هەوڵدەدرێت مووچه‌ى خانەنشینان زیاد بكرێت

هەواڵ / عێراق :: 18/07/2019‌ :: 19968‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، به‌غدا

ئه‌ندامێكى لیژنه‌ى یاسایى له‌ په‌رله‌مانى عێراق ئاشكراى ده‌كات: حكومه‌تى عێراق پڕۆژه‌یاسایه‌كى داوەته‌ په‌رله‌مان، بۆ گۆڕین و زیادكردنى مووچه‌ى خانه‌نشینى له‌ عێراق، له‌ ئه‌گه‌رى بوونى به‌ یاسا هه‌رێمى كوردستانیش ده‌گرێته‌وه‌.

سه‌لیم شوشكه‌یى، ئه‌ندامى لیژنه‌ى یاسایى له‌ په‌رله‌مانى عێراق، به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: حكومه‌تى عێراق پڕۆژه‌یاسایه‌كى داوه‌ته‌ په‌رله‌مان به‌ناوى (پڕۆژه‌یاساى خزمه‌تى نیشتمانى)، پڕۆژه‌یاساكه‌ هه‌ڵده‌ستێت به‌ یه‌كخستن و لێكنزیكکردنه‌وه‌ى مووچه‌كان، به‌تایبه‌ت له‌ خانه‌نشیندا، زیاتر په‌یوه‌ندى به‌ خانه‌نشینه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌جۆرێك كه‌مترین مووچه‌ى خانه‌نشینى ده‌بێت هێنده‌ هه‌بێت كه‌ بتوانرێت، له‌مڕۆدا كه‌سى خانه‌نشینكراو پێی بژیت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش بڕى 700 هه‌زار دینار دانراوه‌".

وتیشى: "ئه‌و پڕۆژه‌یاسایه‌ دواى ده‌نگ له‌سه‌ردانى ده‌گشتێنرێت، واته‌ هه‌رێمى كوردستانیش ده‌گرێته‌وه‌، چونكه‌ له‌ یاساكه‌دا كوردستان هه‌ڵاوێرنه‌كراوه‌، بۆیه‌ ئه‌و پڕۆژه‌ یاسایه‌ هه‌رێمى كوردستانیش ناچارده‌كات، جێبه‌جێى بكات".

سه‌باره‌ت به‌ پێوه‌ره‌كانى ته‌مه‌ن و ساڵى خزمه‌ت بۆ خۆخانه‌نشینكردن ئه‌و ئه‌ندامه‌ى لیژنه‌ى یاسایى ئاشكراى كرد: فه‌رمانبه‌ر ده‌توانێت، له‌ته‌مه‌نى 50 ساڵیدا خۆى خانه‌نشین بكات، ئه‌گه‌ر 15 ساڵ خزمه‌تى هه‌بێت".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: "ئێمه‌ له‌ لیژنه‌ى یاسایى ئه‌و پڕۆژه‌یه‌مان لایه‌، رێكاره‌ یاساییه‌كانمان ته‌واوكردووه‌، ته‌نها ئه‌وه‌ ماوه‌ له‌ په‌رله‌مان بخرێته‌ڕوو، خوێندنه‌وه‌ى بۆ بكرێت و ده‌نگى له‌سه‌ر بدرێت، ئه‌وه‌ش به‌بڕواى من بۆ مانگى ئەیلولی ئەمساڵ دواده‌خرێت".

پ: ئا.ح
بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure