پەکەکە هەڵوێستی خۆی لەبارەی رووداوەکەی هەولێر راگه‌یاند

هەواڵ / کوردستان :: 17/07/2019‌ :: 23506‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاکۆ حەمەد رابی 

بەرپرسێكى باڵاى سه‌ربازى په‌كه‌كه‌ لەسەر رووداوەکەی هەولێر رایده‌گه‌یه‌نێت: ئاگاداری رووداوی تەقەکردنەکە نین و هیچ پەیوەندییەکی بەوانەوە نییە.


دیار دەنیز، بەرپرسی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هه‌په‌گه‌) باڵی سەربازی پارتى كرێكارانى كوردستان (ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 17ى ته‌مموزى 2019) تایبەت بە دواڕۆژی راگەیاند: ئاگاداری رووداوی تەقەکردن، کوشتن و برینداربوونی کونسوڵ و بەرپرسانی کونسوڵخانەی تورکیا لە هەولێر نین.

وتیشی: "هیچ زانیارییەکمان لەبارەی رووداوەکەوە نیە و هیچ لێدوانێکیشمان نیە لەسەر رووداوەکە".

پاش نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ رووداوێكى ته‌قه‌كردن له‌ هه‌ولێر روویدا.

پێشتر په‌یامنێرمان له‌ هه‌ولێر پێى راگه‌یاندین: به‌پێى زانیارییه‌كان هێرشێكى چه‌كدارى كراوه‌ته‌سه‌ر تيمێكى كونسوڵخانه‌ى توركیا و له‌ ئاكامى ئه‌و هێرشه‌شدا جێگرى كونسوڵ كوژراوه‌ و باسیش له‌ برینداربوون يان كوژرانى ژماره‌یه‌كى تر له‌ یاوه‌رانیان ده‌كرێت.

دوابه‌دواى رووداوه‌كه‌ش هێزه‌ ئه‌منییه‌كان گه‌یشتوونه‌ته‌ شوێنه‌كه‌ و گه‌مارۆى ناوچه‌كه‌یان ده‌ستپێكردووه‌.

په‌یامنێرمان وتیشى: هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ناهێڵن میدیاكاران بگه‌نه‌ ناوچه‌كه‌.

لاى خۆیه‌وه‌ عه‌بدولخالق ته‌لعه‌ت، به‌ڕێوه‌به‌رى پۆلیسى هه‌ولێر به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: زانیارییان له‌باره‌ى رووداوه‌كه‌وه‌ نییه‌.

هاوكات رائید فه‌خره‌دین كه‌ریم، به‌ڕێوه‌به‌رى پۆلیسی عه‌نكاوه‌ له‌ هه‌ولێر به‌ دواڕۆژى وت: "روداوى ته‌قه‌كردنه‌كه‌ له‌ ناو هه‌ولێردا بووه‌ و ته‌قه‌ له‌ كونسوڵى توركیا كراوه‌".

داڕشتنەوە: ک. س
بڵاوكردنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure