لە مەرزێکی ھەرێمدا رێگری لە ھاتنی جۆرە بارھەڵگرێک دەکرێت

هەواڵ / ئابوری :: 18/07/2019‌ :: 299‌ جار بینراوە

تاگ :: ئابوری

دواڕۆژ، زریان محەمەد

به‌شێك له‌ باره‌ ترانزێته‌كانی بازرگانان له‌ مه‌رزی باشماخ راده‌گیرێت و رێگه‌نادرێت بێنه‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، ئه‌مه‌ش نیگه‌رانی بازرگانانی به‌ دوای خۆیدا هێناوه‌.

‌سیروان محه‌مه‌د، سه‌رۆكی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی بە دواڕۆژی راگەیاند: ژماره‌یه‌ك له‌ بازرگانانی سلێمانی به‌ مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ و گرفته‌كانیان ھاتنە لامان کە زیاتر له‌ 150 بارهه‌ڵگرن و له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌دیوی ئێرانی مه‌رزی باشماخه‌وه‌ پسووڵەی 50 دۆلارییان بۆ نه‌كراوه‌ راگیراون و رێگه‌نادرێت بێنه‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌.

وتیشی: "بازرگانان نیگه‌رانن له‌وه‌ی كه‌ باره‌كانیان به‌ بیانووی نه‌بڕینی پسووڵەی 50 دۆلاری له‌ دیوی ئێرانه‌وه‌ رێگرییان لێده‌كرێت بێنە ناو خاکی کوردستان لەڕێگەی مەرزی باشماخەوە، ئه‌مه‌ش مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌یه‌ بۆ سه‌ر ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌گه‌ر ئه‌م كێشه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت بازرگانان ناچارن رێگەی بازرگانی بگۆڕن و له‌ مه‌رزه‌كانی ناوه‌ڕاست و باشوری عێراقه‌وه‌ كاڵاكانیان هاورده‌بكه‌ن".

ئاماژەی بەوەشدا: داواكارم وه‌زیری دارایی و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێم و پارێزگاری سلێمانی بێنه‌ سه‌ر خه‌ت و كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌ربكه‌ن، تاوكو بازرگانان توشی زه‌ره‌ر و زیانی زیاتر نه‌بن، ئه‌گه‌ر به‌زووترین کات كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌رنه‌كرێت زیانی گه‌وره‌ به‌ر كه‌رتی بازرگانی ده‌كه‌وێت، كاڵا و شتومه‌ك له‌سه‌ر هاووڵاتیان گران ده‌بێت و بازرگانان ناچار ده‌بن رێڕه‌وی كاری بازرگانی بگۆڕن.

هاوكات ئه‌حمه‌د كه‌لاری، نوێنه‌ری بازرگانانی گه‌رمیان و ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی كارگێڕی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی بەدواڕۆژی راگه‌یاند: له‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ به‌رپرسی گومرگی مه‌رزی باشماخ له‌ دیوی ئێران ئاغای پەنای ھەق، پێیڕاگه‌یاندین ئه‌و پسووڵەی 50 دۆلارییه‌ بۆ هیچ بارهه‌ڵگرێك ناكه‌ن و كێشه‌كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ئه‌وانه‌وه‌ نیه‌، ده‌بێت له‌ خاكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ پسووڵه‌ی گومرگیان بۆ بكه‌ن و بچنه‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، هه‌ر بارهه‌ڵگرێكیش بگه‌ڕێته‌وه‌ پسووڵەی 50 دۆلاری بۆ ناكه‌ین.

ئەمەش لەکاتێکدایە لەماوەی شەش مانگی رابوردوودا ھەمان کێشەی بارھەڵگرە ترانزێتەکان بۆ بازرگانان دروستبوو باش لابردنی ئەو 50 دۆلارە لە ئێستادا ھەمان کێشە سەری ھەڵداوەتەوە.

پ: چ.ع
بڵاوكردنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure