جیهان به‌كورتى - پیاوێك به‌تۆمه‌تى ده‌ستدرێژی كردنه‌سه‌ر ژنێك له‌كاتى مه‌ساجكردندا ده‌ستگیر ده‌كرێت

هەواڵ / جیهان :: 19/07/2019‌ :: 88261‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

لۆس ئه‌نجلس تایمز - پیاوێك به‌تۆمه‌تى ده‌ستدرێژی كردنه‌ سه‌ر ژنێكى ته‌مه‌ن 77 ساڵ له‌كاتى مه‌ساجكردندا ده‌ستگیر ده‌كرێت
راسڵ بێرنادینۆ پیاوێكى ته‌مه‌ن 43 ساڵى ئه‌مریكییه‌ و كارى مه‌ساجكردن ده‌كات. راسڵ له‌شارى میشن ڤیێهۆ له‌ولایه‌تى كالیفۆڕنیا له‌ئه‌مریكا ده‌ژى، (رۆژى پێنجشه‌ممه‌ 18ى ته‌مموزى 2019) به‌تۆمه‌تى ده‌ستدرێژی كردنه‌سه‌ر ژنێكى ته‌مه‌ن 77 ساڵ له‌كاتى ماساجكردن بۆیدا ده‌ستگیركرا و جگه‌ له‌سكاڵاى ژنه‌ ته‌مه‌ن 77 ساڵه‌كه‌ چه‌ند ژنێكى تریش سكاڵایان له‌سه‌رى تۆماركردووه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ى له‌كاتى مه‌ساجكردن بۆیاندا گێچه‌ڵى سێكسى پێكردوون و هه‌راسانى كردوون.


ناس نیوز – روونكردنه‌وه‌ له‌ وه‌زاره‌تى به‌رگرى ئه‌مریكاوه‌ له‌سه‌ر خستنه‌خواره‌وه‌ى فڕۆكه‌ ئێرانییه‌كه‌
(رۆژى پێنجشه‌ممه‌ 18ى ته‌مموزى 2019) دۆناڵد ترامپ سه‌رۆكى ئه‌مریكا رایگه‌یاند: "هێزى ده‌ریایى ئه‌مریكا فڕۆكه‌یه‌كى بێ فڕۆكه‌وانى ئێرانیان له‌ گه‌رووى هورمز خستووه‌ته‌ خواره‌وه‌".


سپوتنیك – وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران: هیچ زانیارییه‌كمان له‌سه‌ر ئه‌و فڕۆكه‌ بێفڕۆكه‌وانه‌ى له‌ گه‌رووى هورمز خراوه‌ته‌ خواره‌وه‌ نییه‌
(رۆژى پێنجشه‌ممه‌ 18ى ته‌مموزى 2019) دواى راگه‌یاندنه‌كه‌ى دۆناڵد ترامپ سه‌رۆكى ئه‌مریكا له‌سه‌ر خستنه‌ خواره‌وه‌ى فڕۆكه‌یه‌كى بێفڕۆكه‌وانى ئێران له‌لایه‌ن هێزه‌ ده‌ریاییه‌كانیانه‌وه‌ له‌گه‌رووى هورمز، محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران وه‌ڵامى راگه‌یاندنه‌كه‌ى ترامپى دایه‌وه‌ و رایگه‌یاند: "تاران هیچ زانیارییه‌كى له‌سه‌ر خستنه‌ خواره‌وه‌ى فڕۆكه‌ بێفڕۆكه‌وانه‌كه‌ له‌ گه‌رووى هورمز له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ نییه‌".

 

ئه‌لنه‌هار – نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌گه‌ڵ حوسییه‌كانى یه‌مه‌ن ده‌گاته‌ رێككه‌وتن بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى دابه‌شكردنى خۆراك
پرۆگرامى خۆراكى جیهانى سه‌ربه‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌گه‌ڵ حوسییه‌كانى یه‌مه‌ن گه‌یشتوونه‌ته‌ رێككه‌وتنێك بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى دابه‌شكردنى خۆراك به‌سه‌ر هاووڵاتیانى ئه‌و ناوچانه‌دا كه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتى حوسییه‌كاندایه‌.

 

ئه‌لمه‌سه‌له‌ – ئێران له‌رووى ته‌كنیكییه‌وه‌ به‌ره‌وپێش ده‌چێت.. فڕۆكه‌ى بێفڕۆكه‌وان هاوسه‌نگى هێز له‌ رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست ده‌گۆڕێت
به‌هۆى زیادبوونى چالاكییه‌كان فڕۆكه‌ بێفڕۆكه‌وانه‌كان بۆ سیخوڕى و هێرشبردن له‌ناوچه‌ جیاوازه‌كانى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست هاوسه‌نگى هێز له‌ناوچه‌كه‌دا گۆڕانى به‌سه‌ردا هاتووه‌.


ئه‌لمه‌سه‌له‌ – سعودیه‌: كاتى كۆتایهێنان به‌ قه‌یرانى یه‌مه‌ن هاتووه‌.. نامانه‌وێت جه‌نگ له‌گه‌ڵ ئێران بكه‌ین
(ئه‌مڕۆ هه‌ینى 19ى ته‌مموزى 2019) عه‌بدوڵا موعه‌لمیلى باڵیۆزى سعودیه‌ له‌ئه‌مریكا رایگه‌یاند: "كاتى ئه‌وه‌ هاتووه‌ كۆتایى به‌قه‌یرانى یه‌مه‌ن بهێنرێت"، راشیگه‌یاند: "به‌هیچ شێوه‌یه‌ك سعودیه‌ نایه‌وێت له‌گه‌ڵ ئێران بچێته‌ جه‌نگه‌وه‌".

ئه‌لعه‌ره‌بیه‌ – مێركڵ به‌و بارودۆخه‌ى له‌ كه‌نداو ده‌گوزه‌رێت نیگه‌رانه‌
(ئه‌مڕۆ هه‌ینى 19ى ته‌مموزى 2019) ئه‌نگێلا مێركڵ راوێژكارى ئه‌ڵمانیا رایگه‌یاند: "نیگه‌رانه‌ سه‌باره‌ت به‌و بارودۆخه‌ى له‌ كه‌نداو ده‌گوزه‌رێت و پێویسته‌ هه‌موو رێوشوێنێكى دیپلۆماسى بۆ چاره‌سه‌ركردنى بگیرێته‌به‌ر".

ئه‌لعه‌ره‌بیه‌ – ئیستانبوڵ.. كۆچبه‌ره‌ سورییه‌كان له‌ ناردنه‌وه‌یان بۆ وڵاته‌كه‌یان ده‌ترسن
كۆچبه‌ره‌ سورییه‌كانى توركیا رێوشوێنى ئه‌منیی توندیان له‌گه‌ڵ ده‌گیرێته‌به‌ر به‌تایبه‌تى ئه‌وانه‌ى له‌شارى ئیستانبوڵن، پۆلیس به‌شوێن ئه‌وانه‌دا ده‌گه‌ڕێت كه‌ به‌ڵگه‌نامه‌ى كاتى پارێزراویان پێنییه‌ و ده‌یاننێرنه‌وه‌ بۆ وڵاته‌كه‌یان.    

ئاژانسى ئه‌نادۆڵ: وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى به‌حره‌ین له‌واشنتن چاوى به‌ هاوتا ئیسرائیلییه‌كه‌ى ده‌كه‌وێت 
(رۆژى پێنجشه‌ممه‌ 18ى ته‌مموزى 2019) خالد بن ئه‌حمه‌د ئال خه‌لیفه‌ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى به‌حره‌ین له‌ واشنتن له‌ئه‌مریكا چاوى به‌ هاوتا ئیسرائیلییه‌كه‌ى یسرائیل كاتس كه‌وت.  

 

وه‌رگێڕانى: هونه‌ر كه‌مال     

پ: ئا.ح



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure