72 كه‌یسى گه‌نده‌ڵی ره‌وانه‌ى دادگا كراوە

هەواڵ / کوردستان :: 18/07/2019‌ :: 144‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاراس عەزیز


سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی هەرێم رایده‌گه‌یه‌نێت: 72 كه‌یسى گه‌نده‌ڵیمان ره‌وانه‌ى دادگا كردووه‌، ده‌ڵێت: "داوامان له‌ كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت كردووه‌ ناوی بەرپرسه‌كانیانمان بۆ ره‌وانه‌ بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی فۆرمی ئاشکراكردنی سه‌روه‌ت و سامانیان بۆ ره‌وانه‌ بكه‌ین".


د. ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی هه‌رێمی كوردستان  ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 18ى تەمموز، كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانى له‌باره‌ى كار و چالاكییه‌كانى ده‌سته‌كه‌یانه‌وه‌ له‌ شارى هه‌ولێر ئه‌نجامدا و رایگه‌یاند: "داوا له‌ حكومه‌ت ده‌كه‌ین، هاوشێوه‌ی به‌غدا ئه‌نجومه‌نێك بۆ دژایه‌تی گه‌نده‌ڵی دابمه‌زرێنێت، دادگایه‌كی تایبه‌تیش بۆ كه‌یسه‌كانی گه‌نده‌ڵی ته‌رخانبكرێت بۆ ئه‌وه‌ی كه‌یسه‌كانی گه‌نده‌ڵی له‌ خێراترین  كاتدا یه‌كلای بكرێنه‌وه‌".

وتیشى: "فۆڕمی ئاشكراكردنی سه‌روه‌ت و سامان پابه‌ندییه‌كى یاساییه‌،  لە 80 وڵاتی دنیا ئەو میکانیزمە جێبەجێدەکرێت، لە کوردستانیش بەپێویستی دەزانین کە حکومەت پاڵپشتی جددی لێ بکات. هه‌ربۆیه‌، نوسراومان ئاڕاستەی كابینه‌ی نوێ كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ ناوی به‌رپرسه‌كانمان بۆ ره‌وانه‌ بكات تاوەکو فۆرمی ئاشكرا كردنی سه‌روه‌ت و سامانیان بۆ  بنێرین. بۆئه‌وه‌ى، بتوانین چاودێربین بەسەر بەرپرسانی حکومەت و ڕێگربین لە خۆدەوڵەمەندکردنیان لەدەرەوەی یاسا".

سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی له‌ به‌شێكى قسه‌كانیدا باسى له‌و كه‌یسانه‌ى گه‌نده‌ڵى كرد كه‌ له‌ شه‌ش مانگى یه‌كه‌مى ئه‌مساڵدا به‌دواداچوونیان بۆ كردون و ئاشكرایكرد: " له‌ شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ئه‌مساڵدا 88 داوای هه‌واڵده‌ری كه‌یسی گه‌نده‌ڵی تۆمار كراون، كۆی گشتی كه‌یسه‌كانی هه‌واڵده‌ری گه‌یشتووه‌ 245 كه‌یس، 143 داوای سزایى كه‌یسی گه‌نده‌ڵی تۆمار كراون، كۆی گشتی داوای سزایی گه‌یشتووه‌ته‌ 250 كه‌یس".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: "52 كه‌یسمان ره‌وانه‌ی دادگای لێكۆلینه‌وه‌ كردووه‌، 20 كه‌یسی گه‌نده‌ڵیمان ره‌وانه‌ی دادگای تایبه‌تمه‌ند كردووه‌، 17 كه‌یسیش یه‌كلای كراونه‌ته‌وه‌ و بڕیاری دادگایان بۆ ده‌رچووه‌، 105 كه‌یسیش له‌ قۆناغی لێكۆلینه‌وه‌دان".

پ: ئا.ح



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure