حكومه‌تى هه‌رێم له‌سه‌ر ده‌ستگیركردنى گه‌شتیارانى كورد له‌ توركیا هاته‌ده‌نگ

هەواڵ / کوردستان :: 19/07/2019‌ :: 4497‌ جار بینراوە

تاگ :: كوردستانى

دواڕۆژ


پاشنیوەڕۆی ئه‌مڕۆ هه‌ینى 19ى ته‌مموز، حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان راگه‌یاندراوێكى له‌باره‌ى ده‌ستگیركردنى گه‌شتیارانى كورد له‌ توركیا بڵاوكرده‌وه‌ و وته‌بێژى حكومه‌تى هه‌رێم رایگه‌یاند: "سەرۆکی حکومەت لایەنە پەیوەندییدارەکانی هەرێمی کوردستانی راسپارد لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا قسەبکەن، تا بەزووترین کات گەشتیارانی هەرێمی کوردستان ئازادبکرێن".


له‌ راگه‌یاندراوه‌كه‌دا كه‌ له‌سه‌ر زارى وته‌بێژى حكومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ هاتووه‌ "سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وێڕای دەربڕینی نیگەرانی لەو رووداوە، لایەنە پەیوەندییدارەکانی هەرێمی کوردستانیشی راسپارد کە لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا قسە بکەن، تا بەزووترین کات گەشتیارانی هەرێمی کوردستان ئازاد بکرێن".

ده‌قى راگه‌یاندراوه‌كه‌


راگەیاندراوێک لەلایەن وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لەبارەی دەستگیرکردنی گەشتیارانی هەرێمی کوردستان لە تورکیا

لە چەند رۆژی رابوردوودا چەند هاووڵاتییەکی هەرێمی کوردستان لە شاری ترابزۆنی تورکیا، تووشی پەلاماردان و دەستدڕێژی بوونەوە بەهۆی ئەوەی ویستوویانە بە ئاڵای کوردستانەوە وێنەبگرن، دواتر دەستگیراون و بە نیازن بیاندەنە دادگا.

ئاشکرایە ئاڵای ھەرێمی کوردستان، ئاڵایەکی دەستوورییە لە ناو عێراقدا و پێشتریش لە فڕۆکەخانەکان و ھۆڵەکانی پێشوازی لە تورکیا دانراوە بۆ پێشوازیکردن لە شاندەکانی ھەرێمی کوردستان.

بۆیە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وێڕای دەربڕینی نیگەرانی لەو رووداوە، لایەنە پەیوەندییدارەکانی هەرێمی کوردستانیشی راسپارد کە لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا قسە بکەن، تا بە زووترین کات گەشتیارانی هەرێمی کوردستان ئازاد بکرێن .

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure