رێگه‌ به‌ سه‌رله‌نوێ كردنه‌وه‌ى سه‌نته‌ره‌كانى چاندنه‌وه‌ى قژ له‌ گه‌رمیان نادرێت

هەواڵ / کوردستان :: 20/07/2019‌ :: 194‌ جار بینراوە
کەلار

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن 

دواى داخستنیان بۆ زیاتر له‌ دوو مانگ رێگه‌ به‌ كردنه‌وه‌ى سه‌نته‌ره‌كانى چاندنه‌وه‌ى قژ  له‌ گه‌رمیان نادرێن، به‌وته‌ى لایه‌نى په‌یوه‌نداریش: "پێدانى مۆڵه‌ت به‌و شوێنانه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستیدایه‌ نه‌وه‌ك ئیداره‌ى ناوچه‌كه‌". 


شه‌هاب ئه‌حمه‌د، قایمقامى كه‌لار (ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 20ى ته‌مموزى 2019) به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: نزیكه‌ى دوو مانگه‌ له‌سه‌ر بڕیارى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى و داواكارى ته‌ندروستى گشتى گه‌رمیان، قایمقامیه‌تى كه‌لار 14 سه‌نته‌رى چاندنه‌وه‌ قژى له‌ شارى كه‌لارى ناوه‌ندى ئیداره‌ى گه‌رمیان داخست و رێگه‌ به‌كردنه‌وه‌یان نادرێت. 

وتیشى: "ئه‌و سه‌نته‌رانه‌ كۆمه‌ڵێك كێشه‌یان هه‌یه‌ له‌وانه‌ نه‌بوونى مۆڵه‌ت، هه‌روه‌ها نه‌بوونى پزیشكی پسپۆڕ و ئامێرى و كه‌ره‌سته‌ى كوالێتى به‌رز كه‌ به‌پێى رێنماییه‌كان بۆیان دیاریكراوه‌". 

قایمقامى كه‌لار ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: "پێدانى مۆڵه‌تى ئه‌و شوێنانه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌، په‌یوه‌ندى به‌ ئیداره‌ى شاره‌كه‌وه‌ نییه‌ و پێویسته‌ له‌ رێگه‌ى وه‌زاره‌ته‌وه‌ كارى خۆیان بكه‌ن و ئه‌وكات كارئاسانیان بۆ ده‌كه‌ن". 

هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتیارى یه‌كێك له‌و سه‌نته‌رانه‌ى كه‌لار، كه‌ نه‌یویست ناوى بڵاوبكرێته‌وه‌، به‌ دواڕۆژى وت: "پێدانى مۆڵه‌ت به‌و سه‌نته‌رانه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى ته‌ندروستییه‌وه‌ كارێكى ئاسان نییه‌، چونكه‌ به‌پێى رێنماییه‌كان ده‌بێت ئه‌و ئامێر و كه‌ره‌ستانه‌ى بۆ كارى چاندنى قژ به‌ كارده‌هێندرێت كوالێتى به‌رز و مۆدێلى نوێ بن". 

وتیشى: "ئه‌و ئامێرانه‌ش نرخیان زۆر گرانه‌، هه‌ربۆیه‌ به‌شێك له‌ سه‌نته‌ره‌كان ئاماده‌نین بیكڕن و ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ كێشه‌ى پزیشكى پسپۆڕ، وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى-ش ئاماده‌نییه‌ مۆڵه‌تیان پێبدات". 

به‌ر له‌ داخستنیان له‌ یه‌كێك له‌ سه‌نته‌ره‌كانى چاندنه‌وه‌ى قژ له‌ كه‌لار، گه‌نجێك دواى ئه‌نجامدانى كارى چاندن به‌هۆى به‌ربوونه‌وه‌ى له‌ قادرمه‌ گیانى له‌ده‌ستدا و به‌مهۆیه‌وه‌ بڕیاردرا ته‌واوى ئه‌و سه‌نته‌رانه‌ دابخرێن كه‌ مۆڵه‌تیان نییه‌. 

پ: ئا.ح
بڵاوكردنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure