بۆچی خه‌ونه‌كانمان بیرده‌چێته‌وه‌؟

هەواڵ / زانست :: 20/07/2019‌ :: 734‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

بیرچوونه‌وه‌ی خه‌ون دیارده‌یه‌كی به‌ربڵاوه‌. هه‌ندێك كه‌س هه‌یه‌ كاتێك به‌ئاگادێته‌وه‌ خه‌وه‌كه‌ی له‌ بیر نامێنێت. هه‌ندێكی تر ورده‌كاریی خه‌ونه‌كه‌یان بیر ده‌چێته‌وه‌. كه‌سانێكی تریش هه‌ن كه‌ پاش ماوه‌یه‌ك خه‌وێكی رابوردوویان بیر ده‌كه‌وێته‌وه‌.

خه‌وبینین بابه‌تێكی زۆر ئاڵۆزه‌. پێشتر وا ده‌زانرا كاتێك مرۆڤ خه‌وی لێ ده‌كه‌وێت ده‌چێته‌ مه‌یدانی نائاگاییه‌وه‌ و له‌وێدا خه‌و ده‌بینێت، ئێستا ده‌ركه‌وتووه‌ مێشك كاتێك به‌هۆی نووستنه‌وه‌ پشوو ده‌دات، به‌ناو باره‌ ئه‌قڵییه‌كاندا تێده‌په‌ڕێت و هه‌ندێ ناوچه‌ی مێشك به‌وپه‌ڕی چالاكییه‌وه‌ كار ده‌كه‌ن.

خه‌وبینین په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێزی له‌گه‌ڵ قۆناغی (جووڵه‌ی خێرای چاو)دا هه‌یه‌ كه‌ تیایدا هه‌ندێك نیشانه‌ی به‌ئاگایی هه‌ن و چاو زۆر به‌خێرایی ده‌جووڵێت و هه‌ناسه‌دان و سوڕی خوێن گۆڕانكارییان به‌سه‌ردا دێت و له‌ش وه‌كو جۆره‌ ئیفلیجبوونێك له‌ جووڵه‌ ده‌وه‌ستێت. ئه‌م قۆناغه‌90 خوله‌ك ده‌خایه‌نێت و تیایدا خه‌وبینین رووده‌دات.

جووڵه‌ی زۆری خوێن بۆ مێشك له‌م قۆناغه‌دا ده‌بێته‌ هۆی چالاككردنی توێژی مێشك و بارودۆخی هه‌ست. به‌ڵام له‌م قۆناغه‌دا لۆچه‌كانی پێشه‌وه‌ی مێشك، كه‌ به‌رپرسیاری توانا ئه‌قڵییه‌كانن، بێده‌نگ ده‌بن. ئه‌مه‌ش وا ده‌كات كاتێك خه‌وده‌بینین ئه‌قڵ به‌سه‌ر خه‌وه‌كه‌دا زاڵ نه‌بێت تا ئه‌و كاته‌ی به‌ئاگادێینه‌وه‌.

هه‌تاوه‌كو خه‌ونه‌كه‌ ساده‌تر بێت باشتر له‌ بیردا ده‌مێنێته‌وه‌. له‌ بیردامانه‌وه‌ی خه‌ون په‌یوه‌ندیداره‌ به‌ راده‌ی هۆرمۆنی نۆرادریناڵین-ه‌وه‌ و هه‌تا بڕی ئه‌و هۆرمۆنه‌ له‌ مێشكدا كه‌متر بێت باشتر خه‌ونه‌كانمان له‌ بیر ده‌مێنێت. ئه‌گه‌ر خه‌وبینینه‌كه‌ له‌ لووتكه‌ی قۆناغی جووڵه‌ی خێرای چاودا بێت، كه‌ بڕی نۆرادریناڵین كه‌مه‌، ئه‌وا خه‌ونه‌كه‌ له‌ بیردا ده‌مێنێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌و كاته‌دا كه‌ مرۆڤ خه‌ون ده‌بینێت له ‌پڕ به‌ هۆكارێك به‌ئاگابێته‌وه‌ ئه‌وا هۆرمۆنه‌كه‌ زۆر زیاد ده‌كات و به‌وه‌ش خه‌ونه‌كه‌ له‌ بیرده‌چێته‌وه‌.

ئه‌گه‌ر شه‌وانه‌ سێ چوار په‌رداخ ئاو بخۆیته‌وه‌، ئه‌وا هه‌موو جارێك دوای كۆتایی قۆناغێكی جووڵه‌ی خێرای چاو به‌ئاگادێیته‌وه‌ و خه‌ونه‌كه‌ت بیر ده‌مێنێت، به‌ڵام خواردنه‌وه‌ی كحول ده‌بێته‌ هۆی تێكدانی قۆناغی جووڵه‌ی خێرای چاو و به‌وه‌ش خه‌ونه‌كه‌ت بیر نامێنێت.

رێگه‌یه‌كی تر بۆ به‌ بیرهێنانه‌وه‌ی خه‌ون ئه‌وه‌یه‌ پێش نووستن به‌ خۆت بڵێیت كه‌ ده‌ته‌وێت خه‌ونه‌كه‌ت له‌ بیر بمێنێت، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات مێشكت هه‌وڵبدات به‌شێكی زیاتری خه‌وه‌كه‌ی له‌بیر بمێنێت كاتێك به‌ئاگادێیته‌وه‌.


و: س ر
پ: ل. م



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure