له‌باره‌ى هاتنی شه‌پۆلێكی كولـله‌ بۆ سلێمانی رونكردنه‌وه‌ ده‌درێت

هەواڵ / کوردستان :: 18/07/2019‌ :: 6343‌ جار بینراوە
کوللـه‌

دواڕۆژ، زریان محه‌مه‌د

ماوه‌ى چه‌ند رۆژێكه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌نگۆیه‌ك بڵاوبووه‌ته‌وه‌ گوایه‌ "رۆژى هه‌ینى شه‌پۆلێكى هاتنى كوللـه‌ روو له‌ سلێمانى ده‌كات"، به‌رپرسێكى وه‌زاره‌تى كشتوكاڵیش ده‌ڵێت: "ئه‌و بابه‌ته‌ هیچ بنه‌مایه‌كى راستى و زانستى نییه‌".


رزگار خدر، جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری کشتوکاڵی سلێمانی به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: ئه‌و قسانه‌ی بڵاوده‌کرێنه‌وه‌ گوایه‌ رۆژى هه‌ینى شه‌پۆلێكى هاتنى كوللـه‌ روو له‌ سلێمانى ده‌كات، دوورن له‌ راستییه‌وه‌، چونکه‌ ئێستا کاتی کوللـه‌ نه‌ماوه‌ و ئه‌و مێرووه‌ به‌ره‌و ناوچه‌ فێنکه‌کان ده‌ڕوات.

وتیشی: "له‌ سه‌ره‌تاى مانگى ته‌مموزه‌وه‌ تا 15ى ئاب زۆربه‌ی زۆری کووللـه‌كان کۆچیانکردووه‌، به‌ره‌و گه‌رما ده‌ڕۆین و کوللـه‌ رووناكاته‌ ئه‌و ناوچانه‌ى كه‌ گه‌رمن".

ئه‌و به‌رپرسه‌ى كشتوكاڵى سلێمانى رونیشیكرده‌وه‌: کوللـه‌ به‌رده‌وام هه‌یه‌ و کۆچکردنیشیان هه‌یه‌، به‌ڵام شتێكى گونجاو نییه‌ بوترێت رۆژی هه‌ینی کۆچی کوللـه‌ ده‌ستپێده‌کات، ئه‌وه‌ ته‌نیا بڵاوکراوه‌ی ناو تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه‌ و هیچ بنه‌مایه‌كى راستى نییه‌".

پ: ئا.ح
بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure