نرخى خزمه‌تگوزارییه‌ك له‌ هه‌رێم بۆ 10 هێنده‌ به‌رزده‌بێته‌وه‌

هەواڵ / ئابوری :: 19/07/2019‌ :: 23881‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ڕاپۆرتی عیسا عه‌بدولقه‌هار


زیادكردنی نرخی عه‌ریزه‌نووسه‌كان ناڕه‌زایی لێده‌كه‌وێته‌وه‌ و داواده‌كرێت زیادكردنی نرخه‌كه‌ رابگیرێت، به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی داد_یش ده‌ڵێت: "زیادبوونی نرخه‌كه‌ بڕیاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌ و به‌شێكی زیادكردنه‌كه‌ش بۆ ده‌رماڵه‌ی فه‌رمانبه‌ران ده‌بێت".

رێبین سه‌باح، پارێزه‌ری راوێژكار له‌ هه‌ولێر به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: "لەمەودوا كاری نوسینی بریکارنامە (وکالە) له‌لایه‌ن کۆمپانیایەک رایی ده‌كرێت و یه‌كه‌مجاریش له‌ ناحیه‌ی عه‌نكاوه‌ جێبه‌جێكراوه‌". 

وتیشی: "نرخی هه‌ر بریكارنامه‌یه‌ك پێشتر به‌ دوو هەزار و 500 دینار بوو، به‌ڵام ئێستا  كراوه‌ته‌وه‌ 25 هەزار دینار كه‌ ئه‌مه‌ش نرخه‌كه‌ی زۆر به‌رزه‌ و له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكدا نییه‌، گه‌ر حكومه‌ت بیه‌وێت كارئاسانی بۆ خه‌ڵك بكات، نابێت له‌سه‌ر حیسابی خه‌ڵك بێت". 

زیادكرنی نرخی ئه‌و خزمه‌تگوزارییه‌ نیگه‌رانی لای عه‌ریزه‌ نووسه‌كان لێكه‌وتووەته‌وه‌ و داواده‌كه‌ن زیادكردنی نرخه‌كه‌ رابگرێت.

محه‌مه‌د وه‌سمان، كه‌ زیاتر له‌ 20 ساڵه‌ لە به‌رده‌م فه‌رمانگه‌ی دادنووسی هه‌ولێر عه‌ریزه‌ نووسه‌، له‌و بڕیاره‌ نیگه‌رانه‌ و پێیوایه‌، بڕیاره‌كه‌ ده‌بێته‌ هۆی نان بڕینی عه‌ریزه‌ نووسه‌كانی پارێزگاكانی هه‌رێم.

ئه‌و عه‌ریزه‌ نووسه‌، ده‌ڵێت: "بڕیاره‌کە زۆر خراپه‌ و له‌به‌ژه‌وه‌ندی عه‌ریزه‌ نووسه‌كاندا نییه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ بۆ نووسی عه‌ریزه‌ یه‌ك هه‌زار دینارمان زیاتر وه‌رگرتبووایه‌، ئه‌وا سزا ده‌دراین، به‌ڵام ئێستا له‌ پڕ نرخی عه‌ریزه‌ نووسین له‌  دوو هەزار و 500 دیناره‌وه‌ بۆ 25 هه‌زار دینار زیادكراوه‌".

وتیشی: "بڕیاره‌كه‌ واده‌كات ئێمه‌ نه‌توانین به‌رده‌وام بین له‌ كاره‌كه‌مان، به‌مه‌ش سه‌رجه‌م عه‌ریزه‌ نووسه‌كان له‌ پارێزگاو قه‌زاو ناحیه‌كان نان بڕاو ده‌بن".

له‌باره‌ی هۆكاری زیادبوونی نرخه‌كه‌، ئازاد رۆسته‌م كاریتانی، به‌ڕێوه‌بەری‌ گشتیی فه‌رمانگه‌ دادییه‌كان له‌ وه‌زاره‌تی‌ دادی هه‌رێم به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: "بڕیاری زیادكردنی نرخی بریكارنامه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمه‌وه‌ ده‌ركراوه‌ و ئێمه‌ جێبه‌جێی ده‌كه‌ین".

وتیشی: "پڕۆژه‌ی‌ به‌ ئه‌لیكترۆنیكردنی‌ نوسینی‌ عه‌ریزه‌ له‌فه‌رمانگه‌ دادییه‌كان، یه‌كه‌م هه‌نگاوی به‌ ئه‌لیكترۆنیكردنی كاره‌كانی وه‌زاره‌تی داده‌، كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ بڕیاری لێدراوه‌".

له‌باره‌ی ورده‌كاری زیادبوونی پاره‌كه‌، ئازاد رۆسته‌م وتی: "به‌پێی رێكکه‌وتێك له‌گه‌ڵ كۆمپانیایه‌كی كه‌رتی تایبه‌ت، بڕی 25 هه‌زار دینار وه‌رده‌گیرێت به‌ڵام بڕی دوو هه‌زار و 500 دینار وه‌كو داهات بۆ خه‌زینه‌ی حكومه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، هه‌روه‌ها دوو هه‌زار دینار ده‌درێته‌ ده‌رماڵه‌ی فه‌رمانبه‌ران، چونكه‌ فه‌رمانبه‌رانی فه‌رمانگه‌ دادییه‌كان زیاتر ماندووده‌بن".

به‌رپرسه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی داد، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: نوسینی‌ عه‌ریزه‌ گۆڕانكاری به‌سه‌ردادێت و ده‌كرێته‌ كۆمپیوته‌ر و به‌ سیسته‌مێكی نوێ كارده‌كرێت، وێنه‌ی كه‌سی داواكار به‌كۆمپیوته‌ر ده‌گیرێت بۆئه‌وه‌ی ساخته‌كاری تێدا نه‌كرێت، هه‌روه‌ها خولێك بۆ عه‌ریزه‌ نووسه‌كان ده‌كرێته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی فێری كۆمپیوته‌ر ببن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌به‌ر به‌سه‌رچوونی ته‌مه‌ن نه‌یانتوانی سوود له‌ خوله‌كه‌ وه‌ربگرن، ئه‌وا ده‌توانن كچ یان كوڕێكیان له‌ شوێنی خۆیان دابنێنن ئه‌مه‌ش بۆئه‌وه‌ی كه‌ نان بڕاو نه‌بن.

ئازاد رۆسته‌م، راشیگه‌یاند: "چه‌ند خزمه‌تگوزارییه‌ك له‌ فه‌رمانگه‌ دادییه‌كان زیادده‌كرێت و وه‌كو پێشتر هاووڵاتییه‌ك كه‌ بۆ مامه‌ڵه‌یه‌ك له‌به‌ر گه‌رمای هاوین و بارانی زستان چاوه‌ڕێی نەكه‌ن، به‌ڵكو شوێنی‌ حه‌وانه‌وه‌یان بۆ ته‌رخانده‌كرێت و وه‌سلیه‌كانی فێنككه‌ره‌ و گه‌رمكه‌ره‌وه‌یان بۆ دابینده‌كرێت، هه‌روه‌ها مۆر و خه‌تم و ئه‌رشیف و به‌راییه‌كان به‌ ئەلیكترۆنی ده‌كرێت و له‌گه‌ڵ سیستمی خزمه‌تگوزاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌به‌سترێته‌وه‌.

پ: ک. س

ب: ئا.ح



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure