جێبەجێنەكردنی بەڵێنێك سەیدسادقیەكان نیگەران دەكات

هەواڵ / کوردستان :: 20/07/2019‌ :: 167‌ جار بینراوە

تاگ :: پرۆژە

دواڕۆژ، رێبین حەسەن


دوای زیاتر لەچوار مانگ، لەبەدواداچوون بۆجێبەجێكردنی ژمارەیەك پڕۆژە لەسنووری قەزای سەیدسادق، دواجار پارەی پرۆژەكان خەج ناكرێت و ئەوەش نیگەرانی دانیشتوانی سنوورەكەی لێكەوتۆتەوە.

لەوبارەیەوە، هەڵمەت فەتاح، چالاكوانی مەدەنی لەسەیدسادق بەدواڕۆژی راگەیاند "بۆ ئامادەكاری ساڵیادی خاپوركردنی سەیدسادق، سەرەتای مانگی سێی ئەمساڵ، لەگەڵ سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دانیشتنێكمان ئەنجامدا و دەیان ئیمزای خەڵكی شارەكەمان پێدان، بۆ ئەنجامدانی كۆبونەوەیەكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەساڵیادی خاپوركردنی سەیدسادق لەناو قەزای سەیدسادق ئەنجام بدرێت، سەرۆكی ئەنجومەن پێیوتین پڕۆژە گرنگترە لەكۆبونەوە و گلەیی ئەوەی كرد، كە دەرخستەی هیچ پڕۆژەیەكمان پێ‌ نییە بۆی تا جێبەجێی بكات".

وتیشی: "لەبەر گرنگی پڕۆژە بۆ خەڵكی شارە بێ‌ خزمەتەكەمان بەداواكانی رازی بووین تا كۆبونەوەی ئەنجومەن لەسەیدسادق ئەنجام نەدرێت و پڕۆژەی بۆ ببەین بۆمان جێبەجێ‌ بكات، بەهەوڵی سەرۆكایەتی شارەوانی سەیدسادق و قایمقامیەتی سەیدسادق، لەماوەی هەفتەیەكدا دەرخستەی چوار پڕۆژەمان ئامادەكرد كەبریتی بوون لە (كۆنكرێتكردنی چەند گەڕەكێكی نزیك بازاڕ، چەند گەڕەكێكی رۆژهەڵات، پڕۆژەی دەروازەی شار لەنزیك سێ‌ بۆرییەكە، پڕۆژەی رێگای سەراوی سوبحان ئاغا بۆ ناو سەیدسادق) پاش دە رۆژ گەیاندمانە ئەنجومەنی پارێزگا هەرلەوێ‌ سەرۆكی ئەنجومەن لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران قسەی كرد بەڵێنی جێبەجێ‌ كردنی درا".

ئاماژەی بەوەشكرد: بەڵام ماوەی زیاتر لەچوار مانگە لەڕێگەی سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنەوە بەدواداچوون بۆ جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژانە دەكەین، بەئومێدی جێبەجێكردنی دواجار ئەمڕۆ پێمان راگەیەندرا هەر چوار پڕۆژەكە جێبەجێ‌ ناكرێت، لەچوارچێوەی بڕیارێكی جێگری سەرۆكی حكومەت كەپارە و بودجە بۆ پڕۆژەی نوێ‌ خەرجناكرێت و پێمان راگەیەنرا، كەدەست لە هەر چوار پڕۆژەكە بشۆین، ئەمە لەكاتێكدا سەرۆكی ئەنجومەن لەساڵیادی خاپوركردنی سەیدسادق، وەك موژدە بەخەڵكی سەیدسادقی راگەیاند ئەو چوار پڕۆژەیە جێ‌ بەجێ‌ دەكرێت، ئەوەی مایەی تێڕامان و سەر سوڕمانە چۆن سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئەو بەڵێنەی دا و دەڵێت "دەستی لێ‌ بشۆن جێ‌ بەجێ‌ ناكرێت".

لەسەر ئەو پرسە، ئەنوەر تاهیر، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، بەدواڕۆژی راگەیاند: دوایئەوەی كۆمەڵێك چالاكوان و دانیشتووانی سەیدسادق هاتنە لامان و وتیان چوار پڕۆژە هەبوون، كە سەرجەمیان لەسنوورەكەدا وەستابوون، داوایان كرد ئێمە بەدەم جێبەجێكردنی داواكارییەكانیانەوە بچین، دواتر ئێمەش پڕۆپۆزەلی هەر چوار پڕۆژەكەمان بەنووسراوی فەرمی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتی بانكی هەرێم كرد، كە ئەم بانكە لەڕێی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە، بەڵێنیان بەسەرۆكی ئەنجومەن دابوو پارە بۆ ئەو پڕۆژانەی سەیدسادق دابیندەكەن، لەڕێگەی سەرۆك و جێگری سەرۆکی حكومەتەوە، دوای ئەوەی كە چەندینجار نووسراوی جەختكردنەوەمان كرد و بەڵێنی زارەكیان پێدابووین، بەڵام بەداخەوە ئێمە چاوەڕێ بووین كە پڕۆژەكان جێبەجێ بكرێن و وەڵام وەربگرینەوە، كە بودجە بۆ پڕۆژەكان دابینكراوە، کەچی بە نەرێنی وەڵام دراینەوە.

وتیشی: "زۆر زۆر بەداخەوە لەلایەن بەڕێوەبەری بانكی هەرێم و نوسینگەی جێگری سەرۆكی حكومەت ئاگاداركراینەوە ئەو پڕۆژانە جێبەجێناكرێن و ئەوەش نیگەرانی زۆری لای ئێمە و دانیشتوانی سنوورەكە دروستكردووە، بەپاساوی جیاواز و نەبوونی پارە و بڕی پارەكەش زۆر نییە لە توانای بانكی هەرێم و حكومەتدایە کە پارەکە دابین بکات".

 

پ: ک. س

بڵاوکردنەوە: ئارام غەفور



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure