گه‌نجان نێرگه‌له‌ و جگه‌ره‌ى ئه‌لیكترۆنیان كردووه‌ته‌ به‌دیلى نێرگه‌له‌ى كافتریاكان

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 17/07/2019‌ :: 272‌ جار بینراوە

تاگ :: ڕاپۆرت

دواڕۆژ، سامان قوبادى

جگه‌ره‌ و نێرگه‌له‌ى ئه‌لیكترۆنى، ئه‌و دوو ئامێره‌ى گه‌نجان به‌شێوه‌یه‌كى به‌رچاو روویان تێكردووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى قه‌ده‌غه‌ى كردووه‌، به‌ڵام به‌ئاشكرا له‌ ناو بازاڕه‌كانى هه‌رێم ده‌فرۆشرێت، سه‌ره‌ڕاى زیانه‌ ته‌ندروستییه‌كانى. 


ڤه‌یپ ئامێرێكى ئه‌لیكترۆنیى گه‌یاندنى نیكۆتین-ه‌، شله‌ گه‌رم ده‌كات تا ده‌بێت به‌ هه‌ڵم بۆ كێشان، چه‌ند جۆرێكیش شله‌ى ئه‌لیكترۆنى هه‌یه‌ له‌وانه‌ گلیسیرینى رووه‌كى، پسپۆڕان جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ نیكۆتین له‌ناو ئامێرى ڤه‌یپدا ناسووتێت، به‌ڵام زیانى ته‌ندروستیى زۆرى هه‌یه‌ به‌ تایبه‌ت بۆ سییه‌كان. باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، گلایكۆله‌كان، كه‌ ماده‌ى دژه‌به‌ستنن، له‌گه‌ڵ نایترۆئه‌مینه‌كان هۆكارن بۆ تووشبوون به‌ شێرپه‌نجه‌، هه‌ره‌ها قوڕقوشم و كاربۆنیله‌كانى تێدایه‌ كه‌ ماده‌ى ژه‌هراوین، به‌ نموونه‌ رێژه‌ى فۆرمه‌لدیها، كه‌ ژه‌هراوییه‌، له‌ یه‌ك ڤه‌یپ-دا 15 جار له‌ جگه‌ره‌ى ئاسایى زیاتره‌.

جگه‌ره‌ و نێرگه‌له‌ى كاره‌بایى چه‌ندین جۆرى هه‌یه‌، له‌ چه‌ند شوێنێكى ناوبازاڕى سلێمانى به‌تایبه‌ت بازاڕى جگه‌ره‌كه‌ و نزیك له‌ مزگه‌وتى گه‌وره‌ به‌ ئاشكرا ده‌فرۆشرێت. ئه‌میر ئه‌حمه‌د كه‌ له‌ بازاڕى جگه‌ره‌كه‌ى سلێمانى جگه‌ له‌ فرۆشتنى جگه‌ره‌ نێرگه‌له‌ و جگه‌ره‌ى ئه‌لیكترۆنییش ده‌فرۆشێت، بۆ دواڕۆژ وتى:"به‌شێكى زۆرى ڤه‌یپه‌كان له‌ توركیا و چین-ه‌وه‌ ده‌هێنرێنه‌ هه‌رێمى كوردستان، نرخه‌كانیشیان له‌ 20 هه‌زار دیناره‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات تا 115 هه‌زار دینار كه‌ به‌پێى جۆره‌كه‌ى ده‌گۆڕێت، به‌ڵام پێویستیان به‌ توتن و به‌ شه‌حنكردنه‌وه‌ هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى كارى پێ بكرێت". 

هه‌رچه‌نده‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى ته‌ندروستییه‌وه‌ قه‌ده‌غه‌ى هێنان و فرۆشتنى كراوه‌، به‌ڵام لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان هاوكار نه‌بوون بۆ جێبه‌جێكردنى ئه‌م بڕیاره‌، به‌ڵكو بازرگانى پێوه‌كردنى تادێت گه‌رمتر ده‌بێت، به‌وپێیه‌ى به‌كارهێنانى روو له‌ زیادبوون ده‌كات و قازانجى دارایى خه‌یاڵى هه‌یه‌. 
دكتۆر خاڵس قادر وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند"بازرگانى پێوه‌كردن و فرۆشتنى نێرگه‌له‌ و جگه‌ره‌ى ئه‌لیكترۆنى له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى ته‌ندروستییه‌وه‌ قه‌ده‌غه‌كراوه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى نووسراوى ره‌سمیى ده‌ركردووه‌، به‌ڵام جێبه‌جێكردنه‌كه‌ى په‌یوه‌سته‌ به‌ كوالێتى كۆنتڕۆڵ و وه‌زاره‌تى پلاندانان-ه‌وه‌، ئه‌وان رێگه‌ى پێده‌ده‌ن بهێنرێته‌ هه‌رێمى كوردستان".
 
وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى هه‌رێم وتی:"پێویسته‌ پێداچوونه‌وه‌ هه‌بێت و رێكار بگیرێته‌به‌ر بۆ ئه‌وه‌ى رێگه‌ نه‌درێت بازرگانى پێوه‌ بكرێت و بفرۆشرێت له‌ بازاڕه‌كاندا، چونكه‌ زیانێكى گه‌وره‌ى ته‌ندروستى ده‌گه‌یه‌نێت به‌و كه‌سه‌ى به‌كارى ده‌هێنێت".

"خواستى باشى له‌سه‌ره‌، رۆژانه‌ نزیكه‌ى 10 دانه‌ى جۆراوجۆرى لێ ده‌فرۆشین، ئه‌وانه‌شى دێن بۆ كڕێنى گه‌نجن له‌ ته‌مه‌نى 20 ساڵییه‌وه‌ تا سه‌روو 35 ساڵن" ئه‌مه‌ وته‌ى ئازاد حه‌سه‌ن-ه‌ كه‌ له‌سه‌رووى مزگه‌وتى گه‌وره‌ى سلێمانى نێرگه‌له‌ و جگه‌ره‌ى ئه‌لیكترۆنى ده‌فرۆشێت، به‌شى پێشه‌وه‌ى دوكانه‌كه‌ى بۆ خستنه‌ڕووى نوێترین ئه‌و ئامێره‌ ئه‌لیكترۆنیانه‌ ته‌رخانكردووه‌ و ده‌ڵێت:"ئێمه‌ له‌و بازرگانانه‌ ده‌یكڕین كه‌ به‌فه‌رمى له‌ڕێگه‌ى ده‌روازه‌كانه‌وه‌ ده‌یهێننه‌ هه‌رێم، تائێستاش هیچ لایه‌نێك نه‌هاتووه‌ پێمان بڵێت فرۆشتنى قه‌ده‌غه‌یه‌".

به‌پێى به‌دواداچوونه‌كان له‌ناو ئه‌و گه‌نجانى به‌كارى ده‌هێنن، زانراوه‌ رووكردنه‌ كڕین و كێشانى ڤه‌یپ له‌لایه‌ن گه‌نجانه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ رێژه‌ زۆره‌ى بێكارى،  ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى به‌شێك له‌ گه‌نجان توانایان نییه‌ هه‌موو شه‌وێك بڕه‌ پاره‌یه‌ك بده‌ن به‌ نێرگه‌له‌ و بچنه‌ كافتریا.

گه‌نجێكى ته‌مه‌ن سه‌روو 20 ساڵ نموونه‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ بوو كه‌ له‌ ماوه‌ى رابوردوودا له‌ كه‌ركوك به‌هۆى (ته‌قینى ڤه‌یپ)ه‌وه‌، به‌شێكى زۆرى رووخسارى تووشى تێكچوون و سووتان بووه‌.
 

پ: ل.م

 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure