داوا دەکرێت عێراق ببێتە ئەندامی دادگاى تاوانى نێوده‌وڵه‌تى

هەواڵ / کوردستان :: 18/07/2019‌ :: 101‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن 

به‌بۆنه‌ى رۆژى جیهانى دادپه‌روه‌رى و 21ه‌مین ساڵیادى دامه‌زراندنى دادگاى نێوده‌وڵه‌تى تاوانه‌كان، تۆڕى رێكخراوه‌كانى جینۆساید له‌ گه‌رمیان گردبوونه‌وه‌یه‌كیان ئه‌نجامدا و داوایان كرد عێراق ببێته‌ ئه‌ندام له‌و دادگایه‌. 


ئه‌حمه‌د مه‌جید، ئه‌ندامى تۆڕى رێكخراوه‌كانى جینۆساید به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: ئه‌مڕۆ  وه‌كو تۆڕى رێكخراوه‌كانى جینۆساید و چه‌ند تاقانه‌ و كه‌سوكارێكى ئه‌نفال لەسه‌ر مه‌زارى ئه‌نفالكراوان له‌ گوندى دێبنه‌ى سه‌ر به‌ ناحیه‌ى رزگارى له‌ كه‌لار گردبوونه‌وه‌یه‌كیان به‌ بۆنه‌ى رۆژى جیهانى دادپه‌روه‌رى و 21ه‌مین ساڵیادى دامه‌رزاندنى دادگاى تاوانى نێوده‌وڵه‌تى ئه‌نجامدا. 

وتیشى: "تۆڕه‌كه‌مان له‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراق پاڵپشتى 375 رێكخراوى بۆ دادگاى نێوده‌وڵه‌تى کۆکردووەتەوە بۆ ئه‌وه‌ى عێراق ببێته‌ ئه‌ندام له‌و دادگایه‌، چونكه‌ به‌ ئه‌ندامبوونى عێراق دوو سودى گرنگى هه‌یه‌، له‌ لایه‌ك چیتر جینۆساید به‌رامبەر گه‌له‌كه‌ى به‌ تایبه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئه‌نجامنادرێت و هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌شى ده‌ستیان له‌ تاوانه‌كاندا هه‌بووه‌ له‌ڕێگه‌ى ئه‌و دادگایه‌وه‌ دادگایی ده‌كرێن". 

باسى له‌وه‌شكرد: هیوادارن لایه‌نى حكومى و به‌ تایبه‌تى په‌رله‌مانى كوردستان و عێراق پاڵپشتییان بكه‌ن بۆ ئه‌و داواكارییه‌ و هه‌روه‌ها تاوانباران نه‌پارێزن و ڕووبه‌ڕووى دادگایان بكه‌نه‌وه‌، چونكه‌ عێراق له‌ ساڵى 2015 بوو به‌ ئه‌ندامى ئه‌و دادگایه‌، به‌ڵام دواى دوو هه‌فته‌ به‌ مه‌به‌ست لێى كشایه‌وه‌ ئه‌مه‌ش ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ى تاوانباران دادگایى نه‌كرێن.

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure