شه‌پۆلێكى گه‌رما به‌ڕێوه‌یه‌

هەواڵ / کوردستان :: 20/07/2019‌ :: 1639‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر

لێپرسراوی به‌شی پێشبینییه‌كانى به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتی كه‌شناسی هه‌رێم ئاشكرایده‌كات: به‌هۆی هاتنی شه‌پۆلێكی گه‌رما له‌زه‌ریای هیندیه‌وه‌ بۆ ناوچه‌كه‌ پله‌كانی گه‌رما به‌ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو روو له‌به‌رزبوونه‌وه‌ ده‌كه‌ن.


بژار ئه‌كره‌م، لێپرسراوی به‌شی پێشبینییه‌كان له‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتی كه‌شناسی و بومه‌له‌رزه‌زانی هه‌رێمی كوردستان (ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 20ى ته‌مموزى 2019) به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: پێشبینیده‌كرێت له‌ ئه‌مڕۆوه پله‌كانی گه‌رما به‌هۆی هاتنی شه‌پۆلێكی گه‌رما له‌زه‌ریای هیندیيه‌وه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه‌ به‌ چه‌ند پله‌یه‌ك روو له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ بكات.

ئاشكراشیكرد كه‌ له‌ ئه‌مڕۆوه‌ پله‌ی گه‌رما له‌ هه‌ولێر ده‌گاته‌ 43 پله‌ و له‌ سلێمانی ده‌بێته‌ 41 پله‌ و له‌ دهۆك ده‌گاته‌ 42 پله‌ی سیلیزی و كه‌ركوك-یش 44 پله‌ی سیلیزی ده‌بێت و چه‌قی شه‌پۆلی گه‌رماكه‌ش له‌ رۆژانی دووشه‌ممه‌ و سێشه‌ممه‌دا ده‌بێت و دواتر پله‌كانى گه‌رما نزم ده‌بنه‌وه‌.

وتیشی: "له‌ هه‌ندێ ڕۆژ و كاتدا پله‌كانی گه‌رما له‌ هه‌ولێر ده‌گاته‌ 45 پله‌، سلێمانی 43 پله‌، دهۆك 43 پله‌، كه‌ركوك 48 پله‌، هه‌ڵه‌بجه‌ 45 پله‌ و له‌ خانه‌قین-یش پله‌ى گه‌رما ده‌گاته‌ 49 تا 50 پله‌".

پێداچونه‌وه‌: هـ.ق
بڵاوكردنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە