بۆچی ستەم لە فاروقی مەلا مستەفا بکەین؟

هەواڵ / کوردستانی :: 18/07/2019‌ :: 3595‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

ئه‌وه‌ى سه‌ره‌وه‌ ناونیشانى وتارێكه‌ كه‌ له‌لایه‌ن (محەمەد ئەحمەد پاشا) نوسراوه‌ و له‌ ژماره‌ (400)ى گۆڤارى لڤین بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.


ئه‌و نوسه‌ره‌ ده‌ڵێت: کەس هەیە نەزانێت هەردوو تاوەری بازرگانیی لەشاری نیۆیۆرکی ئەمریکا هێما و سیمبولی سیاسیی و بازرگانیی و شارستانیی ئەمریکا و جیهانن؟ ئەم دوو تاوەرە زادەی گەشەی شارستانی و بازرگانی و پیشەسازی و هۆشیاریی مرۆڤن ئەمریکییەکان پێش (11)ی سێپتەمبەریش هەروەک هێمای شانازیی لەم دوو تاوەرەیان روانیوە.

نوسیویشیه‌تى: "ماوەیەکە هەرایەکی گەورە لە سلێمانیی هەیە و پەنجەی تۆمەت ئاڕاستەی فاروقی مەلا مستەفا دەکرێت، بەوەی لەکاتی نۆژەنکردنەوەی دیواری راگری گردی محافیز، لەپاڵ هێما کەلتورییەکانی تردا وێنەی هۆتێلی گراند میلینیۆمی کێشاوە. گوایە ئەم هۆتێلە شوێنێکی بازرگانیی و بەشێک نییە لە سیمبولە گەشەکردووەکانی شار! بەڵام وەک پێشتر گوتمان هیچ شارێک تەنها بە کەسایەتییە کەلتووری و سیاسیی و ئەدەبییەکانی ناناسرێتەوە، بەڵکو شار یەکەیەکی پێکەوەگرێدراوە لەرووی مادیی و کەلتوورییەوە".

ئه‌و نوسه‌ره‌ رونیشیده‌كاته‌وه‌: "دەبێت ددان بەو راستییەدا بنێین، کە فاروقی مەلا مستەفا لە بنەماڵەیەک هاتووەتە دەرەوە، کە پێکهێنەرێکی سەرەکی ئەو کۆڵەکە کەلتوورییەن، کە سلێمانیی پێدەناسرێتەوە".

جه‌ختیشده‌كاته‌وه‌: "دانانی وێنەی هۆتێلێک، کە خاوەنەکەی تەواوی مێژوو بوون و بیرکردنەوەی لەناو کەلتووری کوردیدا بێت، کارێکی ناتەندرووست نییە، چوونکە باکگراوەندە قووڵەکەی ئەو هەرگیز رێگە بەوە نادات، کە وێنای شار تەنها لەسەر پایەی مادیی و هۆتێل بینابکات".

ده‌قى وتاره‌كه‌:

بۆچی ستەم لە فاروقی مەلا مستەفا بکەین؟
کەس هەیە نەزانێت هەردوو تاوەری بازرگانیی لەشاری نیۆیۆرکی ئەمریکا هێماو سیمبولی سیاسیی و بازرگانیی و شارستانیی ئەمریکا و جیهانن؟ ئەم دوو تاوەرە زادەی گەشەی شارستانی و بازرگانی و پیشەسازی و هۆشیاریی مرۆڤن ئەمریکییەکان پێش (11)ی سێپتەمبەریش هەروەک هێمای شانازیی لەم دوو تاوەرەیان روانیوە، لەپاڵ هەموو ئەو هێما کەلتووری و مێژوویی و ئاینیی و سیاسیانەی ئەمریکییەکان شانازییان پێوە دەکەن. هەرکەسێک شارەزایی لە بواری زانستی کۆمەڵناسیدا هەبێت، لەوە تێدەگات، کە گەشەی کۆمەڵگا لەسەر هەردوو پایەی گەشەی کەلتووری و گەشەی مادیی وەستاوە، واتە هیچ لایەکیان بێ ئەوی تر ناتوانێت گەشە بە بارودۆخی کۆمەڵگایەکی دیاریکراو بدات.

ماوەیەکە هەرایەکی گەورە لە سلێمانیی هەیە و پەنجەی تۆمەت ئاڕاستەی فاروقی مەلا مستەفا دەکرێت، بەوەی لەکاتی نۆژەنکردنەوەی دیواری راگری گردی محافیز، لەپاڵ هێما کەلتورییەکانی تردا وێنەی هۆتێلی گراند میلینیۆمی کێشاوە. گوایە ئەم هۆتێلە شوێنێکی بازرگانیی و بەشێک نییە لە سیمبولە گەشەکردووەکانی شار! بەڵام وەک پێشتر گوتمان هیچ شارێک تەنها بە کەسایەتییە کەلتووری و سیاسیی و ئەدەبییەکانی ناناسرێتەوە، بەڵکو شار یەکەیەکی پێکەوەگرێدراوە لەرووی مادیی و کەلتوورییەوە.

لەوە تێدەگەین، کە سلێمانیی خاوەنی چەندین رەمزی گەورەن، کە بۆ ئێمەی کورد هاوتای کەسانی وەک شکسپیر و ڤۆڵتێر و ئەبراهام لینکۆڵن، وەک نالیی و سالم و پیرەمێرد و ئەمین زەکیی و بێکەس و شێخ مەحمود و هتد. بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا دەبێت ددان بەو راستییەدا بنێین، کە فاروقی مەلا مستەفا لە بنەماڵەیەک هاتووەتە دەرەوە، کە پێکهێنەرێکی سەرەکی ئەو کۆڵەکە کەلتوورییەن، کە سلێمانیی پێدەناسرێتەوە. بۆ نموونە دەمەوێت ئاماژە بۆ ئەوە بکەم کە ئەگەر مەلا مستەفای سەفوەتی دێلێژە نەبووایە، ئایا فەقێ و خوێندەوارەکانی کورد لە حوجرەدا لە گوڵستان و بوستانی شیرازیی تێدەگەیشتن؟ ئەگەر دکتۆر عیزەدین مستەفا رەسوول نەبووایە، ئایا کوردانی باشوور دەیانزانی ئەحمەدی خانیی لە مەم و زیندا چۆن وێنای کۆمەڵگای سەردەمی خۆی کردووەو چۆن ویستوویەتی مرۆڤێکی ئیمانداری خواناس فێری ئەوە بکات فەلسەفە و سیاسەت و ئەدەب و دەوڵەتداری بەیەکەوە فێرببێت؟ تەنانەت ئەگەر باس لە خودی خۆیشی بکرێت، ئەزموونی ئەو وەکو ملیاردێرێکی سووری خاوەن باکگراوەندێکی چەپ چۆن بەشێکی سەرەکی بووە لە ئاشناکردنی کۆمەڵگای ئێمە بە دنیای تەکنەلۆژیاو پێشکەوتنی خۆرئاوا؟ ئەو یەکهەمین کەس بووە توانی تۆڕی مۆبایل بهێنێتە کوردستان و عێراقەوە و بۆ یەکهەمین جار کورد لە یەکێک لە بوارەکانی تەکنەلۆژیادا نەبێتە شوێنەکەوتەی عەرەب لە عێراقدا.

بەپێی ئەو تێڕوانینەی پێشوو، دانانی وێنەی هۆتێلێک، کە خاوەنەکەی تەواوی مێژوو بوون و بیرکردنەوەی لەناو کەلتووری کوردیدا بێت، کارێکی ناتەندرووست نییە، چوونکە باکگراوەندە قووڵەکەی ئەو هەرگیز رێگە بەوە نادات، کە وێنای شار تەنها لەسەر پایەی مادیی و هۆتێل بینابکات. بۆ ئەوێک، کە لەنێو کتێبە زەردەکانی حوجرەوە هاتبێتەدەر، زۆرباش لەوە تێدەگات پیرەمێرد کێیە و رۆژنامەی ژیان چییە و گۆڤاری گەلاوێژ کێ دەری کردووە و مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد و رەفیق حیلمیی لە بزوتنەوەی رزگاریخوازی کورددا چ رۆڵێکیان گێڕاوە! هەروەها ئەگەر بەراوردی کارە بازرگانییەکانی ئەو لەگەڵ سەرمایەدارەکانی تردا بکەین، بەئاسانیی لەوە تێدەگەین، کە ئەو سەرمایەدارێکی خاوەن رۆشنبییرییە و بەباشیش دەزانێت چ پەیوەندییەک لەنێوان دنیای کتێب و دنیای پارەو بازرگانیدا هەیە! بەم پێودانگانە بێت، ئەو هەرایەی بەرانبەر بە فاروقی مەلا مستەفا کرا، ستەمێکی گەورە بوو، بەشێکیشی پەیوەندی بەو ململانێ سیاسی و بازرگانییەوە هەیە، کە لە ئەمڕۆی هەرێمی کوردستاندا بەڕێوەدەچێت.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure