"ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ى بۆ به‌هێزكردنى توانای سێكس و گه‌وره‌كردنى سمت به‌كاردێن ساخته‌ن"

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 20/07/2019‌ :: 784‌ جار بینراوە

تاگ :: ڕاپۆرت

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

به‌رپرسانى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى هه‌رێم "دادو بێدادیانه‌" له‌ده‌ست ئه‌و ده‌رمانی گژوگیایانه‌ى كه‌ بۆ دابه‌زاندنى كێش و گه‌وره‌كردنى سمت و روخسار و به‌هێزكردنى سێكس به‌كارده‌هێندرێن، به‌رپرسێكى كوالێتى كۆنترۆڵى ده‌رمانیش زیانه‌كانى به‌كارهێنانى ئه‌و ده‌رمانانه‌ ئاشكرا ده‌كات.


ماوه‌ى چه‌ند ساڵێكه‌ له‌ شاره‌كانى هه‌رێم، به‌ دوو شێواز به‌رهه‌مه‌ گژوگیاییه‌كان كه‌ بانگه‌شه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى چه‌ندین نه‌خۆشى هاووڵاتیان ده‌كه‌ن، ساغده‌كرێنه‌وه‌، له‌وانه‌؛ فرۆشتن به‌شێوه‌ى ئۆنلاین له‌ڕێگه‌ی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌گه‌ڵ كردنه‌وه‌ى دوكان و شوێنى تایبه‌ت به‌ فرۆشتى ئه‌و ده‌رمانانه‌، به‌ڵام كوالێتى كۆنترۆڵى ده‌رمانى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى هه‌رێم جۆرى ده‌رمانه‌كان و شێوازه‌كانی ساغكردنه‌وه‌شیان ره‌تده‌كاته‌وه‌.

نازدار كه‌ریم، كه‌ كچێكى 25 ساڵى دانیشتووى هه‌ولێرە، ماوه‌ى چه‌ندین ساڵه‌ به‌ده‌ست لاوازى جه‌سته‌یەوە ده‌ناڵێنێت، به‌ڵام دواى ریكلامكردن بۆ فرۆشتنى ئه‌و ده‌رمانی گژوگیایانه‌ى جه‌سته‌ قه‌ڵه‌و ده‌كات و روخسار جوان ده‌كات، ده‌بێته‌ كڕیارێكى به‌رده‌وام كه‌چى دواى ماوه‌یه‌ك تووشى چه‌ندین نه‌خۆشى ده‌بێت.

ئه‌و ده‌ڵێت: "ماوه‌یه‌ك له‌ڕێگه‌ى فه‌یسبوك و سۆشیال میدیاوه‌ ریكلامى ئه‌و جۆره‌ گژوگیایانه‌م بینى كه‌ كاریگه‌رى زۆریان هه‌یه‌ بۆ قه‌ڵه‌وكردنى روخسار و له‌شولار و نرخه‌كانیشان هه‌رزانبوو، به‌ڵام دواى ماوه‌یه‌ك له‌ به‌كارهێنانى تووشى نەخۆشی دەروونی و بەرزی پەستانی خوێن و شەکرە بووم، دواتر سه‌ردانى دكتۆرى پسپۆڕم كرد و چاره‌سه‌رێكى زۆرم به‌كارهێنا تاوه‌كو گه‌ڕامه‌وه‌ بارى ئاسایى".

جگه‌ له‌وه‌ى ئه‌و ریكلامانه‌ى بۆ به‌هێزكردنى سێكس و گه‌وره‌كردنى مه‌مك و سمت ده‌كرێن، ریكلام و فرۆشتنى ئۆنلاین بۆ ئه‌و به‌رهه‌مه‌ گیاییانه‌ش ده‌كرێت كه‌ ده‌بێتە هۆى چاره‌سه‌ركردنى نه‌خۆشى قۆڵۆن و دابه‌زاندنى كێش و چاره‌سه‌كردنى گرفتەکانی چاو.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى زریان قادری 33 ساڵ، ماوه‌ى زیاتر له‌ پێنج ساڵه‌ هاوسه‌رگیرى كردووه‌، به‌ڵام كێشه‌ى لاوازى سێكسى هه‌یه‌، ئه‌و ویستویەتی له‌ڕێگه‌ى كڕینى ده‌رمانى گژوگیاوه‌ چاره‌سه‌رى كێشه‌كه‌ى بكات، به‌ڵام كێشه‌ى گه‌وره‌ترى بۆ دروستبوو، زریان ده‌ڵێت: "كاتێك ئه‌و چاره‌سه‌ره‌م به‌كارهێنا، تووشى په‌ستان و لێدانى زۆری دڵ بووم، بۆیه‌ به‌زوویى وازمهێنا".

له‌باره‌ى به‌كارهێنانى ئه‌و جۆره‌ به‌رهه‌مانه‌، دكتۆر سدیق وه‌هاب پیسپۆڕى به‌رهه‌مه‌ رووه‌كییەکان، به‌دواڕۆژى وت: "راسته‌ به‌رهه‌مى رووه‌كى وه‌كو ته‌واوكه‌رى ده‌رمان سه‌یر ده‌كرێت و مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ ده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌رهه‌مه‌ رووه‌كییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كى زانستى ئاماده‌ نه‌كرێن و له‌گه‌ڵ ده‌رمانى دیكه‌ تێكه‌ڵ نه‌كرێت، ئه‌وا نه‌ك سوودى نابێت، به‌ڵكو زیانى زۆریشى ده‌بێت".

له‌باره‌ى زیانه‌كانه‌وه‌، ئه‌و پسپۆڕه‌ ده‌ڵێت: "زۆربه‌ى جۆره‌كانى ده‌رمانى گیایى كه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ریكلامى بۆ كراوه‌، زۆر مه‌ترسیدارن، له‌وانه‌: بەرهەمی ساختەی AB SLIM كه‌ بۆ کێش دابەزاندن ریکلامی بۆ دەکرێت، له‌كاتێكدا ئه‌و دەرمانە بەرهەمی قەدەغەکراوی تێدایە کە زیان و مەترسی گەورە لەسەر بەکارهێنەرانی دروستدەکات، چونكه‌ بەپێی راپۆرتێکی دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2018 هۆشداری لە فرۆشتن و بەکارهێنانی AB SLIM درا، چونکە چەند ماددەیەکی زیانبەخش و مەترسیداری تێدایە".
 
بەگوێرەی راپۆرتەکە (AB SLIM) سێ ماددەی وەک: سیبوتڕامین و فینۆڵفتالین و سێڵدینافیلى تێدایه‌. دكتۆر سدیق، ئەوەشی خستەڕوو: ماددەى یه‌كه‌میان ده‌بێته‌هۆی توشبوون به‌ نەخۆشییەکانی دڵ و تێکدانی باری دروونی بەکارهێنەر و لەساڵی 2010ەوە قەدەغەکراوە، هه‌روه‌ها ماددەی دووه‌میان، دەبێتەهۆی شێرپەنجە و لەساڵی 1997ەوە قەدەغەکراوە بۆ مرۆڤ و سێیه‌میشیان مەترسی نەخۆشییەکانی دڵ دروستدەکات.

بۆ رێگرى له‌ فرۆشتنى ده‌رمانى ساخته‌ و قه‌ده‌غه‌كراوى گیایى، وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى له‌ڕێگه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى كوالێتى كۆنترۆڵ و هێزێكى تایبه‌ت ئه‌و شوێنانه‌ دادەخات كه‌ ئه‌و جۆره‌ به‌رهه‌مانه‌ ده‌فرۆشن.

دكتۆر عیسا عه‌بدولڕه‌حمان، وته‌بێژى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى كوالێتى كۆنترۆڵ له‌ وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى به‌دواڕۆژى راگه‌یاند "به‌رهه‌مى رووه‌كى زۆر گرنگه‌ و وه‌كو ته‌واوكه‌رى خۆراكى پۆلێنده‌كرێن ته‌نانه‌ت دامه‌زراوه‌ى خۆراك و ده‌رمانى ئه‌مریكى وه‌كو ته‌واوكه‌رى خۆراكى ده‌یانناسێنێت و له‌ زۆر لەتوێژینه‌وه‌كاندا ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ هه‌ندێك به‌رهه‌مى رووه‌كى هه‌مان كاریگه‌رى ده‌رمانیان هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌و به‌رهه‌مە رووه‌كییانه‌ى له‌ كوردستان و عێراق و له‌ وڵاتانى ده‌وروبه‌ر هه‌ن، ساخته‌ن و مۆڵه‌تیان نییه‌ و مادده‌ى دیكه‌یان تێده‌كرێت، جگه‌ له‌ به‌رهه‌مى ئه‌و كۆمپانیانه‌ى كه‌ به‌فەرمی مۆڵه‌تیان پێدراوه‌.

ئه‌و به‌رپرسه‌ى كوالێتى كۆنترۆڵ ده‌شڵێت: "ئه‌و ریكلامانه‌ى ده‌كرێت بۆ دابه‌زاندنى كێش، مه‌ترسیدارن، چونكه‌ راسته‌ له‌ماوه‌یه‌كى كورتدا كێش داده‌به‌زێنێت، به‌ڵام ئه‌و مادده‌یه‌ ده‌روونى مرۆڤ تێكده‌دات و زیانى بۆ مێشك هه‌یه‌، چونكه‌ مادده‌ى سیڕۆیتیان تێدایە كه‌ روخسار و سمت قه‌ڵه‌ و ده‌كه‌ن له‌هه‌مان كاتدا په‌ستانى خوێن و شه‌كرى خوێن زیاد ده‌كات و به‌كارهێنه‌ر تووشى پوكانه‌وه‌ى ئێسقانه‌كان ده‌كات، هه‌روه‌ها ئه‌و گژوگیایانه‌ى بۆ به‌هێزكردنى سێكس به‌كاردێت مادده‌ى ڤیاگرا و هه‌نگوینى تێده‌كرێت، ئەوە ماوه‌یه‌ك كێشه‌ى لاوازى سێكسى چاره‌سه‌ر ده‌كات، به‌ڵام مه‌ترسى گه‌وره‌ی هه‌یه‌، چونكه‌ ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ هه‌زار تاوه‌كو دوو هه‌زار ملیگرام ڤیاگرا و مادده‌ى سێربى نافیل و ڤێرتینال فیلى تێدایه‌ كه‌ كاریگه‌رى خراپى هه‌یه‌ له‌سه‌ر دڵ و به‌رزكردنه‌وه‌ى په‌ستانى دڵ".

عیسا عه‌بدولڕه‌حمان، ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: داوا له‌ هاووڵاتیان دەکەین هه‌ر به‌رهه‌مێكى گیایى ئه‌گه‌ر مۆڵه‌تی نه‌بێت و ستیكه‌رى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى به‌سه‌رەوه‌ نه‌بێت، نه‌یكڕن.

له‌باره‌ى ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ى كه‌ بۆ چاره‌سه‌رى ئازاری چاو و چاره‌سه‌رى پێوه‌دانى دووپشك و مار و روخسار بەکاردەهێندرێت، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى كوالێتى كۆنترۆڵ رایگه‌یاندووه‌: به‌رهه‌مێكى گیایى بۆ دابه‌زاندنى كێش بەناوی (POURIA) بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، كه‌ بەرهەمێکی ساختە و رێگەپێنەدراوە و بەڕێی قاچاخ هاوردەی هەرێم کراوە و لە هیچ شوێنێک مۆڵەتی فرۆشتنی پێنەدراوە، به‌رهه‌مى جاگوار پلەس-jaguar plus كه‌ بۆ زیادکردنی کێش و قەڵەوکردنی دەموچاو به‌كارده‌هێندرێت، به‌هه‌مان شێوه‌یه‌ ساخته‌یە و داوا له‌ هاووڵاتیان دەکەین کە بەهەموو جۆرێک خۆیان بەدوور بگرن لە کڕینی ئەو بەرهەمە، هه‌روه‌ها ئه‌و بەرهەمه‌شى كه‌  ساختەیە بەناوی چاره‌سه‌رى ژەهری مار و دووپشکی رەش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ریکلامێکی چڕ و پڕوپاگەندەى درۆینە و هەڵبەستراوی بۆ دەکرێت، ئه‌مه‌ش مه‌ترسیداره‌ و نابێت به‌كاربهێندرێت.

له‌باره‌ى داخستنى ئه‌و دوكان و شوێنانه‌ى كه‌ ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ ده‌فرۆشن، عیسا عه‌بدولڕه‌حمان وتى: "به‌رده‌وام لیژنه‌كانى ئێمه‌ به‌دواداچوون بۆ ئه‌و شوێنانه‌ دەکەن و ته‌نیا له‌ماوه‌یه‌كى كه‌مدا نزیكه‌ى 30 شوێن و دوكانى به‌رهه‌مه‌ گژوگیاییه‌كان داخراون و رێگه‌یان پێنادرێت بكرێنه‌وه‌".

له‌باره‌ى ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ى به‌شێوه‌ى ئۆنلاین ده‌فرۆشرێن، ده‌ڵێت: "كێشه‌كه‌ له‌ فرۆشتنى ئۆنلاین و سۆشیال میدیایه، كه‌ بنه‌بڕكردنیان کەمێک زه‌حمه‌ته‌، بۆیه‌‌ ده‌بێت هاووڵاتیان هۆشیار بكرێنه‌وه‌ و ئه‌و به‌رهه‌مه‌ مه‌ترسیداره‌ نه‌كڕن کە ئه‌مه‌ش کارێكى درێژخایه‌نه‌، بۆیه‌ هاووڵاتیان دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ مۆڵه‌ت به‌هیچ كه‌سێك ناده‌ین ئەو کارانە بکات".
 
پ: ن.ر
بڵاوکردنەوە: ئارام غەفور



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure