جیهان بەکورتی: 12 كوڕ ده‌ستدرێژى به‌كۆمه‌ڵ ده‌كه‌نه‌سه‌ر كچێك

هەواڵ / جیهان :: 18/07/2019‌ :: 45933‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ

ئین سایپره‌س – به‌تۆمه‌تى ده‌ستدرێژیكردنه‌ سه‌ر كچێك له‌ هاوینه‌هه‌وارى ئایا ناپا 12 كه‌س ده‌ستگیرده‌كرێن
(رۆژى چوارشه‌ممه‌ 17ى ته‌مموزى 2019) پۆلیسى هاوینه‌هه‌وارى ئایا ناپا له‌ قوبرس 12 كوڕیان به‌تۆمه‌تى ده‌ستدرێژیكردنه‌ سه‌ر كچێك ده‌ستگیركرووه‌و وابڕیاره‌ (ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 18ى ته‌مموزى 2019) له‌به‌رده‌مى دادگاى قوبرس ئاماده‌بن بۆ دادگایكردنیان، تۆمه‌تباره‌كان هه‌موویان ئیسرائیلین و ته‌مه‌نیان له‌نێوان 16 بۆ 17 ساڵدایه‌ و بۆ گه‌شت چوونه‌ته‌ قوبرس، كچه‌كه‌ش بریتانییه‌ و ته‌مه‌نى 19 ساڵه‌ و بۆ گه‌شت چووه‌ته‌ قوبرس و هه‌موویان له‌هۆتێلێكدا بوون.   


ره‌ئى ئه‌لیه‌وم – پۆمپیۆ: واشنتۆن ئاماده‌یه‌ بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئێران به‌بێ بوونى مه‌رجى پێشوه‌خت و له‌سه‌ر سه‌ركردایه‌تى ئێران پێویسته‌ بڕیار بده‌ن بچنه‌ دانوستانه‌وه‌ له‌سه‌ر به‌رنامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌یان.. زه‌ریفیش ئاماده‌یى وڵاته‌كه‌ى بۆ دانوستان له‌گه‌ڵ ترامپ دووپاتده‌كاته‌وه‌ به‌مه‌رجێك جه‌نگى ئابورى له‌گه‌ڵ ئێران رابگرێت.


میدڵ ئیست مۆنیته‌ر – رێكخراوى لێبوردنى نێوده‌وڵه‌تى: كوه‌یت ده‌یان كه‌سى بێ رەگەزنامەی ده‌ستگیركردووه‌
(رۆژى پێنجشه‌ممه‌ 17ى ته‌مموزى 2019) رێكخراوى لێبوردنى نێوده‌وڵه‌تى رایگه‌یاند: له‌هه‌فته‌ى رابردووه‌وه‌ به‌رپرسانى كوه‌یت به‌شێوه‌یه‌كى ده‌مارگیرانه‌ زیاتر له‌ ده‌یان هاووڵاتى بێ رەگەزنامەیان ده‌ستگیركردووه‌ كه‌ به‌ (بدون) ناوده‌برێن، ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ى داواى مافه‌ یاساییه‌كانى خۆیان كردووه‌.


سى ئێن ئێن – ئه‌و كارمه‌ندانه‌ى له‌ تۆكیۆ به‌ شه‌مه‌نده‌فه‌ر هاتووچۆ ده‌كه‌ن، پێیانوتراوه‌ له‌كاتى یارییه‌كانى ئۆڵۆمپیدا له‌ماڵه‌وه‌ كاربكه‌ن
زیاتر له‌ نیو ملیۆن هاووڵاتى له‌ تۆكیۆى پایته‌ختى ژاپۆن كه‌ رۆژانه‌ دوورییه‌كى زۆر ده‌بڕن بۆ چوونه‌سه‌ر كاره‌كانیان، به‌تایبه‌تى ئه‌وانه‌ى به‌شه‌مه‌نده‌فه‌ر هاتووچۆ ده‌كه‌ن، پێیانوتراوه‌ له‌كاتى ده‌ستپێكردنى یارییه‌كانى ئۆڵۆمپیادى 2020دا كه‌ وابڕیاره‌ له‌ ژاپۆن به‌ڕێوه‌بچێت، له‌ماڵه‌وه‌ كار بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى گرفتى هاتووچۆ دروستنه‌بێت.


نیو یۆرك پۆست – نیگه‌رانییه‌كان له‌سه‌ر سه‌لامه‌تى به‌رنامه‌ى (SafeApp): ئێستا روسیا هه‌موو وێنه‌ كۆنه‌كانتى لایه‌
به‌رنامه‌ى مۆبایلى (SafeApp) كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كى فراوان بڵاوبووه‌ته‌وه‌ و ملیۆنان كه‌س دایانبه‌زاندووه‌ و به‌كاریانهێناوه‌، ئێستا مه‌ترسى ئه‌وه‌ى لێده‌كرێت سه‌لامه‌ت نه‌بێت و هه‌موو زانیارییه‌كانى ناو مۆبایله‌كه‌ت بدزێت، به‌رنامه‌که‌ ساڵى 2017 له‌لایه‌ن شاره‌زایانى ئه‌لیكترۆنى وایه‌رلێس لابه‌وه‌ له‌ شارى سه‌ینت پیته‌سبێرگه‌وه‌ دروستكراوه‌، به‌خۆڕایى ده‌توانیت دایبه‌زێنیته‌ ناو مۆبایله‌كه‌ت و له‌سه‌ره‌تاى كردنه‌وه‌ى به‌رنامه‌كه‌دا داوات لێده‌كات رێگه‌ بده‌یت بچێته‌ ناو هه‌موو زانیارییه‌كانى مۆبایله‌كه‌ته‌وه‌، هه‌ركاتێك رازى بوویت به‌رنامه‌كه‌ كارا ده‌بێت.


ئیندیپێنده‌نت – رووبارێك له‌به‌رزى 11 هه‌زار پێ له‌ چیاى ئاڵپ ده‌دۆزرێته‌وه‌ و نیشانه‌یه‌كى مه‌ترسیداره‌ بۆ گۆڕانى كه‌شوهه‌واى زه‌وى
شاخه‌وانه‌كان وێنه‌ى رووباێكیان له‌به‌رزى 11 هه‌زار پێ له‌ زنجیره‌ چیاكانى ئاڵپ له‌ فره‌نسا گرتووه‌و بڵاویان كردووه‌ته‌وه‌، رووباره‌كه‌ به‌مدواییه‌ له‌كاتى گۆڕان و به‌رزبوونه‌وه‌ى پله‌ى گه‌رما له‌ وڵاتانى ئه‌وروپا و توانه‌وه‌ى خێراى به‌ستەڵه‌كه‌كان له‌ جه‌مسه‌ره‌كانى گۆى زه‌وى ده‌ركه‌وتووه‌، ده‌ركه‌وتنى ئه‌و رووباره‌ زه‌نگێكى مه‌ترسیداره‌ بۆ گۆڕانى كه‌شوهه‌واى گۆى زه‌وى.

ئینتێرناشناڵ نیوز – شاره‌وانى دوبه‌ى به‌كارهێنانى گوڵى سروشتى له‌خواردن و خواردنه‌وه‌كاندا قه‌ده‌غه‌ده‌كات
شاره‌وانى دوبه‌ى به‌كارهێنانى گوڵى سروشتى له‌خواردن و خواردنه‌وه‌ گازییه‌كاندا به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك واته‌ ئه‌گه‌ر بۆ تام بێت یان بۆ جوانى قه‌ده‌غه‌ده‌كات و ده‌بێت هه‌موو خواردنگه‌ و كافتریاكان پابه‌ندبن به‌ بڕیاره‌كه‌وه‌.


ئه‌لبه‌یان – كارنبارو به‌ وه‌زیرى به‌رگرى ئه‌ڵمانیا ده‌ستنیشانكرا
ئاناگرێت كرامپ كارنباوه‌ر به‌ وه‌زیرى به‌رگرى ئه‌ڵمانیا هه‌ڵبژێردرا، ئه‌مه‌ش دووه‌م ژنى ئه‌ڵمانییه‌ له‌ماوه‌ى هه‌فته‌یه‌كدا پۆستى باڵا بگرێته‌ده‌ست له‌دواى ئورسولا ڤۆن دێر لاین كه‌ له‌چه‌ند رۆژى رابردوودا به‌ سه‌رۆكى كۆمسیۆنى ئه‌وروپا هه‌ڵبژێردرا. 


وه‌كاله‌ ئه‌لمه‌دار - پنتاگۆن: هه‌ر بڕیارێك له‌سه‌ر دوورخستنه‌وه‌ى توركیا له‌ ناتۆ به‌ ده‌نگدانى هه‌موو وڵاتانى ئه‌ندام ده‌بێت
وه‌زاره‌تى به‌رگرى ئه‌مریكا رایگه‌یاند: "هه‌ر بڕیارێك له‌سه‌ر دوورخستنه‌وه‌ى توركیا له‌ ناتۆ به‌هۆى كڕینى سیستمى به‌رگرى ئاسمانى موشه‌كى S400ى روسى، ده‌بێت به‌ به‌شدارى و ده‌نگدانى هه‌موو وڵاتانى ئه‌ندامبێت له‌ هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌".

 

ره‌ئى ئه‌لیه‌وم – كۆنگرێسى ئه‌مریكا گرێبه‌سته‌كانى فرۆشتنى چه‌ك به‌ سعودیه‌ به‌به‌هاى 8.1 ملیار دۆلار ره‌تده‌كاته‌وه‌ ئه‌وه‌ش لێدانه‌ له‌ دۆناڵد ترامپ

 

وه‌رگێڕانى: هونه‌ر كه‌مال
پێداچوونەوەو بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە