بۆچى عێراق نابێته‌ ئه‌ندامى دادگای تاوانی نێودەوڵەتی؟

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 18/07/2019‌ :: 298‌ جار بینراوە

تاگ :: عێراق

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

عێراق نایەوێت ببێتە ئەندامی دادگای تاوانى نێودەوڵەتی، بە وتەی پەرلەمانتارێك هۆكارەكەی ئەوەیە كه‌ عێراق و هەندێك وڵاتی دیكە نایانەوێت سازش لە بەشێك لە سەروەریی وڵاتەكانیان بكه‌ن.


چالاكوانانی مەدەنیی قوربانیانی جینۆسایدیش داوا لەحكومەتی هەرێمى كوردستان دەكەن فشاری زیاتر بخاتەسەر بەغدا بۆ ئەوەی ببێتە ئەندامی ئەو دادگایە. هاوكات وەزارەتی كاروبارى شەهیدان و ئه‌نفالكراوان-یش دەڵێت: "پاڵپشت دەبن بۆ ئەوەی عێراق ببێتە ئەندامی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی".
 
17ی تەمموز رۆژی دادپەروەریی جیهانیی تایبەت بەو وڵاتانە بوو كه‌ قوربانی دەستی جینۆسایدن، دادگای تاوانی نێودەوڵەتی هۆكارێكی گرنگە بۆ رێگرتن لە ئەنجامدانی تاوانی جینۆساید و تاوانى دژ بەمرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ و تاوانی دوژمنكاری و بە دادگایی گەیاندنی بكەرانی و رزگارنەبوونیان لە سزادان.

تۆڕی هاوپەیمانی رێكخراوە كوردستانییەكان كه‌ لە 375 رێكخراو پێكهاتوون، چەندین چالاكییان لە چەند ناوچەیەكی كوردستان سازكرد و داوای بەسزاگەیاندنی تۆمەتبارانی ئەنفال و جینۆساید دەكەن.

عەلی مەحمود، رێكخەری تۆڕی هاوپەیمانی رێكخراوە كوردستانییەكان، بە دواڕۆژی وت: "لەمڕۆژەدا داواكارین حكومەتی هەرێمی كوردستان فشار بخاتە سەر حكومەتی ناوەندی بۆ ئەوەی پەیماننامەی رۆما واژۆ بكات و ببێتە ئەندامی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی نیازپاكیی خۆی لەڕێگای بەئەندامبوونییەوە لە دادگاكە، بۆ پێكهاتەكانی وڵات رابگەیەنێت دژ بە دووبارەبوونەوەی تاوانەكانی رابوردووە كە بەسەر گەلی كورد هاتووە. داوایش لە دەسەڵاتدارانی كورد دەكەین داواكاریی بەئەندامبوونی عێراق لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بكەنە یەكێك لە داواكارییەكانی خەڵكی كوردستان لە دانوساندنەكانیان لەگەڵ حكومەتی ناوەندی بەغدا و سازشی لەسەر نەكەن".

عه‌لى مه‌حمود وتيشى: "داوایەكی دیكەمان ئه‌وه‌یه‌ كە حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەو تۆمەتبارانەی هاووڵاتی كوردستانن و تاوانی گەورەی نێودەوڵەتییان ئەنجامداوە یان بەشدارییان تێیدا كردووە، دادگایی بكات و ناویان بداتە پۆلیسی ئینتەرپول بۆ دەستگیركردنی هەڵاتووەكانیان له‌وانه‌ 258 تۆمەتباری ئەنفال و قەرەبووی كەسوكاریشیان بكەنەوە".

هاوكات فوئاد عوسمان، وتەبێژی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، جەختكردنه‌وه‌ى وەزارەتەكەیانی بۆ ئەندامبوونی عێراق لەو دادگایە دووپاتكردەوە و بەدواڕۆژی وت: "یەكێك لەو گرفتانەی رووبەڕوومان بووه‌تەوە بۆ جووڵاندنی كەیسی جینۆسایدی گەلی كورد بەتایبەتیش جینۆسایدی ئێزیدییەكان، پابەندنەبوونی عێراقە بەو دادگایە. بەلامانەوە گرنگە عێراق لەو دادگایە ئەندام بێت بۆ ئەوەی جارێكی دیكە پرسی جینۆساید دووبارە نەبێتەوە، لەهەوڵیشداین تا عێراق ببێتە ئەندام، لەو رووەوە پاڵپشت دەبین".

عێراق یەكێكە لەو وڵاتانەی هەمیشە مەیدانی شەڕی ناوخۆیی و یەكلاییكردنەوەی شەڕە دەرەكییەكان بووە، رژێمی بەعس لە ساڵانی هەشتاكان شاری هەڵەبجەى كیمیابارن كرد و پێنج هه‌زار كەسی كردە قوربانی، هەروەها شاڵاوه‌كانی ئەنفالی دژی كورد ئەنجامداوه‌ كه‌ 182 هه‌زار مرۆڤى تێدا بوونه‌ قوربانى.

رێبوار هادی، ئه‌ندامى لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق بۆ دواڕۆژ وتى: "ئەندامنەبوونی عێراق لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی هۆكارێكی سەرەكی سیاسییە، تا ئەمدواییەش بەهۆی كێشەی چەكدارانی داعش زۆر هەوڵدراوە ببێتە ئەندامی ئەو دادگایە، بەڵام ئەوەیان پەیوەستە بە مەسەلەی سەروەریی عێراق و واى لێكدەداتەوە سەروەریی وڵات رادەستی وڵاتێكی دیكە ناكەن. به‌ڵام مەسەلەكە سیاسییە و پێیانوایە لێپرسینەوە لە خەڵكی عێراقی بەپێی دەستور مافی دادگاكانی عێراقە، هەندێك وڵاتی دیكەش نایانەوێت سازش لەسەر كەمێك لە سەروەریی خۆیان بكەن و ببنە ئەندامی ئەو دادگایە".

دیاریترین ئەو تاوانەی به‌مدواییه‌ لە عێراق روویدا ساڵی 2014 بوو، كاتێك رێكخراوی داعش چەندین ناوچەی داگیركرد، بەتایبەتیش لە ناوچەی شەنگال كە هەزاران هاووڵاتیى ئێزدیی كوشت و نزیكەی سێ هەزار ئافرەتیشی رفاند كە تائێستاش چارەنووسی سەدانیان نادیارە.

رێبوار هادی روونیكردەوە: "تا ئەمدواییەش بۆ دادگاییكردنی چەكدارانی داعش بیرۆكەیەك خرابووه‌ڕوو بۆ ئه‌وه‌ى رەوانەی دادگای تاوانى نێودەوڵەتی بكرێن، بەڵام پڕۆژە یاسایەكی دیكەش پێشكەشكرا كە یاسایەكی تایبەتییان لە عێراق بۆ دەربكرێت". 

ماددەی 95 لە دەستووری هەمیشەیی عێراق رێگە بە دروستبوونی دادگای ئیستیسنائی و دادگای تایبەت نادات، بەڵام بۆ دادگاییكردنی سەدام حسێن، سەرۆكی پێشووی عێراق پشت بەماددەی 135ی دەستور بەسترا كە دادگایەكی تایبەت بوو. پەرلەمانتارەكەی عێراق ده‌ڵێت:"دەیانەوێت بەپێچەوانەی ماددەی 95 دادگایەكی تایبەت دروست بكەن بۆ دادگاییكردنی تیرۆریستانی داعش".

پ: ل. م



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure