له‌ 6 مانگدا زیاتر له‌ یه‌ك ملیۆن سه‌رپێچى هاتووچۆ له‌ هه‌رێم كراوە

هەواڵ / کوردستان :: 18/07/2019‌ :: 264‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

بەپێی ئامارێکی هاتوچۆى هه‌رێم له‌ شه‌ش مانگى ئه‌مساڵدا یه‌ك ملیۆن سه‌رپێچى له‌ پارێزگاكانى هه‌رێم تۆماركراوه‌ و په‌رله‌مانتارێكیش ده‌ڵێت: "داهاتى ساڵانه‌ى هاتوچۆى هه‌رێم 300 ملیار دیناره‌، به‌ڵام نه‌خراوه‌ته‌ خزمه‌ت چاككردنى رێگاوبانه‌كانه‌وه‌".


به‌پێى ئامارێكى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى هاتووچۆى هه‌رێم، كه‌ وێنه‌یه‌كى لاى دواڕۆژه‌، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر لە ملیۆنێک سەرپێچی لەلایەن شۆفێرانی هەرێمی کوردستانەوە ئەنجامدراون و سەرپێچییەکانیش بەراورد بە شەش مانگی یەکەمی ساڵی رابوردوو زیادیکردووە.

دابان محه‌مه‌د، ئه‌ندام په‌رله‌مانى كوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: کۆی داهاتی هاتوچۆی هه‌رێمی کوردستان ساڵانه‌ زیاتر له‌ 300 ملیار دیناره‌ و بڕیاره‌ له‌ چوارچێوه‌ی پرۆسه‌ی چاکسازى، یاسای چاکسازی دەربکرێت و جێیه‌جێی بکرێت، کاریش بۆ دروستکردن و چالاککردنی سندوقی چاککردنی رێگاوبانه‌کانى هه‌رێم ده‌که‌ین.

وتیشى: "ئه‌گه‌ر ئه‌م پاره‌یە بخرێته‌ خزمه‌تی رێگاوبان، ئه‌وا خزمه‌تێکی گرنگه‌ و له‌گه‌ڵ دروستکردنی چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌کی دیکه‌ی داهات بۆ ئه‌م سندوقه‌، ده‌تواندرێت خزمه‌تێکی گه‌وره‌ بکرێت به‌ هاووڵاتیانى هه‌رێم و رێگه‌ش بگیرێت له‌ روودانى كاره‌ساتى هاتوچۆ".

پ: ن.ر
بڵاوكردنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure