دوو گوندی كورد نشینی سنووری پارێزگای كەركوك لەبەردەم مەترسیی گەورەدان

هەواڵ / کوردستان :: 20/07/2019‌ :: 390‌ جار بینراوە

تاگ :: كه‌ركوك

دواڕۆژ، عیماد جەباری

ژمارەیەکی زۆر خێزانی عەرەبی شەمەر (کۆچەرییەکان) لەسنوری سەرگەڕان کۆبوونەتەوە، موختاری گوندێکیش دەڵێت: "راکان جبوری نووسراوی کردووە بەمەبەستی نیشتەجێبونیان لە هەردوو گوندی پەڵکانە و شناغە".


عەلی ئیبراهیم، موختاری گوندی پەڵکانە (ئەمڕۆ شەممە 20ی تەمووزی 2019) بەدواڕۆژی راگەیاند "ماوەی چەند رۆژێکە جارێکی دیکە ژمارەیەکی زۆر عەرەبی شەمەر لەگەڵ خێزانەکانیان هاتوونەتە گوندی پەڵکانە و شناغە تاوەکو بچنە نێو ئەو خانووانەی لەئێستادا چۆڵن".

وتیشی: "ئەو عەرەبانە بەنوسراوی راکان جبوری پارێزگاری کاتی کەرکوک هاتوون و بەپێی زانیارییەکان رۆژانی یەکشەممە و دووشەممە بەپاڵپشتی هێزی سەربازی نیشتەجێدەکرێن".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: بەنیازن 85 ماڵی عەرەب لەپەڵکانە و 40 ماڵ لە شناغە نیشتەجێبکرێن، چەند رۆژێکیشە رێگا نادەن ئاودێری زەویە بەراوەکانمان بکەین و بۆ ماوەیەک یەکێک لەجوتیارەکانمان دەستبەسەر کراوە.

موختارەکەی گوندی پەڵکانە لەڕێگەی دواڕۆژەوە داوای لەسەرکردایەتی کورد کرد هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ بۆ ئەوەی رێگا لە تەعریبکردنەوەی گوندەکانیان بگرن و پلانەکەی راکان جبوری شکستپێبهێنن.

ئەم نووسراوەی راکان جبوری وەکو پاداشتی هۆزی شەمەرە کە بەشداریانکرد لە خۆپیشاندانەکەی کەرکوک لەدژی دانانی کوردێک بۆ پۆستی پارێزگار و پاڵپشتی لەمانەوەی ناوبراو لەپۆستەکەیدا.

پ: ن.ر
بڵاوکردنەوە: ئارام غەفور



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure