خانه‌قینیه‌كان واژۆ بۆ پرسێكى نه‌ته‌وایه‌تى كۆده‌كه‌نه‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 18/07/2019‌ :: 109‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن  

له‌ هه‌ڵمه‌تێكدا كۆمه‌ڵێك چالاكوانى سنوورى خانه‌قین، ده‌ستیان به‌ واژۆ كۆكردنه‌وه‌ كردووه‌ بۆ جێبه‌جێكردنى مادده‌ى 140ى ده‌ستوورى عێراق و پێیانوایه‌ له‌و رێگه‌یه‌وه‌  رێگریى ده‌كه‌ن له‌وه‌ى خانه‌قین بكه‌وێته‌ ده‌ستى بێگانه‌ و به‌م كاره‌ ئارامى بۆ شاره‌كه‌یان ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌. 


وسام ئه‌حمه‌د چالاكوان و وته‌بێژى چالاكییه‌كه‌ به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: لیژنه‌ى  خۆشه‌ویستى و ئاشتى له‌ خانه‌قین له‌ رێگه‌ى كۆمه‌ڵێك چالاكوانى سنوورى ناوچه‌كه‌وه‌ هه‌ڵمه‌تێكی كۆكردنه‌وه‌ى واژۆیان راگه‌یاندووه‌ به‌ مه‌به‌ستى كاراكردن و جێبه‌جێكردنى مادده‌ى 140ى ده‌ستوور. 

وتیشى: "مه‌به‌ستمان له‌م هه‌ڵمه‌ته‌ رێگریكردنه‌ له‌وه‌ى خانه‌قین بكه‌وێته‌ ده‌ستى بێگانه‌، چونكه‌ خانه‌قین شارێكى كوردستانییه‌و هه‌ر به‌ كوردستانى ده‌مێنێته‌وه‌ و به‌جێبه‌جێكردنى مادده‌ى 140 ده‌توانین ئارامى و سه‌قامگیریى بگه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ سنووره‌كه‌ و پرسه‌ نیشتیمانى و نه‌ته‌وایه‌تییه‌كه‌یان چاره‌سه‌ر بكرێن".

وسام وتى: "هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ بۆ ماوه‌ى 15 رۆژ به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌مانه‌وێت فشار دروست بكه‌ین، هه‌ربۆیه‌ داوا له‌ هاووڵاتیانى خانه‌قین ده‌كه‌ین به‌شداریى چڕوپڕى ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ بكه‌ن و دواى ته‌واوبوونى ئه‌و ماوه‌یه‌ ئه‌نجامه‌كه‌ى راده‌ستى حكومه‌تى ناوه‌ندى و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌كه‌ین". 


له‌ دواى رووداوه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌رى 2017ه‌وه،‌ خانه‌قین كه‌وتووه‌ته‌ ده‌ستى هێزه‌ عێراقییه‌كان و حه‌شدى شه‌عبى، له‌وكاته‌وه‌ زیاتر له‌ 120 كرده‌وه‌ى تیرۆریستى ئه‌نجامدراون كه‌ بارودۆخى ئه‌منیى ناوچه‌ى ئاڵۆزكردووه‌.

پ: ل. م



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure