وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ داوایه‌ك له‌ به‌رگرى عێراق ده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 18/07/2019‌ :: 587‌ جار بینراوە

تاگ :: پێشمەرگە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ داوا له‌ وه‌زاره‌تى به‌رگرى عێراق ده‌كات، نوێنه‌رایه‌تى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ له‌ وه‌زاره‌تى به‌رگرى بگه‌ڕێنێته‌وه‌ سه‌ر كاره‌كانیان، بەڵام تائێستا وەڵام نەدراونەتەوە.


له‌ 15ى كانوونى دووه‌مى 2018، وه‌زاره‌تى به‌رگرى عێراق بڕیاریدا به‌ دوورخستنه‌وه‌ى نوێنه‌رانى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ له‌ وه‌زاره‌تى به‌رگرى عێراق، كه‌ سێ به‌رپرس بوون به‌ پله‌كانى (لیوا و عه‌مید و موقه‌ده‌م)ى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌.

له‌باره‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ى نوێنه‌رانى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌، لیوا قاره‌مان شێخ كه‌مال جێگرى سوپاسالارى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ به‌دواڕۆژى راگه‌یاند: له‌ دواین كۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى به‌رگرى عێراق داوامانكرد كه‌ نوێنه‌رانى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ بگه‌ڕێننه‌وه‌، به‌ڵام هیچ وه‌ڵامێكى فەرمیمان پێنه‌گه‌یشتووه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌یان.

له‌باره‌ى به‌رده‌وامیى نوێنه‌رانى وه‌زاره‌تى به‌رگرى له‌ هه‌رێم كه‌ ژماره‌یان حه‌وت پله‌داره‌، لیوا قاره‌مان وتى: "نوێنه‌رایه‌تى وه‌زاره‌تى به‌رگرى له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ به‌رده‌وامن، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كى ئاره‌زوومه‌ندانه‌ ژماره‌یان كه‌مكراوه‌ته‌وه‌".

له‌كاتى دوورخستنه‌وه‌ى نوێنه‌رایه‌تى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ له‌ به‌غداوه‌، وابڵاوكرایه‌وه‌ كه‌ دوورخستنه‌وه‌كه‌ په‌یوه‌ندى به‌ ریفراندۆمه‌وه‌ هه‌بووه‌، به‌ڵام لیوا قاره‌مان ره‌تیكرده‌وە دوورخستنه‌وه‌یان په‌یوه‌ندى به‌ ریفراندۆمه‌وه‌ هه‌بووبێت.

پ: ن.ر
بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure