هێلكە بەقاچاخ لە ئێرانەوە هاوردەی هەرێم دەكرێت

هەواڵ / ئابوری :: 17/07/2019‌ :: 132‌ جار بینراوە

تاگ :: ئابوری

دواڕۆژ، رێبین حەسەن

هاوردەكردنی هێلكە بەشێوەیەكی نایاسایی لەڕێگەی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخەوە بۆ هەرێمی كوردستان كاردانەوەی لێده‌كه‌وێته‌وه‌، په‌رلەمانتارێك رایده‌گه‌یه‌نێت: رۆژانە بڕێكی زۆر هێلكە هاوردەی هەرێم دەكرێت، بەرپرسی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ یش دەڵێت: "هەر هێلكەیەك هاوردەكرابێت، رەزامەندی وەزیری دارایی لەسەر وەرگیراوە و رەتیدەكاتەوە بەنایاسایی هێلكە هاوردە كرابێت".


عەلی حەمە ساڵح، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە په‌رلەمانی كوردستان بە دواڕۆژی راگەیاند: لەم ماوەیەدا لەلایەن چەند بەرپرسێكەوە بڕێكی زۆر هێلكە بەقاچاخ لەباشماخەوە هێنراونەتە هەرێم لەكاتێكدا لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە هاوردەكردنی هێلكە قەدەغە كراوە، بەڵام بەشێك لە بەرپرسەكان دەستیانداوەتە ئەو كارە، ئەوەش بەزەبری هێز و بە بەكارهێنانی دەسەڵاتیان.

وتیشى: "لەماوەی تەنیا دوو شەودا، 40 كۆنتێنەر هێلكە لە قاچاخ داخڵكراون، بۆ هەر كۆنتێنەرێكیش 9 ملیۆن دینار دراوە، ئێستاش كۆنتێنەر و هێلكەكان لە سلێمانی، لەلایەن هێزێكی ئەمنییەوە دەستیان بەسەردا گیراوە لەنزیك هوانە، به‌ڵام هەوڵێك هەیە بۆ ئازادكردنیان". 

هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه‌ لیوا مەریوان كەمال، سەرپەرشتیاری بەڕێوەبەرایەتی كۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ، بە دواڕۆژی راگەیاند: هاورده‌كردنى ئه‌و هێلكانه‌ دوورە لەراستیەوە، چونكە هەموو ئه‌و هێلكانه‌ى كه‌ هاورده‌كراون، به‌شێوه‌یه‌كى یاسایی و رێگەپێدراو هاورده‌كراون. ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌، رەزامەندی رێباز حەملان، وەزیری دارایی پێشوو هەیە و گومرگیان لێوەرگیراوە".

ناوبراو، روونیشیكردەوە: "ئەوەی لای ئێمە بەشێوەیەكی رەسمی رێگەی هاوردەكردنیان پێدراوە و نووسراوی یاساییان لەلامان هەیە، رەزامەندی 300 هەزار كارتۆن هێلكەیە بۆ ئەوەی بهێندرێنە هەرێمی كوردستان لە وڵاتی ئێرانەوە".

به‌وته‌ى بەرپرسەكەی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ "هاوردەكردنی هێلكەكان بەچەند قۆناغێك دەبێت، لە رۆژی 10ی مانگیشەوە تاوەكو ئەمڕۆ 31 كۆنتێنەر هێلكە لەلای ئێمە بەشێوەیەكی فەرمی رێگەی هاوردەكردنیان پێدراوە".

پ: ئا.ح



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure