چیرۆكى خه‌نده‌ كه‌ به‌هۆكارێكى نادیار خۆى كوشت

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 19/07/2019‌ :: 49898‌ جار بینراوە
خەندە حوسێن

دواڕۆژ، محەمەد مستەفا


لە پرسەکەیدا هەموویان تاساون، فرمێسک لە چاوەکانیان دەبارێت، چونکە ژیانی قوربانیەکە جیاوازە و هەر کەسێک ئاگاداری چیرۆکی ژیانی بووبێت خۆشەویستیەکی زۆری بۆی هەبووە، ئەو پرسەیەش پرسەی (خەندە)ی تەمەن 15 ساڵانی دانیشتوی قەزای رانیەیە.

شەوی چوارشەمە 17 ی تەمموزی ئەمساڵ، لە قەزای رانیە کچێکی تەمەن 15 ساڵ بەناوی (خەندە حوسێن) خوێندکاری قۆناغی پۆلی نۆیی بنەڕەتی کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا، كه‌سێكى نزیكى ئه‌و قوربانیه‌ش ده‌ڵێت: "پێدەچێت هۆکاری خۆکوشتنەکەی بەهۆی زانینی چیرۆکی یەکەم شەوی هاتنە دونیایه‌وه‌ بووبێت".

"خەندە، لە یەکەم شەوی تەمەنى لەبەردەم دەرگای مزگەوتێک دەدۆزرێتەوە"
(ڕ ، م ) کەسێکی نزیکی خەندەیە و ئاگادارای وردەکاری ژیانی بووە، لەباسی چیرۆکی ژیانی خەندەدا بۆ دواڕۆژ وتی: "بەر لە 15 ساڵ، لەکاتی چوون بۆ نوێژی بەیانی یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکەی لەبەردەمی مزگەوتێک لە رانیە، دەبینێت منداڵێکی بچوکی تەمەن یەک شەوە دانراوە، دواتر ئەو کەسەی خێزانەکەی بە ئاگاداری خەڵکی مزگەوت و مامۆستای مزگەوتەکە منداڵەکە دەهێنێتە ماڵەوە و بڕیاردەدەن، ئەو منداڵە بەخێوبکەن".

به‌وته‌ى، (ڕ ، م ) "پاشان ئه‌و خێزانه‌ پۆلیس و دادگایان لەو رووداوە ئاگادارکردووه‌تەوە، دادگا بڕیاریداوه‌، لەڕووی یاساییەوە ئەو منداڵە کچەیان پێ ببەخشێت، لە دادگا ناوی دەنرێت (خەندە) و لە پێناسی کەسی واتا (نفوس)یش دەخرێتە سەر خێزانەکەی ئەوان".

"خەندە نهێنی چیرۆکی ژیانی خۆی نەدەزانی، پێدەچێت هۆکاری رووداوەکەش زانینی چیرۆکی ژیانی بوو بێت"

(ڕ،م) زیاتر باسى چیرۆكى ژیانى خه‌نده‌ ده‌كات و رونیده‌كاته‌وه‌ "بەهۆی ئەو چیرۆکە تایبەتیەی ژیانی، هەموویان خەندەیان زۆر خۆشویستووە، هەموو پێداویستیەکانی ژیانیان بۆ دابینکردبوو،  هەموو ئەوانەی خەندەیان دەناسی خۆشیان دەویست و مامەڵەیەکی تایبەتیان لەگەڵ دەکرد، بۆ ئەوەی هەرگیز خەندە هەست بە کەمی ژیانی خۆی نەکات".

ده‌شڵێت: "خەندە ئاگاداری چیرۆکی ژیانی خۆی نەبوو، هیچ کەسێک ئەو نهێنیەی بۆ نەدرکاند، خێزانه‌كه‌شى نەیان ویستووە ئەو راستیە بزانێت، لە ماوەی 15 ساڵی رابوردووشدا دایک و باوکی یاخود هیچ کەسێک لە بنەماڵە راستەقینەکەی دەرنەکەوتون و سۆراخی خەندەیان نەکردووە". 

ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات: "ئێوارەی رووداوەکە خەندە دۆخی دەروونی زۆر جێگیر بووە، تەنانەت خۆی ئامادە کردووە بۆ بەیانی رۆژی داهاتوو بەمەستی کڕینی هەندێك پێداویستی خۆی لەگەڵ چەند کەسێکی ئەندامانی خێزانەکەی بەرەو شاری هەولێر سەفەر بکات هەموو شتێک بەخۆشی رۆیشتوووه‌ بەڕێوە، بەڵام لەناکاو دەنگی تەقەیەک هاتووە، کە بەداخەوە دواتر دەرکەوتووە لەناو ماڵی خۆیان خەندە کۆتای بە ژیانی خۆی هێناوە".

ئه‌و كه‌سه‌ نزیكه‌ى خه‌نده‌ نایشارێته‌وه‌ كه‌ گومانده‌كه‌ن هۆكارى رووداوه‌كه‌ زانینى نهێنى ژیانى بێت له‌لایه‌ن خه‌نده‌وه‌ و ده‌ڵێت: "گومان دەکەین ئەو شەوه‌ لەناکاو نهێنی چیرۆکی ژیانی خۆی زانیبێت و بڕیاری خۆکوشتنی دابێت. جگە لەو هۆکارە خەندە هیچ گرفتێکی دەروونی و کۆمەڵایەتی نەبوو، ژیانی لەزۆربەی کچانی تری بنەماڵەکەی خۆشتر بوو نازێکی زۆریش پێ درابوو".

"گوللـەیەک بەر سەری خەندە کەوتبوو"
محەمەد عەبدوڵا، بەڕێوبەری کارگێڕی نەخۆشخانەی رانیە له‌باره‌ى ورده‌كارى زیاترى رووداوه‌كه‌وه‌ بە دواڕۆژی راگه‌یاند: "شەوی چوارشەممە (خەندە) بە برینداریەکی سەختەوە گەیەنرایە نەخۆشخانەکەمان، فیشەکی دەمانچە بەر سەری کەوتبوو، دوای ئەنجامدانی فریاگوزاری سەرەتای، بەهۆی سەختی برینەکەی رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتی سلێمانیمان كرد، بەڵام بەداخەوە لە رێگادا پێش گەیشتنی بە شاری سلێمانی بەهۆی سەختی برینەکەی گیانی لە دەستدا".

پۆلیسی راپەڕین رەتیدەکاتەوە باس لە وردەکاری زیاترى رووداوەکە بکات، بەڵام بەگوێرەی وتەی شۆڕش ئیسماعیل، وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بۆ دواڕۆژ "روداوەکە تاوانکاری نیە و هیچ کەسێک لەسەر رووداوەکە دەستگیر نەکراوە، پۆلیس دۆسییەی لێکۆڵینەوەی بۆ کردووه‌تەوە".

 

پ: ئا.ح



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure