زانیارى نوێ له‌باره‌ى هێرشه‌كه‌ى ئه‌مڕۆى هه‌ولێر

هەواڵ / کوردستان :: 17/07/2019‌ :: 6850‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی

له‌ چێشخانه‌یه‌كى هه‌ولێر هێرشكرایه‌سه‌ر تیمێكى سه‌ر به‌ كونسوڵخانه‌ى توركیا و به‌هۆیه‌وه‌ جێگرى كونسوڵى توركیا كوژرا، دواڕۆژ زانیارى نوێ له‌باره‌ى شێوازى هێرشه‌كه‌ و چاره‌نوسی هێرشبه‌ره‌كان بڵاوده‌كاته‌وه‌. 


سه‌رچاوه‌یه‌كى ئه‌منى به‌رپرس له‌ هه‌ولێر، كه‌ له‌به‌ر هه‌ستیارى پرسه‌كه‌ نه‌یویست ناوى بڵاوبكرێته‌وه‌، (ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 17ى ته‌مموزى 2019) به‌ دواڕۆژى وت: "له‌و هێرشه‌دا سێ كه‌س كوژراون و كه‌سێكى تریش برینداره‌".

وتیشى: "ئه‌و تیمه‌ى كونسوڵخانه‌ى توركیا كاتێك چونه‌ته‌ چێشتخانه‌یه‌كه‌وه‌ دوو كه‌سی تر له‌سه‌ر مێزێكى ترى چێشتخانه‌كه‌ دانیشتوون و دواى كه‌مێك یه‌كێكیان به‌ ده‌مانچه‌ هێرشی كردووه‌ته‌سه‌ر ئه‌و تیمه‌ى كونسوڵخانه‌".

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا كه‌ ئه‌و دوو كه‌سه‌ ده‌ستگیرنه‌كراون ‌و هه‌ڵاتوون و سه‌رجه‌م بازگه‌كانى هه‌ولێر داخراون بۆ دۆزینه‌وه‌یان له‌رێگه‌ى كامێراى چاودێرییه‌وه‌.

پاش نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ رووداوێكى ته‌قه‌كردن له‌ هه‌ولێر روویدا.

پێشتر په‌یامنێرمان له‌ هه‌ولێر پێى راگه‌یاندین: به‌پێى زانیارییه‌كان هێرشێكى چه‌كدارى كراوه‌ته‌سه‌ر تيمێكى كونسوڵخانه‌ى توركیا و له‌ ئاكامى ئه‌و هێرشه‌شدا جێگرى كونسوڵ كوژراوه‌ و باسیش له‌ برینداربوون یان كوژرانى ژماره‌یه‌كى تر له‌ یاوه‌رانیان ده‌كرێت.

دوابه‌دواى رووداوه‌كه‌ش هێزه‌ ئه‌منییه‌كان گه‌یشتوونه‌ته‌ شوێنه‌كه‌ و گه‌مارۆى ناوچه‌كه‌یان ده‌ستپێكردووه‌.

په‌یامنێرمان وتیشى: هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ناهێڵن میدیاكاران بگه‌نه‌ ناوچه‌كه‌.

لاى خۆیه‌وه‌ عه‌بدولخالق ته‌لعه‌ت، به‌ڕێوه‌به‌رى پۆلیسى هه‌ولێر به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: زانیارییان له‌باره‌ى رووداوه‌كه‌وه‌ نییه‌.

هاوكات رائید فه‌خره‌دین كه‌ریم، به‌ڕێوه‌به‌رى پۆلیسی عه‌نكاوه‌ له‌ هه‌ولێر به‌ دواڕۆژى وت: "روداوى ته‌قه‌كردنه‌كه‌ له‌ ناو هه‌ولێردا بووه‌ و ته‌قه‌ له‌ كونسوڵى توركیا كراوه‌".

پێداچونه‌وه‌: هـ. ق
بڵاوكردنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure