ئەنجامدەری هێرشی سەر رێستۆرانتەکەی هەولێر دەستگیركرا

هەواڵ / کوردستان :: 20/07/2019‌ :: 9667‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 

ده‌زگای دژه‌تیرۆری هه‌رێم ئاشكرایده‌كات: (ئه‌مڕۆ 20ی تەمموزی 2019) كۆتا كه‌سی ئه‌و گروپه‌ ده‌ستگیر كرا كه‌ رۆژی 17ی ئه‌م مانگه‌ له‌ رێستۆرانتێکی هه‌ولێر جێگری کونسڵی توركیا و دوو كه‌سی دیکەیان كوشت. 


سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ ده‌زگای دژه‌تیرۆری سه‌ر به‌ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "سێ كه‌س له‌وانه‌ی (رۆژی 17ی ته‌مموزی 2019) له‌ رێستۆرانتی هۆكه‌باز له‌ هه‌ولێر جێگری کونسڵی توركیا و دوو هاووڵاتی دیکەیان كوشت، ده‌ستگیر كراون". 

سه‌رچاوه‌كه‌ وتیشی: "چه‌ند كه‌سێكی تر كه‌ له‌ پشت ئه‌و گروپه‌ سێ كه‌سییه‌وه‌ بوون، ده‌ستگیر كراون و ئه‌مڕۆش كۆتا كه‌سی گروپه‌كه‌ لە گوندی لوبنانی لە هەولێر ده‌ستگیر كراوه‌ و له‌ چه‌ند كاتژمێری داهاتوودا ته‌واوی زانیارییه‌كان له‌ باره‌ی چۆنیه‌تی رووداوی ته‌قه‌كردنه‌كه‌ بڵاو ده‌كه‌ینه‌وه‌". 

دەقی راگەیاندراوی دژەتیرۆری کوردستان:

ئاگادارى هاووڵاتيان ده‌كه‌ينه‌وه‌، تاوانبار مه‌زلوم داغ كه‌ دوو رۆژ له‌مه‌وبه‌ر وێنه‌ى وه‌ك داواكراو له‌ په‌يجى دژه‌ تيرۆرى كوردستان بڵاوكرايه‌وه‌، له‌لايه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رايه‌تى ئاسايشى هه‌ولێر و دژه‌ تيرۆرى كوردستان ده‌ستگير كرا.


زۆر سوپاسى هاوكارى بێ پايانى هاووڵاتيان ده‌كه‌ين و ورده‌كارى زياتر دواتر بڵاوده‌كرێته‌وه‌.

 

وێنەی دەستگیرکراوەکە:


پ: چ.ع

بڵاوکردنەوە: ئارام غەفور



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure