حه‌مه‌ مه‌نتك: زۆرێک لە نووسەران و توێژەران بە هەڵە وشەی ڕەخنە بەکاردەهێنن

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: 20/07/2019‌ :: 164‌ جار بینراوە
محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن (دكتۆر حه‌مه‌ مه‌نتك) پسپۆری ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كوردی

دواڕۆژ

محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن (دكتۆر حه‌مه‌ مه‌نتك) پسپۆری ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كوردی، كه‌ بێجگه‌ له‌ ده‌یان وتار و توێژینه‌وه‌، خاوه‌نی چه‌ند كتێبێكه‌ له‌ بواری ئه‌ده‌ب و ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كوردیدا، له‌م دیداره‌ی دواڕۆژدا باس له‌ مێژووی ئه‌ده‌ب و ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كوردی ده‌كات. 


دواڕۆژ: مێژووی ئەدەبی كوردی لە كەیەوە دەست پێدەكات؟ 

د. حەمە مەنتك: پرسیارەکە زۆر گشتییە، کاتێك دەڵێین مێژووی ئەدەب، واتە تۆمارکردن و خڕکردنەوەی ئەو دەقە ئەدەبیانەی میلـلەتی کورد خاوەنیەتی. ئەوانەی کتێبیان بە ناوی مێژووی ئەدەبی کوردییەوە چاپ کردووە، بۆچوونی جیاوازیان لەبارەی سەرەتای مێژووی ئەدەبی کوردییەوە هەیە. هێندێک سەرەتای مێژووی ئەدەبی کوردی بۆ ئەو دەقانەی لە ئایینە کۆنەکانی کورد، بۆ نموونە زەردەشت و یارسان-دا هاتوون دەگەڕێننەوە. هێندێکی دیکە سەرەتاکەی بۆ دەقە شیعرییەکانی باباتاهیری هەمەدانی دەگەڕێننەوە. هەرچۆنێک بێت، لەم لایەنەوە کەموکوڕیی زۆر زۆرمان هەن. بە شێوەیەک نازانی باسی کیهان لایەن بکەین. زۆربەی ئەوانەی مێژووی ئەدەبی کوردییان نووسیوەتە، تەنێ یەخەی شیعریان گرتووە، وەک ئەوەی کورد بەس شیعری هەبێت. بۆ نموونە کتێبی (ئەنجوومەنی ئەدیبان)ی (ئەمین فەیزی بەگ) لە سەردەمی عوسمانییەكان، (شیعر و ئەدەبیاتی كوردی) لە نووسینی (ڕەفیق حیلمی)، (مێژووی وێژەی کوردی) لە نووسینی (سدیق بۆرەکەیی)، (دیوانا كورمانجا) لە نووسینی (عەبدولڕەقیب یووسف)، (مێژووی ئەدەبی كوردی) لە نووسینی (عەلائەددین سەجادی)، (مێژووی ئەدەبی كوردی) لە نووسینی (د.مارف خەزنەدار)، (مێژووی ئەدەبی کوردی) لە نووسینی (د.عیزەددین مستەفا ڕەسووڵ) و کتێبی (تاریخ ادبیات کردی از ێغاز تا جنگ جیهان اول) لە نووسینی (د.جەمال ئەحمەدی) بە زمانی فارسی. هێندەی ئەمن لەم کتێبانە ڕامابم هیچیان نەیانتوانیوە سەرەتایەکی دیاریکراو بۆ ئەدەبی کوردی دیاری بکەن. ئەمەیش بە بڕوای من بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە. یەک لە هۆکارەکان نووسەرەکان زۆربەیان یەخەی شیعریان گرتووە، وەک ئەوەی کورد تەنیا شیعری هەبێت. هەرچەندە زۆربەیان ئەدەبی کوردی، وەک باسم کرد، بۆ کتێبی ئاڤێستای زەردەشت و سەرەنجامی یارسانەکان دەگەڕێننەوە. بەمەیش پەرتییەکی بڵاو لە دیاریکردنی سەرەتایەک بۆ مێژووی ئەدەبی کوردیدا هەیە. واتە ناتوانین ئەو ماوە زەمەنیەی بۆ مێژووی ئەدەب پێویستە دیاری بکەین.
هۆکارێکی دیکە ئەوەیە هیچ یەکێک لەو نووسەرانە مێتۆدیان بۆ نووسینەوەی مێژووی ئەدەبی کوردی نەبووە. واتە نەیاتوانیوە مێژووی ئەدەب بکەنە بوارێك بەرانبەر مێژووی فەلسەفە، مێژوو سیاسی، مێژووی ئابووری و مێژووی زانستەکان بوەستێتەوە. تەنانەت توێژەر و ئەکادیمیستی زانکۆکانی کوردستان نەیانتوایوە لە ڕووی زانستییەوە توێژینەوە لەو بوارە بکەن. هاوکات ناوەندێکی وەکوو ئەکادیمیای کوردی لە هەولێر و مەڵبەندی کوردۆلۆجی لە سلێمانی هێندەی بنکەی ژین لە سلێمانی خزمەتیان بە مێژووی ئەدەبی کوردی نەکردووە. مێژووی ئەدەبی کوردی تەنیا شیعر ناگرێتەوە، بەڵکوو کۆی چەشنە ئەدەبییەکان، ڕۆژنامەگەری، ئەدەبی فۆلکلۆری و میلـلی...تاد دەگرێتەوە. ئەمەیش لە زۆربەی ئەو کتێبانەی بە ناوی مێژووی ئەدەبی کوردییەوە نووسراون، لەم ڕووەوە کێماسیان تێدایە. بۆ نموونە هیچیان نەهاتوون لە ڕووی چەشنە ئەدەبییەکانەوە لە ئەدەبی کوردی بکۆڵنەوە! یان بەپێی سەردەم مێژووی ئەدەبی کوردی دیاری بکەن، یان بەپێی ڕێبازە ئەدەبییەکان توێژینەوە لەم ڕووەوە بکەن. بۆیەیش هیچ سنوورێکمان لە نێوان مێژووی ئەدەبی و ڕەخنەی ئەدەبی دیاری نەکردووە. بەداخەوە نەهاتووین سوود لە تیۆرییەکانی مێژووی ئەدەبی لە ڕۆژئاوا بۆ نووسینەوەی مێژووی ئەدەبی خۆمان وەرگرین. توێژەرێکی وەکوو (هیبۆڵت تین ١٨٢٦-١٨٩٣) لە توێژینەوەکانیدا هەوڵیداوە پێوەندییەک لە نێوان ڕەخنەی ئەدەبی و مێژووی ئەدەبی دروست بکات، ئەو پێداگریی لەسەر ئەوە دەکردەوە لە ڕێی مێژووی ئەدەبەوە سایکۆلۆجییەتی میلـلەت ئاشکرا بکەین، ئەم توێژەرەوە دەیویست سیما دەروونییەکانی نووسەر، یان میلـلەت لە ڕێی مێژووی ئەدەبییەوە دەربخات. بەڵام لە زۆربەی ئەو کتێبانەی لەبارەی مێژووی ئەدەبی کوردییەوەن، ئامانجی وەها نابیندرێت. واتە توێژەرانی کورد تەنیا خەمی ئەوەیان بووە بیسەلمێنن کوردیش وەکوو فارس و عەرەب و تورک ئەدەبیاتی هەیە. توێژەرێکی وەکوو (گۆستاڤ لانسۆن) لە ڕێی نووسینی مێژووی ئەدەبییەوە ئەوەی سەلماند ئەدەب خولقێنەری ڕووداوە مێژوویییەکانە. بۆیەیش ئێمە وەکوو کورد تاکوو ئێستا نە تیۆرییەکمان بۆ توێژینەوە لە ئەدەبی کوردی هەیە، نە مێتۆدێکمان بۆ نووسینەوەی مێژووی ئەدەبی کوردی هەیە. هەوڵەکانی د.مارف خەزنەدار، د.عیزەددین مستەفا ڕەسووڵ، سدیق بۆرەکەیی، عەلائودین سەججادی...تاد جودا لە خڕکردنەوە و کۆکردنەوەی دەقی ئەدەبی شتێکی دیکە نین. ئایا ئەم هەوڵانە توانیویانە لایەنی کۆمەڵایەتی، دەروونی و فەرهەنگی میلـلەتی کورد نیشان بدەن؟ بێگومان نەخێر. من خەتی ڕاست و چەوت بەسەر ئەم هەوڵانەدا ناهێنم، بەڵام هەر کەسێکی هەندەک شارەزا لە بواری ئەدەب، ئەو کەرەسانەی لەبەر دەست بێت، دەتوانێت لە ڕووی مێژوویییەوە پۆلێنیان بکات و دەقەکانیان دابنێت.

دواڕۆژ: رەخنەی ئەدەبی كوردی لە چ ئاستێكدایە؟
د. حەمە مەنتک: لە چاوپێکەوتنی دیکەیش ئەوەم گوتووە، بە داخەوە تاکوو ئێستایش زۆرێک لە نووسەران و توێژەران بە هەڵە وشەی ڕەخنە بەکاردەهێنن. تاکوو ئێستایش وشەی ڕەخنە بە واتای دەستنیشانکردنی لایەنی کەموکوڕی دەق دێت، تاکوو ئێستایش ئێمە ڕەخنە لە ڕاستکردنەوەی دروستنووسیی زمان، هەڵەی زمانەوانی کورت دەکەینەوە. هێندێ جار ڕەخنە لە سەرنجنووسین کورت دەکەینەوە. بۆیەیش تاکوو خۆمان لەو گرفتانە ڕزگار نەکەین، ڕەخنەی ئەدەبی بەردەوام لە پاشەکشەدا دەبێت، چونکە دەبێتە مۆدێلێک و دەچەسپێت. ئێستایش لەناو کورد ڕەخنەی ئەدەبی بە واتای بڕیاردان و شیکردنەوەی دەق دێت. بە هیچ شێوەیەک ڕەخنە بڕیاردان نییە، کاتێك ڕەخنە دەبێت بە بڕیاردان ئەو کات ئەو کەسەی بەناوی ڕەخنەوە شت دەنووسێت، خەڵک دەکات بە ئەحمەق و جاهیل. ڕەخنەی ئەدەبی توێژینەوەیە، هەوڵێکە بۆ ئەوەی لایەنە شاراوەکانی دەق کەشف بکەین، دیوی نەدیوی دەق ئاشکرا بکەین. بۆیەیش ڕەوتی گەشەکردنی ڕەخنەی ئەدەبی هێواش و لەسەرخۆیە. هێندەی خوێنەرانمان خەریکی خوێندنەوەی دەقن، ئەوەندە گرینگی بە خوێندنەوەی دەق نادەن. جۆرێک لە فەوزا و بێ مێتۆدی لە ڕەوتی ڕەخنەی کوردی هەیە. هۆکارەکەی ئەوەیە ناوەندە ئەکادیمییەکانی وەکوو زانکۆکان هیچ رۆڵێکیان لە بەرهەمهێنانی ڕەخنەدا نییە، ئەگەر هەیشبێت تاکوتەرا هەوڵی کەسین. بۆیەیش تاکوو ئێستایش ڕەخنەی کوردی نەبۆتە پڕۆژەیەکی مەعریفی و ڕووناکبیریی. بە بڕوای من لە هەر شوێنێک پڕۆژەی مەعریفی ئامادەیی نەبوو، ئەوا نیشانەی ئەوەیە ڕەخنە ئامادەیی نییە. لێرەدا ڕەخنە بە واتای توێژینەوە بەکاردێنم. ڕەخنە هەوڵێکە بۆ ئەوەی پرسیار بکەیت، توێژینەوەیەکە کۆی زانستە مرۆڤایەتییەکان لە خۆی دەگرێت، چونکە هەموو ئەو زانستانە پەنای بۆ دەبەن.
ڕەوتی ڕەخنەی کوردی بەردەوام پڕۆژەیەکی تاکەکەسی بووە، پڕۆژەیەکی گشتی و هەمەلایەنە نەبووە. هەوڵەکانیش، هەوڵی تاکەکەسین لێرەوەیە گوتم ڕەوتی ڕەخنەی کوردی خاوە و لەسەرخۆیە. بەردەوام ئەوانەی نووسینی بەناو ڕەخنەیی دەنووسین بیرکردنەوەی کەسیی و ئایدیۆلۆجی خۆیان تێکەڵ بە نووسینەکەیان دەکەن. کاتێك ئەم شێوەیە ڕوودەدات، ئەوا بڕیاردان دێتەکایەوە. نووسەر بڕیاردەدات، یان شت بۆ ئەو دەقە زیاد دەکات، کە لەبارەیەوە نووسیویەتی. هێندێ جار دەڵێت دەبوایە نووسەر وەهای نووسیبا و وەهای نەنووسیبا. ئەم مۆدێلە لە نووسین بە ناوی ڕەخنەوە، هەوڵێکە بۆ پەکسختنی ڕەوتی ڕەخنەی کوردی. ئەوەی ئەم مۆدێلە لە نووسین دەنووسێت، هێشتا لە ئەلفبێی ڕەخنە نەگەیشتووە.
پنتێکی دیکە لەوەی ڕەوتی ڕەخنەی کوردیی لە گەشەکردن خاوکردۆتەوە، لێشاوی بەرهەمهێنانی دەق-ە. دەبینین هەموو کەس دەق دەنووسێت، لە یەک کاتدا شیعر، ڕۆمان، چیرۆک دەنووسێت، ئەمە ئاسایییە بە مەرجێ دەقی باش بنووسێت. ئەم لیشاوی دەقنووسینە، بە دیوێکدا وا دەکات دەقی هەرزان و ناهونەریی زۆر بێت. کەم کەس خۆی بە توێژینەوەی ڕەخنەیییەوە خەریک دەکات، ئەمەیش کاریگەریی دەبێت، چونکە بێ توێژینەوەی ڕەخنەیی ناتوانین ئەدەب بکەینە مەیدانێک بۆ توێژینەوەی سۆسیۆلۆجی، سایکۆلۆجی، زمانناسی و ئەنسرۆپۆلۆجی. بە هۆی لاوازیی ڕەوتی ڕەخنەی ئەدەبییەوە، ئەدەب کاریگەری لەسەر خەڵک نییە. هێندەی پۆستێکی فەیسبووکی کاریگەریی هەیە، هێندە ڕۆمانێک، دیوانێکی شیعری کاریگەریی نییە. یەکێک لە هۆکارەکان، بە بڕوای من، بۆ نەبوونی توێژینەوەی ڕەخنەیی دەگەڕێتەوە. دەبێ ئەوەیش بڵێم بە هۆی لاوازیی ڕەخنەی کوردییەوە، خوێنەری هوشیار کەم دەبێت. خوێنەرگەلێک دروست دەبێت بە هەموو کتێبێک و دەقێک ڕازییە. پەنا بۆ خوێندنەوەی کتێب و دەقی هەرزان دەبات. ئێستا، کە لێشاوێک خوێنەری کتێبگەلی وەکوو: چۆن دەوڵەمەند دەبیت؟ حەوت ڕۆژ بۆ سەرکەوتن؟ چۆن بیردەکەیەوە؟ وتە جوانەکانی فڵان و دەیان کتێبیکی دیکەی لەو جۆرە. ساڵانە لە پێشانگەی کتێب لە شاری هەولێر ئەو ئامارانەمان بەرچاو دەکەوێت. ئەمانە هەموو بەڵگەی ئەوەن ڕەخنەی ئەدەبی لە گەشەکردن وەستاوە. چونکە ئەوە ڕەخنەیە خوێنەرگەلێکمان بۆ دروست دەکات، بە خوێندنەوەی هەموو کتێبێک ڕازی نەبێت. ئەمانە هەموو گرفتن و یەخەی ڕەخنەی ئەدەبی کوردییان گرتووە.

دواڕۆژ: دەتوانین بەراوردی ڕەخنەی ئەدەبی كوردی لەگەڵ ڕەخنەی ئەدەبی جیهانیدا بكەین؟
د. حەمە مەنتك: لەڕاستیدا پرسیارەکە زۆر ناڕوونە، نازانم مەبەستت لە بەراوردکردن چییە؟ ڕەنگە مەبەستتان ئەوە بێت ڕەخنەی ئەدەبی کوردی لە کوێی ڕەخنەی ئەدەبی جیهانیدایە؟ بێگومان ئەگەر بڵێین ڕەخنەی ئەدەبیمان نییە، غەدرێکی گەورە دەکەین، ڕەخنەی کوردیش ببەینە ئاستی ڕەوتی ڕەخنەی جیهانییەوە کارێکی زۆر نازانستییە. بە داخەوە ڕەخنەگرانی کورد، تاکوتەرایان نەبێت، ئاگاداری ڕەوتی ڕەخنەی جیهانی نین. باشتر وایە بڵێین ڕەخنەی ئەوروپی، چونکە هەموو تیۆر و مێتۆدەکانی ڕەخنەی ئەدەبی بۆ ئەوان دەگەڕێنەوە. ئەزیزم..ڕەخنەی ئەدەبی کوردی چۆن بگاتە کاروانی ڕەوتی ڕەخنەی جیهانی کە هێندێک باوەڕیان بە کارکردنی مێتۆد لە ڕەخنەی ئەدەبیدا نەبێت؟! من دەمێکە دەڵێم پێویستیمان بە تیۆریزەکردنی تیۆر و مێتۆدەکانی ڕەخنەی ئەوروپییە لە ڕەخنەی کوردیدا. واتە سەرەتا دەبێ شارەزایی تەواومان لەبارەی چەمکی ڕەخنە و مێژووی ڕەخنە و چۆنیەتی گەشەکردنی ڕەخنە لە ئەوروپا و جیهان هەبێت، بۆ ئەوەی لانیکەم هەوڵی دامەزراندنی تیۆرییەک بۆ ڕەخنەی ئەدەبی کوردی بدەین. لە ئەدەبیاتی کوردیدا شاعیرێکی وەکوو (شێخ نووری شێخ ساڵح) زنجیرە وتارێک بە ناوی (ئەدەبیاتی کوردی) لە ڕۆژنامەی ژیان بڵاو دەکاتەوە، دەکرێ بە سەرەتایەکی تیۆریی بۆ رەخنەی کوردی هەژمار بکەین. بۆچوونگەلی زانستیی جوانی لەبارەی ئەدەبیات و ڕەخنەوە تێدان. ڕاستە هێندێک لە بۆچوونەکانی لەژێر کاریگەریی بۆچوونی نووسەرانی ئەوروپی و عەرەبی و تورکییەوە نووسیوە، بەڵام ماکی کوردیشیان پێوە دیارە.
برا..ئێمە سەرەتا پێویستیمان بە ناسینی ئەدەبیات و رەخنەیە لە ڕووی تیۆرییەوە، مەبەستم ئەدەبیاتی کوردییە. تاکوو مۆرکێک بۆ ئەدەبیاتی کوردی دیاری نەکەین، کە ئەرکی ڕەخنەیە ئەم کارە بکات، ناتوانین نەک ڕەخنە، بەڵکوو دەق و ئەدەبیاتیشمان لە کاروانی گەشەکردنی ئەدەبدا دوادەکەوێ. بەداخەوە زۆر بێخەمین لەبارەی دەق و ئەدەبیاتی کوردی، زانکۆکانیش خەمێکی وەهایان نییە، پڕۆژەیەکی وەکوو ئەدەبناسی کوردییان نییە. بە کورتی دەمەوێ بڵێم ئەدەب و ڕەخنەی کوردی هێشتا ماویەتی بە ڕەخنەی جیهان بگات، بەڵام ئەوە واتای ئەوە نییە دەستوپێی بەسترابێت و لە جووڵە کەوتبێت، نەخێر بەردەوامە و هەوڵی جوانیش هەن.

دواڕۆژ: جیاوازیی ڕەخنە و لێكۆڵینەوەی ئەدەبی چییە؟
د. حەمە مەنتك: سەرەتا من کێشەم لەگەڵ زاراوەی لێکۆڵینەوەدا هەیە، بە بڕوای من لێکۆڵینەوە کاری پۆلیس و دادوەرە. ئەوە پۆلیسە لێکۆڵینەوە لە ڕووداوێکی تاوانکاریی دەکات، ئەوە دادوەرە لێکۆڵینەوە لە تاوانبارێک، یان تۆمەتبارێک دەکات. پۆلیس و دادوەریش هەمیشە بڕیار دەدەن، ڕەخنەیش لە کاری بڕیاردان بەدەرە. بە بڕوای من زاراوەی توێژینەوە پڕ بە پێستی ئەو پرۆسێسەیە، کە ڕەخنەی ئەدەبی بەرانبەر دەق ئەنجامی دەدات. لە وەرامی پرسیاری یەکەمدا ئەوەم ڕوون کردەوە، ڕەخنەی ئەدەبی خودی توێژینەوەی ئەدەبییە. واتە ئەگەر ڕەخنە لە توێژینەوە جودا بکەینەوە کارێکی نازانستی دەکەین. ناکرێ ڕەخنە وەک توێژینەوە نەبینین، ئەگەر ڕەخنە بە شتێکی جوداواز لە توێژینەوە ببینین، یان لەقەڵەمی بدەین، ئەوا نیشانەی نەشارەزاییمانە لە ئەلفبێی ڕەخنە و مێتۆدەکانی ڕەخنەی ئەدەبی.
کاتێک دەڵێم ڕەخنە خودی توێژینەوەیە، واتە ڕەخنە داهێنانە. داهێنانی شتێکی نوێ لە دەقدا، دەق کۆمەڵێک نهێنی و کۆدی لە خۆیدا هەڵگرتووە، هەمیشە ڕەخنەگر هەوڵدەدات کۆدەکان بکاتەوە، بە کردنەوەی کۆدەکانیش خوێندنەوەیەکی نوێ، دەقێکی نوێ لەناو دەقەکە بەرهەمدەهێنێت. دواجار لە مێتۆدەکانی وەرگرتندا خوێنەر وەکوو ڕەگەزێکی سەرەکی دێتە ناو ڕەخنەوە. واتە هەموو خوێنەرێک ئەرکی ڕەخنەگرێک جێبەجی دەکات. پێشتر لایەنی خوێنەر لە ڕاڤەکردنی دەقدا فەرامۆش کرابوو، بۆیەیش بەرهەمهێنانی واتا ئەنجامی کارلێکی نێوان دەق و خوێنەرە، چونکە بەرهەمی ئەدەبی نە بە تەواوی دەقێکە، نە بە تەواوی خودی خوێنەرە، بەڵکوو تێکەڵەیەکە لە هەردووکیان، واتە بە بەرکەوتنی هەردووکیان واتای دەقی ئەدەبی دێتەئەنجام. بە بڕوای ئەم ڕەخنەگرە لە هەموو سەردەمێک ڕەخنەگران دەگۆڕێن، کەواتە خوێندنەوە هەرجارە واتایەکی تازە بەرهەم دەهێنێت. کەواتە خوێنەر جێی نووسەر دەگرێتەوە، هەموو خوێنەرێك بەپێی ئاسۆی بیرکردنەوەی واتایەکی نوێ و جوداواز لە خوێنەرێکی دیکە بەرهەم دەهێنێت. کەواتە من پێداگریی لەسەر ئەوە دەکەمەوە ڕەخنە خودی توێژینەوەی ئەدەبییە، نابێ جوداوازیی لە نێوانیاندا بکەین.

پ: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure