په‌رله‌مان لەسەر رووداوه‌كه‌ى هه‌ولێر دێتەدەنگ

هەواڵ / کوردستان :: 18/07/2019‌ :: 378‌ جار بینراوە

تاگ :: كوردستانى

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار


له‌سه‌ر رووداوى هێرشكردنه‌كه‌ سه‌ر تیمێكى كونسڵخانه‌ى توركیا له‌ هه‌ولێر، لیژنه‌یه‌كى لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ په‌رله‌مانى كوردستان پێكده‌هێنرێت و به‌دواداچوون له‌ رووداوه‌كه‌ ده‌كات، له‌ ئه‌مڕۆشه‌وه‌ ده‌ستبه‌كارده‌بێت.

محه‌مه‌د سه‌عد،  ئه‌ندامى لیژنه‌ى ناوخۆ و ئاسایش و ئه‌نجومه‌نه‌ خۆجێییه‌كان له‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: ليژنه‌یه‌كى لێكۆڵینه‌وه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌كه‌یانه‌وه‌ بۆ رووداوه‌كه‌ى دوێنى هه‌ولێر پێكهێنراوه‌، ئه‌مڕۆ ده‌ستبه‌كارده‌بێت.

وتیشى: "لێكۆڵینه‌وه‌ بۆ چاودێریكردنى شێوازى لێكۆڵینه‌وه‌و دۆزینه‌وه‌ى بكه‌رانى رووداوه‌كه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ى به‌ زووترین كات ورده‌كارى رووداوه‌كه‌ بۆ راى گشتى بڵاوبكرێته‌وه‌".

ئه‌و ئه‌ندامه‌ى په‌رله‌مان، ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: هه‌موو هه‌وڵێكى حكومه‌ت و په‌رله‌مان بۆئه‌وه‌یه‌ كه‌ متمانه‌ى دیپلۆماتكاران و بازرگانانى بیانى به‌ ئه‌منییه‌تى هه‌رێم له‌ده‌ست نه‌درێت.

(دوێنى چوارشه‌ممه‌ 17ى ته‌مموزى 2019) له‌ رێستۆرانتى هۆكه‌باز له‌ هه‌ولێر، هێرشى چه‌كدارى كرایه‌سه‌ر تیمێكى كونسڵخانه‌ى توركیا له‌ هه‌ولێر، دواتر ئاسایشى هه‌ولێر راگه‌یاند: كارمه‌ندێكى كونسوڵخانه‌ و هاووڵاتییه‌ك كوژراون و هاووڵاتییه‌كى دیكه‌ش برینداره‌"، كه‌ دواتر ئه‌و هاووڵاتییه‌ى به‌ سه‌ختى برینداربوو، گیانى له‌ده‌ستدا".

پ: ئا.ح

بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure