گرتووه‌، بۆیه‌ له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی پاره‌كه‌ی به‌غدا به‌ دوو لیست مووچه‌ی سه‌رجه‌م ئه‌و شوێنانه‌ی ماون له‌ ماوه‌ی سێ تا چوار رۆژدا دابه‌شده‌كرێت".  

بۆ دابه‌شكردنى مووچه‌ى مانگى نیسان وه‌زاره‌تی دارایی به‌ داهاتی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان و ناوخۆ مووچه‌ی هه‌ریه‌كه‌ له‌ وه‌زاره‌ته‌كانی پێشمەرگە، پەروەردە، تەندروستی، دارایی، كاروباری شەهیدان و كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی، داد، كارو كاروباری كۆمەڵایەتی و ئەنجومەنی دادوەری دابەشكرد، به‌ڵام بۆ مووچه‌ی وه‌زاره‌ته‌كانی تر چاوه‌ڕێی پاره‌ی به‌غدا ده‌كات تاوه‌كو مووچه‌ی ئه‌م وه‌زاره‌ت و شوێنه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ دابه‌شی بكات. 

پ: ئا.ح



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure