گولـله‌كانى هه‌ولێر له‌ ئه‌نقه‌ره‌ ده‌نگده‌داته‌وه‌

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 18/07/2019‌ :: 2236‌ جار بینراوە
به‌رده‌م رێستورانى (هۆكه‌باز) پاش رووداوه‌كه‌ فۆتۆ: وه‌رگیراوه‌

تاگ :: كوردستانى

دواڕۆژ

هێرشى سه‌ر دیبلۆماتكاره‌ توركییه‌كان له‌ هه‌ولێر شاره‌زایانى توركى به‌سه‌ر بۆچونى جیاجیادا دابه‌شده‌كات، هه‌ندێك ئاماژه‌ به‌ كه‌موكوڕى ئه‌منى ده‌كه‌ن و شاره‌زایه‌كیش ده‌ڵێت: ئه‌گه‌رى زۆر له‌باره‌ى كوژرانى دیبلۆماتكاره‌كه‌ له‌ ئارادایه‌.


پاش نیوه‌ڕۆی دوێنێ له‌ كافتریاى (هۆكه‌باز) له‌ هه‌ولێر هێرشكرایه‌سه‌ر چه‌ند كارمه‌ندێكی كونسوڵخانه‌ی توركیا له‌ هه‌ولێر و به‌هۆیه‌وه‌ دیبلۆماتێكى توركیا كوژرا و دوو هاووڵاتى هه‌رێمیش بوونه‌ قوربانى.

ئه‌گه‌رچى زۆرجار له‌ رووداوى له‌و شێوه‌یه‌دا په‌نجه‌ى تۆمه‌ت بۆ پارتى كرێكارانى كوردستان (په‌كه‌كه‌) درێژده‌كرێت و پێشتریش ئه‌و حزبه‌ په‌یوه‌ندیدارى به‌و هێرشه‌وه‌ ره‌تكرده‌وه‌، به‌ڵام شاره‌زایان باس له‌ لایه‌نه‌كانى دیكه‌ى رووداوه‌كه‌ ده‌كه‌ن.

فراس ئۆغڵۆ، شیکەرەوە و رۆژنامەنووسى توركى (ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 18ى ته‌مموزى 2019) به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: لایەنە رەسمییەکانى تورکیا رەتیانکردۆتەوە کە ئەو کوژراوە جێگرى کونسوڵى توکیا بوو بێت بەڵکو کەسایەتییەکى دیبلۆماسى بووە لەو کونسوڵخانەیە.

وتیشى: "چەند خوێندنەوەیەک هەیە بۆ ئەو رووداوە، دیارترینیان بوونى کەموکوڕی ئەمنییە ئەمەش کارێکى ئاساییە و لەهەموو وڵاتانى جیهان روودەدەن كه‌ پێویست بوو رێوشوێنى باشتر بگیرێته‌به‌ر و بۆشاییه‌ ئه‌منییه‌كان پڕبكرێنه‌وه‌" ئه‌وه‌شى وت: "پێشتر چاودێرى هه‌موو ئەو کەسانە دەکرا کە دەچوونە ئه‌و كافێیه‌ یان دەردەچوون، به‌ تایبه‌ت به‌هۆى ئه‌وه‌ى كافتریاكه‌ سێ كیلۆمه‌تر و نیو له‌ كونسوڵخانه‌ى توركیاوه‌ دووره‌".

ئه‌و شاره‌زایه‌ ئاماژه‌شیدا: كه‌موكوڕى و گرفت له‌ دامه‌زراوه‌ى ئه‌منى و كارى هه‌واڵگرى توركیادا هه‌یه‌ كه‌ دەبوایە بەهۆى ئەو پڕۆسه‌ سه‌ربازییه‌كانه‌ى له‌ هه‌رێم ئه‌نجامده‌درێن  پێشبینى كاردانه‌وه‌ى له‌و جۆره‌ بكرایه‌ و پاسەوانى ئەو جۆرە کەسایەتییە دیبلۆماسییانە توندوتۆڵتر بکردرایە.

لاى خۆیەوە جەواد ئیسلامى، شیکەرەوەى تورکی بۆ دواڕۆژ وتى: ئه‌گه‌رى زۆر له‌باره‌ى كوژرانى دیبلۆماتكاره‌كه‌ له‌ ئارادایه‌، یه‌كێك له‌وانه‌ بوونى لایه‌نى تره‌ له‌ پشت ئه‌و رووداوه‌وه‌.

وتیشى: "گومانه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان به‌ ئاراسته‌ى پارتى كرێكارانه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر زارى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى توركیاوه‌ ده‌ربڕدرا، ده‌شێت كه‌سانى تریش بن بۆیه‌ چاوه‌ڕوانى ئه‌نجامى لێكۆڵینه‌وه‌كانین".

جه‌واد ئەوەشى خستەڕو کە بەشێوەیەکى گشتى تورکیا، بەغدا و هەولێر تاوانبار ناکات، کە دەستیان لەو رووداو هەبووبێت به‌ڵكو متمانەى تەواویان پێدەکات، به‌هۆى ئه‌وه‌ى هیچ لایه‌نێكى عێراقى به‌رژه‌وه‌ندى له‌ كوشتنى دیبلۆماتكارانى توركدا نییه‌.

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ تائێستا هیچ لایه‌نێك به‌رپرسیارێتى خۆى له‌ رووداوه‌كه‌ نیشان نه‌داوه‌ و راسته‌وخۆ پاش رووداوه‌كه‌ش دیار دەنیز، بەرپرسی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هه‌په‌گه‌) باڵی سەربازی پارتى كرێكارانى كوردستان تایبەت بە دواڕۆژی راگەیاند: ئاگاداری رووداوی تەقەکردن، کوشتن و برینداربوونی کونسوڵ و بەرپرسانی کونسوڵخانەی تورکیا لە هەولێر نین.

وتیشی: "هیچ زانیارییەکمان لەبارەی رووداوەکەوە نیە و هیچ لێدوانێکیشمان نیە لەسەر رووداوەکە".

وە: ئاکۆ زەنگەنە
داڕشتنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure